واتای «چیا» لە فەرهەنگی شێخانیدا:

چیا

چێ • کێو • شاخ • کەل • کۆ • ماهـ • کێف • کاو • بەن • بەنی • بانی • کۆدو • سەهەند • زەرد • کۆهـ • بەندەن • ڕاز • شکێر • داخ • کەژ • ما
– بارستەیەکی گەورە و بەرزی زەوییە و لە دەوروپشتی خۆی بەرزترە، لوتکەیەک یان زیاتری هەیە، ئەگەر چیای تری بە دەمەوە بێت ئەوە زنجیرە چیایە
– هەموو ئەو وشانەی لە دوای (چیا)وە هاتوون مانای چیا دەبەخشن، بەڵام لە ڕووی جۆری چیا و ناوەکانیش جیاوازی هەیە، وەک (بەن، بەنی) واتە زنجیرەی کێوان، (زەرد، ماهـ، شکێر، ما) واتە شاخی زۆر سەخت و بەردەلان، (بەندەن) واتە کێو تەلان
بەچەند کەژ و کێو و چیا و هەورازا هەڵگەڕاو [گەدا ل95]
ئەگەر نەوایە بەبۆنەی تۆوە، جا من چیم ئەکرد وەم کەژ و کۆوە [فۆلکلۆر]
گەڕاوم چۆم و نواڵە و میرگ و بژوێن بەماهـ و زەردی ئەستەم هەڵگەڕاوم [تاریک و ڕوون، ل191]
ئازیز ولاتمان زۆر جوانە، لەبەر نازی ئەو شاخانە، لەسەر دوندی چیای هەڵگورد [تاریک و ڕوون، ل193]
ئاوری بەردەدا لە بەندەن، گڕی خومپارە و بازووکا [تاریک و ڕوون، ل194]
– هەرچیایەک لوتکەک یان زیاتری هەیە و هەر لوتکەیەک ناوی تایبەتی خۆی هەیە، حەسارۆست لوتکەی هەڵگورد
– ناوی چیا، بریتییە لەو ناوانەی کە لە چیاکانی کوردستان نراون ئەو ناوانەش لە زۆر لاوە لە زۆر شت وەرگیراون، وەک، لە بەرزی چیا و خاسیەتی چیا و ڕەنگی چیا و سوود لێ وەرگرتن و سوود لێ وەرنەگرتن، وەک: چیای باڵاکێو واتە چیای بەرز، کێوی ڕەش واتە چیای ڕەش، چیای سپیلک واتە چیای سپی، چیای خێر واتە چیای بەسوود
– ناوی چیایەکە لەو ماددانە وەرگیراون کە لە ناو چیایەکە هەن، وەک: ئاسنەوان، ناوی چیایەکی لە پێنجوین ئاسنی تێدایە
– ناوی هەندێ چیا لە وەسفی شوێنی چیا وەرگیراوە، وەک: چیای سەری پردێ، سەرسەنگ، سەری ئامێدی
– هەندێ پەلەوەر یا گیانەوەر دەبێتە ناوی چیا، وەک: کونە کۆتر
– ناوی پیاوچاکان کە جێی نەزرگەی لەو چیایە بووە یان مەزاری بووەتە ناوی چیا، وەک: چیای پیرمەم، چیای شێخ ناسر، چیای هەیبەت سوڵتان
– ناوی دار دەبێتە ناوی چیا کە لە چیاکە ڕواوە، وەک: چیای ڕۆلک
– سوود لێ دیتن و سوود لێ نەدیتن: چیاخێرە، بێخێرە
– بەرزی، دەبێتە ناوی چیا وەک بالاکێو
– جێی ژیانی گیانەوەر دەبێتە ناوی چیا، وەک: کونە سەگ
فەرهەنگی شێخانی
بەرهەمی:
عەبدولوەهاب شێخانی
زمان:
کوردی بۆ کوردیی ناوەندی
ساڵی بڵاوبوونەوە:
2009