پێشەکیی ئامادەکار: من و ئەم فەرھەنگە

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
ڕەئووف ڕەهنموون
 10 خولەک  319 بینین

ھەر چەندە خەتی نووسەر زۆر خۆشە و پاش ماوەیەک مرۆڤ لەگەڵیدا ڕادێت و دەتوانێت بە ئاسانی بیخوێنێتەوە، بەڵام بەداخەوە فەرھەنگەکە - بە تایبەت چاپی دووەمی - باش ئۆفێست نەکراوە و زۆرجار وشەکان دەرنەکەوتوون یا زۆر کەمڕەنگن و ساغ کردنەوەیان کارێکی ئێجگار دژوارە و کاتێکی زۆر دەبات.

ھەربۆیە پاش ئەوەی فەرھەنگەکە لە لایەن ھاوکارانی «بڵاوگەی پڕتەوبەیان»ەوە پیتچن کرا و درایە دەستم ناچار بووم سەرلەنوێ پێشەکی فەرھەنگەکە تا سەرەتای پیتی ئەلف بە تەواوی بنووسمەوە و لەوە بەدواوە بەشە پیتچن‌کراوەکان لەگەڵ فەرھەنگە ئۆفێست‌کراوەکەدا کە بە خەتی نووسەر نووسرابوو بەراورد بکەم و پاش ئەرک و ڕەنجێکی زۆر و پەنابردنە بەر جێگەگەلی دیکەی فەرھەنگەکە کە وشە ھاوماناکانی تێدا دووپات کرابووەوە و ھەروەھا بە پشت‌بەستن بە فەرھەنگگەلی کوردی و فارسی و عەرەبی، دەستم بە ساغ کردنەوەی فەرھەنگەکە کرد.

نووسەری بەڕێز زۆر جار لە پەراوێزی فەرھەنگەکەدا ھەندێک وشە و ڕوون‌کردنەوەی خستووەتە سەر فەرھەنگەکە کە بەداخەوە لە کاتی بەرگ‌تێگرتن و ڕێکوپێک‌کردنی فەرھەنگەکەدا بە دەم تێغی بەرگ‌تێگرەوە ڕۆشتوون و بە زەحمەتێکی زۆر بەشی ھەرەزۆری ئەو وشانەم ڕاست کردووەتەوە.

ھەروەکوو ئاماژەی پێ‌کرا زۆر جار نووسەر نیشانەی « «َی بۆ وشە کوردیەکان دانەناوە کە دۆزینەوەی شێوەی دروستی دەربڕین و ڕێنووسی ئەو وشانەش کاتێکی زۆری بردووە.

ھەموو ئەو بزاوانەی کە نووسەر بۆ وشە عەرەبی و فارسیەکانی داناوە بە یارمەتی ھاوکارانی بەڕێزی پیتچن گوێزراوەتەوە بۆ ئەم چاپە نوێیە.

بە پێشنیاری جەنابی «عەبدولموئمین» بڕیاردرا بۆ ھەرکام لە وشەگەلی سەرەکی فەرھەنگەکە وشەیەکی ھاوواتا یا ڕوون‌کردنەوەیەک بە دیالێکتی سۆرانی (شێوە ئاخاوتنی سلێمانی و دەوروبەری) بخەمە سەر فەرھەنگەکە، کە پێشنیارێکی زۆر بەجێ و پێویست بوو، چونکە لە لایەکەوە نووسەر مانای ھەندێک لە وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەی بە کوردی نەنووسیوە و لە لایەکی دیکەشەوە شێوەئاخاوتنی ئەردەڵانی بەسەر فەرھەنگەکەدا زاڵە، جگە لەمانەش نووسەر زۆربەی ڕوون‌کردنەوەکانی خۆی سەبارەت بە وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکە بە زمانی فارسی نووسیوە کە وەرگێڕانی ئەو ڕوون‌کردنەوانە بۆ سەر زمانی کوردی کارێکی زۆر پێویست بوو، تەنانەت نووسەر بەشێک لە سەرەتای فەرھەنگەکەی بە زمانی فارسی نووسیوە کە ئەو بەشەیشم وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

دەتوانم بڵێم جاران ئەگەر خوێنەرێک لانی کەم زمانی فارسی نەزانیایە نەی‌دەتوانی سوودی تەواو لەم فەرھەنگە وەربگرێت، بەڵام لەم چاپە نوێیەدا خوێنەر تەنیا بە زانینی زمانی کوردی و دیالێکتی سۆرانی دەتوانێت سوود لەم فەرھەنگە وەربگرێت.

بێگومان خوێنەری بەڕێز دەزانێت کە دانانی وشەی ھاوواتا یا ڕوون‌کردنەوە بۆ ھەموو وشە سەرەکیەکانی ئەم فەرھەنگە چەندە کارێکی پشووسوارکەر و کات‌گیرە، زۆر جار بۆ ڕاست‌کردنەوەی ڕێنووسی وشەیەک و ماناکردنەوەی، چەندین کاتژمێر کاتم تەرخان کردووە و ئەم فەرھەنگ و ئەو فەرھەنگم کردووە.

ھەندێ جار ئەگەر لە دیالێکتی سۆرانیدا وشەی ھاوواتام دەست نەکەوتبێت، پەنام بردووەتە بەر دیالێکتەکانی دیکە، یا لانی‌کەم ڕوون‌کردنەوەیەکم لەسەر وشەکە نووسیوە و ھەندێ جاریش بە وەرگێڕانی ڕوون‌کردنەوەکەی نووسەر لە فارسیەوە بۆ کوردی وازم‌ھێناوە و ئەگەر وشە سەرەکیەکە زیاتر لە مانایەکی ھەڵگرتبێت ئاماژەم پێ‌کردووە، ھەروەھا ئەگەر ھەستم کردبێت وشەکە نامۆیە و ڕوون‌کردنەوەی پێویستە، وشە ھاوواتاکەم ڕوون‌کردووەتەوە، ھەندێ جاریش ھەندێ وشەم دەست کەوتووە کە لە فەرھەنگە کوردیەکاندا - بە تایبەتی فەرھەنگی ھەنبانە بۆرینەی مامۆستا ھەژاردا - تۆمار نەکراوە؛ کە ئەو وشانەشم لە فەرھەنگەکەدا گونجاندووە.

ھەموو وشە و ڕوون‌کردنەوەکانی خۆمم لە ناو دوو قولاپدا - [...] - داناوە ھەتا لەگەڵ دەقی فەرھەنگەکەدا تێکەڵ نەبێت و ھەر ڕوون‌کردنەوەیەکی نووسەریشم وەرگێڕابێتە سەر زمانی کوردی لەناو دوو کەوانەدا و لە نێوان دوو قولاپدا - [(...)] - دام‌ناوە، ھەتا خوێنەر بزانێت کە ئەم جۆرە وشە و ڕوون‌کردنەوانە، واتاکەی ھی نووسەرە و داڕشتنەکەی لە منەوەیە.

 

شایانی باسە کە لە ماناکردنەوەی وشەکاندا ھەوڵم داوە لە ڕووی مانا فارسی و عەرەبیەکانەوە بۆچوونی نووسەر لە بارەی وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەوە بەدەست‌بھێنم و مانایەک ھەڵبژێرم کە لەو بۆچوونەوە نزیک بێت با لەگەڵ بۆچوونی خۆیشمدا ناتەبا بێت.

ھەروەھا شایانی باسە کە نووسەری بەڕێز زۆرجار ڕوونکردنەوەی فارسی لە ڕیزی وشە کوردیەکاندا نووسیوە، یا نموونەی کوردی لە ڕیزی وشە فارسیەکاندا ھێناوەتەوە، کە ھەموو ئەو ڕوونکردنەوە و نموونەگەلە جیا کراونەتەوە و گوێزراونەتەوە بۆ شوێنی تایبەتی خۆیان.

ھەندێ جار بە پێی پێویست لە پەراوێزی فەرھەنگەکەدا ھەندێ ڕوون‌کردنەوەم نووسیوە و لە کۆتاییدا نیشانەی (ر.ر)م پێ زیاد کردووە ھەتا لەگەڵ پەراوێزەکانی نووسەردا تێکەڵ نەبێت.

ھەروەکوو پێشتریش ئاماژەی پێ‌ کرا بە یارمەتی ھاوکارانی پیتچن ھەوڵمان داوە بە پێی توانا بەشی ھەرەزۆری وردەکاریەکانی نووسەر بگوێزینەوە بۆ ناو ئەم چاپە نوێیە. ھەر بۆیە:

ئەگەر وشەیەک لە فەرھەنگەکەدا خەتی بە ژێردا کێشرابوو ئەوە وشەیەکی ڕەسەن نیە و لە زمانێکی دیکەوە وەرگیراوە.

ئەگەر وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکە خەتیان بە ژێردا کێشرابوو ئەوە لە عەرەبیەوە وەرگیراون و ئەگەر لە نێوان دوو سەرەڕمدا نووسرابوون - <...> - ئەو وشەیە ئەورووپاییە.

ئەگەر لە نێوان دوو وشەدا نیشانەی «،» دانرابوو ئەو دوو وشەیە پێکەوە ھاوواتان و ئەگەر نیشانەی «.» دانرابوو مانایان لە یەک جیاوازە. شایانی باسە منیش لە ڕوون‌کردنەوەکانی خۆمدا سوودم لەم دوو نیشانەیە وەرگرتووە.

ئەگەر وشەیەک نیشانەی زەنە (ــْـ)ی بە سەرەوە بوو ئەوە نیمچە بزاوی «i»ی لەگەڵدایە و پێویستە لە کاتی خوێندنەوەدا تۆزێک زمانی بۆ دابگیردرێت.

شایانی باسە ئەم نیشانە تەنیا بۆ ئەو وشانە دانراوە کە لەوانەیە بە ھۆی نامۆبوونەوە خوێنەر لە دەربڕینی وشەکەدا تووشی ھەڵە بکات.

ئەگەر پیتی «د» لە ناو وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەدا بەم شێوەیە نووسرابوو: «ڊ»، ئەوە پێویستە وەکوو پیتی «د» لە وشەی «قادر» و «نادر»دا بخوێنرێتەوە، کە لە «قایر» و «نایر»ەوە نزیکترە ھەتا قادر و نادر.

ھەر چەندە نووسەر نیشانەی «ﹻ»ی لە ھەر جێگایەکدا پێویست بووبێت بۆ ھەموو ئەو پیتە کوردیانە داناوە کە نیمچە بزوێنی «i»یان لەگەڵدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی نیشانەی نامۆ لە ڕێنووسی فەرھەنگەکەدا لەرادەبەدەر نەبێت و ھەروەھا بە ھۆی گیروگرفتی فۆنتی وشە کوردیەکانەوە ھەروەکوو ئاماژەی پێ‌کرا نیشانەی زەنە (ــْـ) - کە لەم چاپەدا جێنشینی نیشانەی «ﹻ»ەیە - تەنیا بە پێی پێویست دانراوە.

ھەر لەبەر ئەو دوو ھۆیەی سەرەوە نوختەی ژێر پیتی «د»یش تەنیا لە وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەدا دانرا.

بۆ ئەوەی لە خۆمەوە دەسکاری فەرھەنگەکەم نەکردبێت، لە ھەر جێگایەکدا نووسەر نوختەی ژێر پیتی «د»ی دانەنابێت؛ منیش خۆم لە دانانی پاراستووە ھەرچەندە وام ھەست کردبێت کە نووسەر دانانی ئەو نوختەیەی لە بیر چووبێت.

پێویستە بوترێت کە نوختەی ژێر پیتی «د» لە پێشەکیەکانی نووسەردا بە تەواوی دانراوە.

شایانی باسە کە لە لایەن ھاوکارانی پیتچنەوە ھەموو وێنەکانی ناو فەرھەنگەکە ئیسکەن (scan) کراوە و گوێزراوەتەوە بۆ کۆتایی پیتەکان ھەتا لەگەڵ فەرھەنگەکەدا تێکەڵ نەبێت، ھەربۆیە:

  • ئەگەر لە کۆتایی وشەیەکدا نووسرا بوو «وێنە»، ئەو وشەیە لە کۆتایی ھەمان پیتدا وێنەیەکی تایبەتی ھەیە.
  • ئەگەر لە کۆتایی وشەیەکدا نووسرا بوو «وێنە←...»، ئەوە وێنەی تایبەتی ئەو وشەیە لە کۆتایی پیتی سەرەتای وشەی پاش تیر(←)ەکەدایە.
  • ئەگەر لە کۆتایی وشەیەکدا نووسرا بوو «وێنەی ھەیە.»، ئەوە نووسەری بەڕێز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو وشەیە لە جێگایەکی فەرھەنگەکەدا وێنەیەکی تایبەتی ھەیە، بەڵام جێگەی وێنەکەی دیاری نەکردووە و منیش پاش گەڕان بە وشە ھاوواتاکاندا وێنەکەم بۆ نەدۆزراوەتەوە.

بە ھۆی گۆڕینی وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکەوە بۆ ڕێنووسی ئەمڕۆی کوردی، ئەو وشانەی بە پیتگەلی «پ» و «ص» دەست‌پێ‌دەکەن، گوێزراونەتەوە بۆ ناو پیتی «س» و پیتگەلی «ژ» و «ڤ» گوێزراوەتەوە بۆ ناو پیتی «ز» و پیتی «گ» گوێزراوەتەوە بۆ ناو پیتی «ت».

لە کۆتاییدا بە ھۆی گیروگرفتی فۆنتی وشە کوردیەکانەوە لە بەرنامەی «word»دا؛ دانەدانەی وشە سەرەکیەکانی فەرھەنگەکە سەرلەنوێ بە پێی ئەلفوبێی ئەمڕۆی کوردی ڕیزبەندی کردوەتەوە و ھاوکارانی بەڕێزی پیتچن بەو پێیە سەرلەنوێ فەرھەنگەکەیان داڕشتووەتەوە.

ئێستا کە ئەم وشانە دەنووسم لە سەر شانۆی خەیاڵمدا چاوم لێیە کە ئایەتوڵڵای بەساڵاچوو و ڕیش‌سپی لە باتی پشوودان و گەشتوگوزار و دانیشتن لە دیوەخاندا؛ لە سووچی ژوورێکدا بە تەنیا دانیشتووە و بە دەستە لەرزۆکەکانی پاش ڕێکوپێک‌کردنی کاغەزەکانی بەر دەستی و خەت‌ کێشان تیایدا، پیت بە پیت و وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕ و لاپەڕە بە لاپەڕە خەریکی پاکنووس کردنی فەرھەنگەکەیەتی و جاربەجار وشەیەکی تازەی بیر دەکەوێتەوە و لە پەراوێزدا تۆماری دەکات و ھەندێ جار لە ژێر وشەیەکدا وێنەی تایبەت بەو وشەیە دەکێشێت و جاربەجاریش بە لاپەڕە پاکنووس‌کراوەکاندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی وێنەیەکی تایبەت بەم وشەیەی کە ئێستا خەریکە دەینووسێتەوە لە جێگایەکی تری فەرھەنگەکەیدا بدۆزێتەوە و ئاماژەی پێ‌بکات. ھەندێ جار لاپەڕەیەک خەریکە تەواو دەبێت و لە ناکاو مەرەکەفەکە دەتکێتە سەر لاپەڕەکە، یا وێنەکەی بە دڵ نیە و ناچارە سەر لە نوێ ئەو لاپەڕەیە بنووسێتەوە و ھەندێ جاریش لاپەڕە ئۆفێست‌کراوەکانی بۆ دەھێننەوە، چاوێکی پێدا دەخشێنێت و چاپەکەی بە دڵ نیە و سەر لە نوێ ئەو لاپەڕەیە پاکنووس دەکاتەوە. پاش تەواوبوونی کارەکە و چاپ‌کرانی فەرھەنگەکە لەوپەڕی خۆشحاڵیدایە کە دەرفەتی پێویست بۆ بڵاوبوونەوەی بەرھەمەکەی ڕەخساوە و لاپەڕەکانی فەرھەنگەکەی ھەڵدەداتەوە و دەبینێت لە ھەندێ جێگادا وشەکان کەمڕەنگن و لە ھەندێ جێگادا وێنەکان ڕەش بوونەتەوە و وردەکاریەکانی فەوتاوە و لە ھەندێ لاپەڕەدا پەراوێزەکان قرتاون، ھەناسەیەکی سارد ھەڵدەکێشێت و دەستێک بە ڕیشە چەرمووەکەیدا دێنێت و سەرنجی دەبڕێتە دیوارەکەی بەرامبەری و دەچێتە ناو دەریای بێ‌بنی ئەندێشە و خەیاڵەوە.‌..

ھیوادارم منیش بەم ھەوڵە کەموکورتەم ڕەنج و زەحمەتەکانی ئەو زانا کوردپەروەرەم بە فیڕۆ نەدابێت و گیانی پیرۆزی ئایەتوڵڵام لە خۆم زویر نەکردبێت.