پێشەکی

لە کتێبی:
فەرهەنگی وشەنامە
بەرهەمی:
جمال حبیب الله فرج «بێدار»
 32 خولەک  4730 بینین

ستایش هەر شایستەی خوایە، ئەو خودایەی کە نە ڕۆڵەی هەیە، نە بابە و نە دایە.. یەک باڵ و تاک و تەنیایە.. بێ دەرد و بێ مەرگ و زایە.. بەدیهێنەری ئاسمان و دنیایە.. لە کارەکانیا دانایە.. بە هەموو شتێک زانایە.. باسی نیعمەتەکانی هەرگیز کۆتایی نایە.. خۆیشی بێ سەرەتا و بێ کۆتایییە.. حاکم و پاشای بێ هاوەڵی، بێ مامەندی ڕۆژی دوایییە.

سەلات و سەلامی هەمیشەیی، بۆ سەر گیانی پاکی نەمری پێغەمبەری ئیسلام. لەوەوە سەرواز بکات بۆ سەر گیانی خانەوادە و یاران و شوێنکەوتووانی، بە تایبەتی ئەوانەی کە هەرگیز تێر نابن لە ئەوینی سفرە و خوانی.

پاشان.. ﴿وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ﴾ آية ٢٢ سورة الروم

یەکێک لە بەڵگە و نیشانەکانی دەستەڵات و زانایی و دانایی خوای گەورە ئەمەیە، لە کات و حاڵێکدا کە میوەکان هەموویان هەر میوەن، هەر نیعمەتی ئەو خوایەن، هەموو لەسەر ئەم زەویەن، بە هەمان ئاو و هەوا و خۆراکی ئەم زەویە، لەژێر سایەی یەک ئاسماندا و، بە تیشکی یەک خۆر دەڕوێن و پێ دەگەن و دەژین و دێنە بەرهەم، کە چی جۆراوجۆر و، ڕەنگاوڕەنگ و شکڵاوشکڵ و، لە قەبارە و تام و بۆن و نرخ و چاکی و پاکی و جوانیدا جیاوازن. بەم سیفات و تایبەتمەندییانەشەوە زیاتر ڕازاوە و چاک و دڵگیر و بەتام دەبن.

ئینسانەکانیش هەر بەو جۆرە، هەموویان لە بنەڕەتا لە یەک باوک (آدم)ن و، لە یەک دایک (حواء)ن -سلامی خوایان لێ بێت-. هەموویشیان لەسەر گۆی ئەم زەوییە، بە خێر و خێراتی ئەم زەوییە، لە ژێر چەتری یەک ئاسماندا، بە هەمان ئاو و هەوا و خۆراک و تیشک پێ ئەگەن و ژیان ئەگوزەرێنن، کە چی خوای زانا و دانا بە حیکمەتی بێ پایانی خۆی، کردوونی بە چەندەها گەل و میللەت و نەتەوە و عەشیرەت و هۆز و خێڵ و ڕەنگ و دەنگی جۆراوجۆری جیاوازەوە.. هەر یەکەشیان سیما و ڕوخسار و ڕەنگ و دەنگ و داب و نەریت و خوو و خدە و جل و بەرگ و سروشت و عادەت و ڕەوشت و کەلەپوور و فەرهەنگ و زمانی جیا جیا و جۆری تایبەتی ژیانی خۆی هەیە.. بگرە هەر یەکەیان زێد و یاسا و ڕێسای جیا و ئایینی تایبەتی خۆی هەیە.

یەکە یەکەی ئەو گەل و میللەت و نەتەوە و عەشیرەت و هۆز و خێڵ و ڕەنگ و دەنگە جۆراوجۆر و جیاوازانە. ئەو سیفات و تایبەتمەندیییانەی خۆیانیان خۆش دەوێت و، بگرە شانازیشیان پێوە ئەکەن، حەز ئەکەن و هەوڵ ئەدەن بیانپارێزن و بیانهێڵنەوە. چونکە بوون و مانەوەی خۆیان، لە بوون و مانەوەی ئەواندا بەدی ئەکەن. ئەمەش نەزعەیەکی پاکی ڕەوای سروشتییە و، یاساکەی لە یاساکانی خودای پەروەردگارە و، پەیڕەوی کردنی بە ژیرانە کارێکی جوانی پیرۆز و بەکەڵک و بێ زیانە.

هۆرامی و فەرهەنگ

ئێمە کە باس لە پاراستن و هێشتنەوە و پارێزگاری کردنی زمان ئەکەین، ئەبێت ئەوە بزانین کە بەهێزترین و ئەمینترین قەڵا و سەنگەری ئەو هێشتنەوە و پارێزگارییە، «فەرهەنگ» یان قامووس «وشەدان»ە بۆ ئەو زمانە.

دیار و زانراوە هەر لە کۆنەوە هەتا ئەمڕۆ، یەکەمین شناسنامە و دیارترین دیاردەی ئاشکرا و ڕوون، کە هۆرامیانی پێ ناسراوە و پیێ دەناسرێن لە ناو خێڵ و هۆز و تیرە و عەشیرەتەکانی گەلی کورددا، زمانەکەی یاخۆ شێوە زمانەکەیەتی، کە پێی دەوترێت «زمانی هۆرامی». تا ئێستاش بڕێکی زۆر لە برا سۆرانییەکان بە زمانی «ماچۆ» یان بە زمانی «تاتۆ» ناوی ئەبەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، کە زمان یا شێوە زمانی هۆرامی، کۆن و دێرین.. ڕەسەن و قووڵ و فراوان.. تەڕ و پاراو و بەتام.. گوشاد و دەوڵەمەند.. ناسک و ساف و سۆڵ.. بەتام و چێژ.. بەهێز و بەپێز.. خاوەن دەستوور و یاسا و ڕێسای بەهێز و مەحکەم.. دارای ڕێزمانێکی پڕ لە ووردەکاریی و کەم وێنە.. دەست ڕۆشتوو و دەوڵەمەند لەڕووی ڕەچاو کردنی نێر و مێوە.. لەڕووی مەجازی و حەقیقی و سەماعی و قیاسییەوە.. لەڕووی جێناوی فرەی فرەجۆرەوە.. لەڕووی ئامرازەکانی: ئیشارەت، ناسراوی و نەناسراوی، سیفەتەکانی فیعل و فاعل و مەفعول، سیغەی بەردەوامی و مفعولی مطلق، زۆریی پێشگر و پاشگرەوە..

لەگەڵ ئەوەشدا کە زمان یا شێوە زمانی هۆرامی، وەک هەموو شێوەزمانەکانی تری گەلی کورد، دەوڵەمەند و مۆسیقی و لەبارە و بناغەیە بۆ مێژووی کوردی و ئەکرێت بە یەکێک لە زمانە زیندووەکان بژمێررێت، کە چی بە داخەوە هەتا ئێستاش – ئەوەی پێی بڵیێت «فەرهەنگ» واتە «قامووس» نییەتی!! ئەم تاوانە بدەینە پاڵ کێ؟

هەروەها، لەگەڵ ئەوەشدا کە هۆرامان مەڵبەندی خوێندن و خوێندەواری بووە، لانکەی زانایان و ئەدیبان و شاعیران بووە و، ئەمڕۆ مێژووی ئەدەبی کوردی گەواهیی بۆ دەدات و شانازی پێوە دەکات و کۆنترین دەقی نووسراوی ئەدەبی بە هۆرامی ئەخاتە ڕوو.. لەگەڵ ئەوەشدا کە هۆرامیان خۆیان بە ژیری و زیرەکیی و بیر تیژیی و خەیاڵ فراوانی و وردبینی و وردەکاری و سەلیقەداری و دووربینی و هۆرامی پەروەری و زۆریی ژمارەی خوێندەوارانیان – لەناو هۆز و تیرەکانی کورددا - ناسراو و بەناوبانگن، کە چی بە داخەوە هەتا ئێستاش زمانەکەیان بێ فەرهەنگە!!

ئاخۆ تاکوو ئێستا چەند هەزار وشەی زێڕینی دێرینی ڕەسەنی ناسکی پاراوی بەهێزی ئاوازەداری بێ وێنەی زمانەکەیان، چەند زاراوەی پتەوی شیرینی زمانەکەیان بە گێژەڵۆکەی زەمەن هەڵوەریبن و لە بەین چووبن ؟! ئەگەر زمانەکە هەروا بێ فەرهەنگ و بێ وشەدان بمێنێتەوە، ئەی ئەبێ وشەکان و زاراوەکانی تری چیان بەسەردا بێت؟ دواڕۆژی دووری زمانەکەیان بەچی ئەگات؟

گرنگیی زمان

ئەوەی من لێرەدا ئەمەوێ سەبارەت بە زمان بیڵێم، گرنگی زمانە لە ژیاندا نەک پێناسەی وردی دوور و درێژی زمان.

ئاشکرا و دیارە، کە تا ئەمڕۆش گرنگترین ڕێگە کە ئادەمیزاد بە تێکڕا و بە ئاسانی و ئاسایی، بتوانێت بە هۆیەوە لە خەڵکی تێ بگات و خەڵکیش لە ئەو تێ بگات، زمانە.

هەروەها زمان دیاردە یاخۆ تایبەتمەندییەکی گرنگی ڕوونی لەبەرچاوە کە ئادەمیزاد لە گیانلەبەرەکانی تر جیا ئەکاتەوە. زمان پایەی هەرە گەورە و بناغەی بەهێزی کۆشک و قەڵای کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییە، ئاشکراترین پێناسە و شناسنامەی گەل و نەتەوەیە، هەوێنی هەستی نەتەوایەتییە لە سەرانسەری جیهاندا و، لەوانەیە هەروەهاش بۆ خۆی بمێنێتەوە. کە زمان هەبوو، گەل و نەتەوەش دەبن، یان بە لایەنی کەمەوە ژێلەمۆی هەستی نەتەوایەتی دەبێت.. کە زمان نەبوو و نەما، ئیتر گەلی چی و نەتەوەی چی ؟! هەر گەلێک نەیتوانی بێت زمانەکەی خۆی بپارێزێت، لەگەڵ توانەوەی زمانەکەیدا خۆی وەک کڵۆسندری بەر باران تواوەتەوە، وەک بڵقی سەر ئاو، یان وەک خەتی سەر ڕووی بیابان تیاچووە و شوێنەواری بڕاوەتەوە. ئەمە هەر وەک وەها بووە، ئێستەش وایە، لەمەو دواش هەر وەها دەبێت.

بەم جۆرە، هەر وەک مامۆستا «شێخ محمدی خاڵ» لە پێشەکیی فەرهەنگی خاڵدا دەڵێ: «زمان مایەی مانەوەی گەلە...، زمان بۆ ئاگاداریی گەلان لە هەموو قەڵایەکی ئاسنین و، قوللەیەکی مسین باشتر و چاکترە چونکە قەڵا ئەگیرێ و قوللە ئەڕوخێنرێ، بەڵام زمان هیچی لێ ناکرێت».

مامۆستا هەژاری ڕەحمەتی، لە پێشەکی «هەنبانە بۆرینە»کەیدا ئەڵێ:

«زۆر لە ڕۆژ ئاشکراترە، پێناسی گەلان لە جیهاندا، دروشمی نەتەوایەتی، ئامیانی ڕەگەزایەتی زمانە و بەس». دەی کە وا بێ، گرنگی دان بە زمان.. پاراستنی و ئاگاداری کردنی.. ئاوەدان کردن و پاراو کردنی.. بژارکردن و پەرژین کردنی.. لەگەڵدا خەریک بوون و خۆش ویستنی.. زیندوو کردنەوە و ڕاگیرکردنی.. هێشتنەوە و پارێزگاری کردنی، ئەرکێکی گەورەی زۆر گرنگ و بنەڕەتیی سەرشانی هەموو ڕۆڵەیەکی پاک و ژیر و بەوەفا و بە ئاگای هەر گەل و نەتەوە و میللەتێکە. بە پێچەوانەشەوە، خستنە پشت گویێ، کەمتەرخەمی نواندن بەرامبەری، بە تایبەتی لە لایەن ڕۆڵەکانی خۆیەوە کە خاوەن توانا و زانان، تەمبەڵی کردن و نرخ بۆ دانەنانی، ئەگەر ناپاکی و سپڵەیی و بەد ئەمەکی نەبێت، بێ گومان سستی و بێ قابلیەتی و بیر پووچەڵییە و، گەل و نیشتمانیش مێژوو ئەکەنە نوێنەری خۆیان کە هەتا هەتایە گلەیی بکات و باسەکە بکۆرێنێتەوە.

ئایا بە کردنی وشکە گلەیی کەلێنەکە پڕ ئەبێتەوە؟ دەبێ ئەوسا گلەیی لە کێ بکەین؟ ئەی پێشینان نەیانگوتووە: «خۆت سەری خۆت نەخورێنی کەس نایخۆرێنێ بۆت»؟

من وای بۆ ئەچم، تەنها ڕێگەیەک کە ئەبێ بگیرێتە بەر بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە، دانانی فەرهەنگێکە، کە تێکڕای وشە و زاراوەکانی زاری هۆرامی بگرێتە ئامێز و، دایک ئاسا جگەر گۆشەکانی خۆی بپارێزێت. چونکە – پێشتر گوترا – فەرهەنگ باشترین قەڵای پۆڵایینە بۆ پاراستنی زمان.. گونجاوترین سەنگەری دیفاع کردنە لە خۆ.. شایان ترین گەنجینەیە بۆ هەڵگرتنی سووری خەرمانی هەر زمانێک. فەرهەنگ ئەگەر فرە نەبێ و نەیەتە سەری، کەم نابێتەوە و لێی نایەتە دەر.

بیرۆکەی ئەم فەرهەنگە

من هەر بە منداڵی.. لە پۆلی چوارەمی سەرەتایییەوە، خۆش ویستنی شیعر بوو بە خدە و خوو و ئارەزووم. ئەو شیعر خۆش ویستنە بردمی بەرەو ئاشنا بوون و شەیدا بوونی وشە و زاراوە و عیبارەتی جوان و ناسک و شیرینی قووڵ و واتادار. بەکورتی، تام و چێژێکی زۆرم لە «دانە»کانی زمان وەرگرت، بە تایبەتیش زمان یان زاری هۆرامی، چونکە من خۆم لە بنەڕەتا هۆرامیم.

لە ساڵی ١٩٧٨دا، کە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق بە بیانووی نزیکیی گوندەکان لە سنووری ئێرانەوە و، بە بیانووی ئاسایشی وەڵاتەوە، دەستی کرد بە وێران کردنی گوندەکانی کوردستان و خەڵکەکەشی ڕاپێچ کرد بۆ ئۆردوگا زۆرەملییەکان، کە ئەو بە «قری عصریە»ی ناو ئەبردن، هۆرامانیش بەر ئەو شاڵاوە بێ فەڕە کەوت. خەڵکەکەی ڕاپێچی ئۆردوگا زۆرەملییەکان کرا. تیرە و هۆز و خێڵ و بنەماڵەکان هەموو تێکەڵ بە یەکتر کران. لەم کاتەدا من زیاتر دڵم داخورپا و وام هەست ئەکرد، ئیتر زمانی هۆرامی کەوتووەتە بەر هەڕەشەی توانەوە و تیاچوون. لەو کاتەدا، لەم خەم و خەیاڵە بەدەر هیچ شتێکی ترم بە بیردا نەهات.

لە دوای کیمیابارانەکەی شاری هەڵەبجە، لە ١٦/٣/١٩٨٨ دا، من بە خێزانەوە، لە ئۆردوگای «سەرابی فەش»، سەر بە قەزای «کەنگاوەر، ئوستانی کرماشان» گیرسامەوە. لە هاوینی ئەو ساڵەدا، بۆ سەردان لە یەکێک لە خزمە ئاوارەکانمان، لە سەرابی فەشەوە چووین بۆ «دووڕۆ»ی سەر بە قەزای مەریوان، بەرامبەر بەخشی «سەڵواوا». لەم لای کامیارانەوە بەرەو سنە ئەهاتین، دارودرەختمان لێ دەرکەوت، یەکێک لەو دارانە «دار بەڕوو» بوو. یەکێک لە کوڕەکانم لێمی پرسی: «تاتە ئا درەختە چیْشا؟» وتم: «ڕۋڵە! ئانە نەرەن». وتی: «نەرە چیْشا؟» وتم: «نەرە ئا درەختەنە هەکە بەلوو گیْرۋ». وتی: «ئەی بەلوو چیْشا ؟» وتم: «ئانە ئەۉەڵ جار لەقە هەژگ بییەن، هۋرشا پاتەن و ئیتر زل بییەن و بییەن بە نەرە». یەکێک لە کچەکانم ڕووی تێ کردم و پرسی: «تاتە! ئەی هەژگە چیْشەنە؟» وتم: پەلە مەکەن.. دوایی.. دوایی تێتان ئەگەیەنم.

ئەو پرسیارانە سەرلەنوێ دڵمیان داخورپاندەوە و لە دڵی خۆما گوتم: ئای! ئەوەی کە بە خەیاڵ لێی ئەترسام، ئەوا ئەمڕۆ بوو بە ڕاستی و واقیع!! کەوتمە گێژاوی خەیاڵات و پەژارەوە.. کەوتمە بیرکردنەوە.. بەڵام لەو ئاوارەییەدا، بەو بەسەرهات و ماڵوێرانییە، نە ڕێم لە چارەسەرێک کەوت، نە شتێکم پێ کرا. بۆ خۆم دۆش دامام.

مناڵەکان ناهەقیان نەبوو کە دارودرەختی کوێستان نەناسن و ناوەکانیان نەزانن، چونکە گەورەترین مناڵم، لەدایکبووی ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٣ بوو. منیش لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٦ وەک مامۆستا لە گوندی «سەرگەت»ەوە گوێزرامەوە بۆ گوندی «پریس»ی سەرووی نزیک بە هەڵەبجە. دوو ساڵ لەدوای ئەمەش هۆرامان وێران کرا، ئیتر هەموو لە هۆرامان دابڕاین، مناڵەکانم لەگەڵ مناڵانی سۆرانی زماندا دەژیان و دەدوان. لێرەدا ئەمەوێ بڵێم: بیرۆکەی فەرهەنگێکی هۆرامی، لە پرسیارەکانی مناڵەکانمەوە، لە ڕێگەی نێوان کامیاران و مەریواندا، لە مێشکمدا چەخماخەی دا و، چەخماخەکە هەر مایەوە و نەڕەوییەوە.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٤دا ئێرانمان وەک -پەناهەندە- بەجێ هێشت و گەڕاینەوە بۆ عیراق و لە «هەڵەبجەی تازە» نیشتەجێ بووین. لەم مێژووەوە من خۆم یەک لایی کردەوە و ڕووم کردە جیهانی ئەدەب و نووسین، ئەمەش وای لێ کردم سەرم بتەقێت بە فەرهەنگ یان قامووسەوە. ئەمەش بوو بە کلیلی دەرگای جیهانێکی نوێ لە بەردەمما، هەر بەمەش سەرلەنوێ چەخماخەی بیرۆکەی فەرهەنگێک بۆ زاری هۆرامی بەرمێشکم کەوتەوە و کەوتمە کەڵکەڵەی دانانی فەرهەنگێکی هۆرامی.

بەڵام من و فەرهەنگ دانان؟ زۆر لە یەکەوە دوورین! ئاخر فەرهەنگ دانان کاری کۆمەڵە کەسێکی شارەزایە.. من شتێکی ئەوتۆی لێ نازانم.. لەم ڕووەوە زانست و زانیارییەکی تێر و تەسەلم نییە.. ئەم کارە توانای ئەوێت و کاری گەرەکە.. پێویست بە یارمەتی و هاوکاری دەکات.. ئاخر من سەرچاوەیەک شک نابەم تا بیکەم بە بناغە و پشتی پێ ببەستم.. ئەم کارە بە تەنیا کەسێک ناکرێت.. کەسانی خوێندەوار و بەتەمەن و بەئەزموونی ئەوێ.. ئەم هەموو شتانەم چۆن پێ ئەکرێت؟

ئەم بیرۆکەیەم -بیرۆکەی دانانی فەرهەنگێکی هۆرامی- بۆ چەند کەسێک باس کرد، هەموویان بە چاکیان زانی، بەڵام بە «موستەحیل»یشیان زانی، بگرە دڵیشیان سارد ئەکردمەوە. لەگەڵ ئەو هەمووەشدا، بیرۆکەکە نەک هەر نەمرد، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی ئەسەند و بڵێسەی بەتینتر دەبوو لە ناخمدا. هەتا وای لێ هات، بوو بە دارێک، لە زەمینەی دڵ و دەروون و بیر و خەیاڵما ڕووا، ڕەگی داکوتا، لق و پۆپ و گەڵا و گوڵی دەرکرد.

ئەوسا خۆم بە خۆمم دەگوت: ئەی پیاو! تۆ ئەگەر خۆت بە دەستی خۆت سەری خۆت نەخورێنی، ئەی کێ بۆت بخورێنێ و بەتەمای کیێت؟! ئەوندەی دەمت ماندوو ئەکەیت، دەی دەستت ماندوو بکە. باشە، تۆ خۆت بۆ چی بەم کارە هەڵناسیت؟ تۆ خۆت هۆرامیت.. لە هۆرامان لە دایک بوویت و ژیاویت.. تەوێڵەییت و چەند ساڵێک لە تەوێڵە ژیاویت.. ماڵتان هاتۆتە دەگاشێخان.. قۆناغی سەرەتایی خۆێندنت لە بیارە تەواو کرد.. شەش ساڵی ڕەبەق لە سەرگەت و هانەی دندا بە مامۆستایی ژیانت بردە سەر.. لە ساڵی ١٩٧٩وە مامۆستای وانەی کوردیت.. لە زاراوە و وشەی دێهاتەکانی هۆرامان شارەزا بوویت.. دەمێکە لەگەڵ ئەدەبدا دۆستایەتیت هەیە و خەڵک بە «شاعیر» ناوت ئەبات، جا ئەگەر تۆ فەرهەنگێکی هۆرامی بە زەحمەت و گران بزانیت و بە تۆ نەکرێ ئەی ئەبێ بۆ کێ سووک و ئاسان بێت؟ ئەبێ بە کێ بکرێت؟ بەم جۆرە هازە هازە و هانی خۆمم ئەدا و، هەر خۆم بۆ خۆم وێرانم بۆ خۆم ئەسازاند.

بۆ خۆشبەختی، لە ٢٠٠١/٠٨/١٣، لە هەڵەبجەی تازە بڕاین و بە ماڵەوە هاتینەوە بۆ هەڵەبجەی شەهید. بە خۆمم گوت: کاکە! ئێستا دەر و دراوسێت، دەور و بەرت بە زۆری هۆرامین، بۆ هەر وشەیەک دابمێنی، ئەتوانی پەنایان پێ ببەیت و کارت بە ئاسانی بۆ جێبەجێ ئەبێت. کە واتە هیچ لێی مەوەستە، ناوی خوای لێ بێنە و دەست پێ بکە. ها!! نەکەی پەست و بێزار و ماندوو ببی.. هەناسە درێژ و کۆڵنەدەر بە.. وزە بەرز و ماندوویەتی نەناس بە.. ئەرێ، هیچ بناغەیەکی هۆرامی بۆ دامەزارندنی ئەم کۆشکە لە بەردەستدا نییە! ئەمەش زەحمەتەکە سەختتر ئەکاتەوە.

بە خۆمم ئەگوتەوە: دەی ئەوە «ئەستێرە گەشە»ی «فاضل نظام الدین». و ئەوە «فەرهەنگی خاڵ» و ئەوەش «هەنبانە بۆرینە»کەی «م. هەژار». لەسەر شێوەی ئەوان و، هەوڵ و بیر و بۆچوونی خۆیشت بناغە داڕێژە و پایەی لەسەر دابمەزرێنە، لە خۆت حەرەکەت و لە خوایش بەرەکەت.

لە ڕۆژی ٢٠٠٢/٠١/١١دا، ناوی خوام لێ هێنا و لە یەکەم پیتەوە دەستم پێ کرد. شەوم خستە سەر ڕۆژ و ماندوویەتیم خستە ئەو لاوە، لە پرسیار کردن و بەدوادا چوونا، لە گەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەدا، نە سڵم ئەکردەوە و نە شەرمم ئەکرد. لەگەڵ ئەو هەموو ماندوو بوونەمدا، هەستم بە خۆشیی و بەختیاریی و نەشەی سەرکەوتن دەکرد، بەبێ ئەوەی کەسێک دەستەیەک وشەم بۆ بێنێ، بەبێ ئەوەی کەسێک یەک لاپەڕە بنووسێتەوە، گەیشتم بە ئاواتی خۆم. چی بکەم لەو دۆستانەی چەند جارێک داوای کۆمەکم لێ کردن و تاکە وشەیەکیان بۆ نەهێنام! بەڵام سەد ڕەحمەت لە گۆڕی ئەو پێشینانە کە گوتوویانە: «کەڵەشێریش نەخوێنێ ڕۆژ هەر ئەبێتەوە» .ئەرێ، نە کەڵەشێر و نە فڕووج هیچ کامیان نەیانخۆێند و بە کۆمەکی خوا ڕۆژیش بوویەوە و کاری کاردارانیش مەیسەر و جێبەجێ بوو. سوپاس بۆ خودای فریادڕەس.

هەرچیم گەرەک بۋ جە تۋم گەرەکا / ئەر جە تۆ نەبۋ نامو بەرەکا

زۆرن ئەوانەی کە لەم دونیایەدا بە دڵسۆزانە و بێ وچان ڕەنج دەدەن، بەڵام لەبەر بێ دەستیی و بێ کەسیی کەس پیێان نازانرێت و ڕەنجیان نادیارە و ناویان دەسڕێتەوە. من یەکێک بووم لەوانە! لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە خۆم هاوێشتە دنیای نوسینەوە، بەرهەمێکی فرەی هەمەجۆرم پێکەوە ناوە و زۆریش دڵم پێی خۆشە، بەڵام داخەکەم بەهۆی بێ دەستی و بێکەسییەوە تەپ و تۆزی دنیا بەرهەمەکەم و تەپ و تۆزی خەم و پەژارە دڵمی داپۆشیبوو، لەگەڵ بێهیواییدا دەستەویەخە وەستابووم.

لەم کاتەدا سەرۆکایەتیی ئەکادیمیای کوردیی -بەتایبەتی سەرۆکی ئەکادیمیا بەڕێز دکتۆر «شەفیق قەزاز» و بەڕێز دکتۆر «ئازاد ئەحمەد»- بە گەورەیی خۆیان بەسەریان کردمەوە و پەیوەندیان پێوە کردم و بڕێک لە بەرهەمەکانیان بینی، دواجار بڕیاریان دا کە بەرهەمە هۆرامییەکانم بۆ چاپ بکەن لەسەر ئەرکی ئەکادیمیای کوردی. و ئەم وشەنامەیە یەکەمین بەرهەمە کە بۆم چاپ بکەن. جێی خۆیەتی منیش بە گەرمی سووپاسیان بکەم و پێزانینی خۆم دەرببڕم بۆ سەرۆکایەتیی ئەکادیمیای کوردی. هیوادارم سەربەرز و بەردەوام بن لە خزمەت کردن بە دنیای نووسینی کوردی و دەست گرتنی ئەوانەی لەم بوارەدا بێ دەست و بێ کەسن.

زمان و وشەی بێگانە

باوەڕم وایە لەم دنیایەدا، بە تایبەتی لە سەدەی بیستەمدا و بەتایبەتی تر لە ئەمڕۆدا، زمانێک نییە کە وشەی بێگانەی تێدا نەبێت و تێی نەخزێت. جا بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ ئەو ڕایە کە دەڵێت: «وشەی بێگانە ئەگەر وای لێ هات بە کون و قوژبنی وەڵاتدا بڵاو بوۆە، خوێندەوار و نەخوێندەواری گەل توانیان لە جیێ خۆیا ڕۆژانە بە ئاسایی بە کاری بهێنن، ئیتر کاڵای بێگانەیەتی لەو وشەیە دادەماڵرێت و، ئەبێتە موڵکی ئەو میللەتە و نابێت بە بێگانە و بە نامۆ تەماشا بکرێت و، دروست نی یە هەوڵی نەهێشتن و سڕینەوەی بدرێت، چونکە بەوە زیان لە خۆ دەدرێت و هیچ زەرەرێک بە بێگانەکە ناگات).

گەلی کورد بە گشتی و هەر لە کۆنە وە، تێکەڵاویی جۆربەجۆری لەگەڵ تورک و فارس و عەرەبدا هەبووە، زیاترلە ( ١٤٠٠) ساڵە لەگەڵ عەرەبدا دەژی، هاوخەبات و هاوتێکۆشان بوون.. باوەڕیان بەیەک کتیبێ ئاسمانی هەیە کە «قورئا ن»ی پیرۆزە، ئەویش بە زمانی عەرەبی. دیارە ئەمەش وەهای کردووە کە وشە لە نێوانیاندا ئەمبەر و ئەو بەر بکات و لە هەر دوو لادا ڕیشە دابکوتێت. دەی ئەو وشانە بوونەتە موڵکی ئەو گەلەش کە. بەلای منەوە، هەوڵدان بۆ سڕینەوە ڕۆژانە بەکاریان ئەهێنێ و دەر کردن و بە گۆڕکردنی ئەو وشانە، بە ناوی بژار کردن و پاک کردنەوەی زمانی نەتەوایەتی یەوە، زەرەرێکی لەو گەل و میللەتە دەدرێت. هەر بێژە و وشە و زاراوەیەک، کە سەرجەم خەڵکی هۆرامان، بە ئاسانی و سانایی بە کاری ئەهێنێ و ڕۆژانە بەسەر زاریەوەن، من ئەو وشە و بێژە و زاراوەیە بە هۆرامی دائەنێم و لەم فەرهەنگەدا جێی ئەکەمەوە، ئیتر ئەو وشەیە لە بنەڕەتا با بێگانەش بێت.

بەلای منەوە زمان خۆشەویستە.. شیرینە.. بەرزە.. پیرۆزە.. بەلای منەوە خۆشویستن و پارێزگاری کردنی زمان، بەرگری لێ کردن و خزمەت کردنی، بژارکردن و پاک کردنەوەی، پەرەپێدان و فراوان کردن و بەرەو پێشەوە بردنی، ئەوەندە بەرز و پیر ۆزە، وەک «واجب»، بەڵکو هەر بە«واج ب» سەیری دەکەم، هەر ئەو هەستەش ئەو هەموو ئەرکەی داوە بەسەرما، کە چەند ساڵێک لە تەمەنی شیرینی خۆم بە خۆشحاڵی یەوە ببەخشم بە زمانەکەم.. هەر ئەو هەستەش وای لێ کردووم کە چێژ لە شەونخونی و لە ماندوویەتی وەربگرم.

خزمەت کردنی زمان، پێویستی بە ژیری و ئارامی.. بە لێزانی و وەستایەیتی.. بە هەست و دڵسۆزیی.. بە کارکردن و کرانەوە هەیە، بەڵێ، دەبێ هەمیشە زمان بەرەو فراوانی و قوڵی و پاکی و پاڵفتەیی ببرێت، ئەبی لەگەڵ رەوڕەوەی پێشکەوتنا ئاراستە بکرێت و هەنگاو هەڵب گیرێت، دەبێ هەوڵ بدرێت وشە کۆنە ڕەسەنەکان نوێ و زیندوو بکرێنەوە، بە پیێ پێویست و توانا و لەسەر بنەڕەت و ڕێزمانی زمانەکە وشەی نوێ دروست بکرێت و دابتاشرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و زەروورەتیش داوای کرد، ئەوسا ئەکرێت وشەی بێگانە بخوازرێت. دیارە بێگانەش هەر کەسێک ببێ هەر بێگانەیە.

لەگەڵ ئەوەدا کە لەگەل ئەم فەرهەنگەدا تەواو ماندوو بووم.. لە شەش جار زیاتر.. خۆم بە تاک و تەنیا.. بە دەست خە تی خۆم نووسیومەتەوە، تەرتیبی «هیجائی» وشەکان ئەو پەڕی ئەزیەتی داوم.. تەنانەت شەوانیش لە خەودا مێشکم هەمان باس و هەمان شریتی لێ ئەدایەوە و ماندوویەتیی ڕایدەچڵەکاندم.. لەگەڵ ئەوەشدا کە کارەکەم کارێکی داهێنان (إبداع ی)ە، چونکە لەم ڕووەوە کەس پێشم نەکەوتووە و ئەم فەرهەنگە یەکەمین فەرهەنگی شێوە زمانی هۆرامی یە.. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر زۆرم خۆش دەوێت و شانازی پێوە دەکەم.. لەگەڵ ئەو شتانە و چەندین شتی تریشدا، گەڕام بۆ سادەترین و ڕۆح سووک (متواضع) ترین ناو بۆی. دواجار - بە بیری خۆم - ڕێم لێی کەوت و ناوم نا «ۉەرقوڵ»، واتە

«بەرکوڵ».

من ناڵێم «ۉەرقوڵ» تێر و تەواو و بێ گەردە، ئەکرێت چەندان وشەی لە یاد چووبێت.. ئەکرێ شتانێکی لە خۆ گرتبێ کە «وتە» نەبن.. ئەکرێ جار بەجارێ لە ڕووی تەرتیبی هیجائی وشەکانەوە پێش و پاش ڕووی دابێ. ئەبێ ئەوەش بڵێم کە: زار یان زمانی هۆرامی لەوەی کە من نووسیومە، فراوانتر و قوڵ ترە و من هە ر ئەمەندەم لێ هەڵکڕاندووە. لە لایەکی ترەوە ئەم فەرهەنگەی من لە بازنەی شێوەزاری هۆرامی ئەم دیو - هۆرامانی عێراق - نە ترازاوە و دەستی بۆ وشەی هۆرامانی ئەودیو - هۆرامانی ئێران - بەدەگمەن نەبێت نەبردووە، بە هیوای ئەوەی کەسێک لە ڕۆڵەکانی ئەوێ، ڕۆژێک لە ڕۆژان بەو کارە پیرۆزە هەڵسێت.

لێرەدا ئەبێ ئەوەش بگوترێت، کە ئەم فەرهەنگە دەستی بۆ کار ( فعل) نەبردووە. ئەگەر وشەگەلێک بینران و خوێنەر پەنجەی بۆ کێشان و گوتی: «ووشەکانی وەک: لۉای، ئامای، شی یەی، مەرڎەی و.. هتد. فرمانی ڕابردوون و بکەرەکەشیان کەسی دووەمی تاکە و «ی» یەکەی کۆتایی ڕاناوی لکاوە». لە وەڵاما پێی دەڵێم: ئەوەی کە تۆ دەیڵیێ ڕاستە. بەڵام من لێرەدا وەکو چاوگ هێناومن و چاوگیشن، ئەو «ی»ەش کە دەبینرێت، ئەوە «ی»ی چاوگە نەک جێناوی تاکی کەسی دووەم.

شتێکی تری زۆر گرنگ و ڕۆشن لە «ۉەرقوڵ»دا دەبینرێت، کەوا لە فەرهەنگە کوردی یەکانی تردا یان بوونی هەر نی یە، یان نابینرێت، ئەویش باس و باتووری ڕەگەز (جنس)ی نێر و مێ یە. ڕەگەز لە هۆرامیدا زۆر بە ڕوونی و بە نیشانەی ئاشکراوە دەر ئەکەوێ. هەر شتێ بگریت لە هۆرامیدا، ج نسەکەی یان نێرە یان مێ. بۆ دەرخستن و نیشاندانی ئەم ڕاستی یە زانستی یە، من هاتووم ڕەگەزە نێرەکەم کردووە بە بناغە و پێشم خستووە، بە دوای ئەودا نیشانەی لێکدان (×) م داناوە و بەدوای ئەویشدا مێینەکە- کە لە هەمان وشە یان بێژەوە - هاتووە. وەک: «درێژ × درێژە، باریک × باریکە، کریْکار × کریْکارە، نانەۉا × نانەۉێ و... هتد».

چاوگ - وەک من بزانم - لە زارەکانی تری کوردیدا یەک شێوە (صیغە)ی هەیە، کەچی لە زاری هۆرامیدا - بەتایبەتی چاوگی داڕێژراو و لێکدراو - دوو تا سێ شێوەی هەیە واتاکەشی هەر هەمان و اتایە. بۆ نمونە: (داڕشتن، تێ کردن ) بەم دوو شێوەیە دادەڕێژرێن: «ئەرەمتەی، ئەنە کەرڎە ی»، «متەیرە/ متەیەرە، کەرڎەینە / کەرڎەیەنە». نموونەش بۆ ئەو چاوگە لێکدراوانەی کە دووبارە بوونەوە و دووبارە کردنەوە دەگەیەنن. وەک: «پاک بوونەوە، پاک کردنە وە ) بەم سێ شێوەیە ئەنجام دەدرێن:

١- «پاک ئەۉە یی یەی، پاک ئەۉە کەرڎەی».

٢- «پاک بی یەیۆ، پاک کەرڎەیۆ».

٣- «پاکۆ بی یەی، پاکۆ کەرڎەی».

دیاردەیەکی تری زۆر لەبەرچاوی ئەم زارە ئەمەیە هەموو شتێک بچووک کراوە (تصغیر)ی هەیە، گەورەترین گەورە هەتا بچووکترین بچووک، پابەند و گەردنکەچی ئەم یاسایەیە. بەڵام من ناچار نەبووبم، دەستم بۆ ئەو دیاردەیە نەبردووە، هەتا قەبارەی فەرهەنگەکە زۆر قەبە نەبێت و لە قەبارەیەکی بچووکدا بمێنێتەوە. بە کوردی و بە کورتی: هەوڵم داوە کە کورت دادڕبم نەک درێژ دادڕ. من «ۉەرقوڵ» م کردووە و ژەمەسەرەکی یەکەم هێشتوەتەوە بۆ کەسانی دوای خۆم .

 

چەند سەرنجێک

داوا لە خوێنەری هێژای ئەم فەرهەنگە ئەکەم، لە پێش خوێندنەوەیدا، بەوردیی ئەم چەند سەرنجە بخوێنێتەوە و چاک چاکیش لێیان تێ بگات:

١ - من نەم گوتووە و هەرگیز ناشڵێم کە شێوەزمان یان زاری یاخۆ زمانی هۆرامی هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بەم شێوەیەی ئێستا بووە کەمن نووسیومەتەوە. بەڵام ئەڵێم بە بیرەوەری من تا ئەمڕۆ، خەڵکی هۆرامانی عیراق بەم شێوەیە دواوە و دەدوێ

٢ - هەردوو وشەیەک کە نیشانەی (×) یان لە نێواندا هەیە، ئەوە وشەکەی دەستە ڕاستیان نێر و ئەوەی دەستە چەپیان مێ یە، ئیتر ڕەگەزەکە حەقیقی بێت یان مەجازی.. ماددی بێت یان مەعنەوی.

٣ - ئەم فەرهەنگە کار (فعل)ی تێدا تۆمار نەکراوە، هەروەها بە دەگمەن و لەبەر زەرورەت نەبێ، ناوی تایبەتیشی نەگرتووەتە خۆ.

٤ - گەلێ وشە هەن کە تایبەتن بە مەحاڵی هۆرامان و میللەتی هۆرامانەوە، هاو واتایان لە سۆرانیدا نی یە، ئەمەش ناچاری کردووم کە بە شەرحێکی زۆر کورت و خەست دەریان ببڕم.

٥ - هەندێ پیت هەن لەهۆرامیدا، کە وەک پاشگر ئەلکێن بە ناوێکەوە، ئەو کاتە واتای وشەیەک یان پێشگر و پاشگرێک دەبەخشن. ئەمە لە سۆرانیدا وێنەی نییە. وەک: «ۆ» کە دەچێتە سەر دەیان وشەی وەک: سەر، بان، پار، شار، هەڵەبجە و... هتد و دەبێ بە «سەرۆ: لەسەرەوە / بە سەرەوە.. بانۆ: لە بانەوە.. بە بانەوە.. شارۆ: لە شارەوە / لە شارەوە.. هەڵەبجۆ: لە هەڵەبجەوە / بە هەڵەبجەوە. شتانی تری وەک: «ۆری،ەرە،ەنە» شمان لەو جۆرە هەیە.

٦ - ئەم فەرهەنگە، دوورنی یە هەموو شێوە زمانی هۆرامی یان هەمووی هۆرامی نەبێت. واتە، ئەکرێت گەلێ وشە لە یاد کرابێت و گەلێ وشەی نا هۆرامی تێ ئاخنرابێت .

٧ - کاتی خۆی بەڵێنم دابوو کە پاشکۆیەک بۆ «ۉەرقوڵ» بنووسم بە ناوی «شارۋ و ۉەرقوڵی». سوپاس بۆ خوا، شارۆم کرد و پاشکۆکەشم نووسی، دوای ئەوە لەگەڵ «ۉەرقوڵدا» تێهەڵکێشم کرد و ئەم فەرهەنگەیان پێک هێنا.

٨ - لەوانەیە کەسێک بپرسێت: ئەم فەرهەنگە بۆ چی «هۆرامی/سۆرانی»یە و بۆ چی هۆرامی و شێوەزارێکی تر نەبێ؟ لە وەڵاما ئەڵێم: ئەگەر بە هۆرامی و شێوەزارێکی تر بووایە، ئەو کاتە ئەوترا: ئەی بۆ چی هۆرامی/سۆرانی نەبێت؟

 

شێوە زاری هۆرامی و سۆرانی

هەر کەسێک هەر دوو شێوە زارەکە (هۆرامی و سۆرانی) بە باشی بزانێت و بەشێک لە زانستی زمان شارەزا بێت و، بە چاوی دیراسە و لێکۆڵینەوەوە بۆیان بڕوانێت و سووکەڵە بەراوردێکیان بکات، من وای بۆ دەچم کە سێ بیرۆکە، یاخۆ سێ بۆچوونی لەلا دروست دەبێ، ئەو کەسە خۆیشی نازانێ کام لەو سێ بیرە، یان سێ بۆچوونە لە دوانەکەی تر ڕاست تر و بەجێ ترە. ئەو سێ بیرۆکە و بۆچوونەش ئەمانەن:

١ - کاتێ کە ئەبێنی لە هەردو زارەکەدا، دەیان و هەزاران وشە کوت و مت هەر یەکن - نەک وەک یەک - یەکسەر ئەڵێ: هەردوو زارەکە هەر یەک زارن، یەک شتن. ئەها سەیری ئەم وشانەی هەردوو لا بکە: دەم: دەم، قاچ: قاچ، نان: نان، ئاسمان: ئاسمان، هەوا: هەوا، ڕەق: ڕەق، نەرم: نەرم، پیاڵە: پیاڵە، ساج: ساج... هتد.

٢ - لە کاتێکا کە دەیان و سەدان وشە ئەبینی لە هەردوو زارەکەدا، کە لە یەکەوە هەر زۆر نزیکن و جیاوازی یەکی ئێجگار کەم لە نێوانیاندا هەیە، ئیتر یەکسەر دەڵێیت: هەردووکیان دوو لقی نزیک بە یەکی یەک درەختن، بەڵام جێگە و درێژبوونەوەی ڕۆژگار هەندێ جیاوازی هێناوەتە نێوانیان. بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونە، سەدان و هەزاران وشەی لەم جۆرەیە: ئاو: ئاۉی، سەر: سەرە، سەرین: سەرەنگا، شەو: شەوە، ڕۆژ: ڕۋ، دەستەڵات: دەسەڵات، با بردوو: ۉا بەرڎە، مردوو، مەرڎە... هتد.

٣ - بەڵام کاتێک کە دەگەیت بە هەزاران وشەی وەها، کە نە قەد و نە ڕەگ و نە چاوگیان لە یەک ناچێت و، بۆن و شێوە و لەرە و ئاهەنگ و مۆسیقایان بە قەدەر دووری نێوان ئاسمان و زەوییە، ئەوسا لە بەردەم ئەم ڕاستی و واقیعەدا، ناچار ئەبێت بەبێ رووپامایی بڵێیت: «هۆرامی و سۆرانی، باوکیان نەک هەر لە مزگەوتێکدا، بەڵکو لە وەڵاتێکیشدا پێکەوە نوێژێکیان نەکردووە»، وەرە تەماشای ئەم وشانە - هەر بۆ نموونە - بکە، بزانە چەندێ لێکتر جیاواز و لە یەکەوە دوورن: کەو: ژەرەژی، گورچیلە: ۉڵک، کوڵان: گریای، ئانیشک: هەرەژنە، قەزوان: ۉەنی، کراس: گجی، ئەسپێ: هەشپشی، خانوو: یانە..... هتد.

ئەم بڕیاردان و بڕیار کاریی یە کاری من نییە. کارێکی لەم جۆرە پیاوی تایبەتی خۆی ئەوێ، مێژوو و بەڵگەی مێژوویی دەوێ، توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەکە، بەڵگەی زیندوو و زانستی یانە دەخوازێ، کارێکی ساف و سۆڵ و ئاسان نییە. کاری منیش لێرەدا دانانی فەرهەنگێکە و بەس.

من هەر ئەوەندە دەتو وانم کە بڵێم سوکنابوونەوە لە: هۆرامی و سۆرانی لە لایەنی جوگرافیی یەکترەوە زۆر نزیکن، مامەڵە و تێگەڵاویی و هەڵسوکەوتیان پێکەوە زۆر و دێرین و گەرم و گوڕە، ئەم ڕەگەزانەش بە درێژایی مێژووی پێکەوە بوونیان، دیارە کاری سروشتی و ڕەنگدانەوەی کاریگەرییان هەبووە لەسەر هەر دوو لا.

 

پیتەکانی زاری هۆرامی

پیتەکانی نووسینی ئەم فەرهەنگە، هەر ئەو پیتانەن کە سەدان ساڵە لە ناوماندا باون و زمانی کوردییان لە عێراقدا پێ دەنووسرێت. ئەم پیتانە لە ناوماندا بە «ئەلف و با»ی عەرەبی ناسراون، کە عەرەبیش وەک میراتیی لە ئارامییەکانەوە بۆیان بەجێ ماون. ئەو پیتانەی کە تاکوو ئێستا زمانی کوردییمان پێ نووسیونەتەوە، ئەم بیست و حەوت پیتەن: «ئ، ب، پ، ت، ج، چ، ح، خ، د، ر، ز، ژ، س، ش، ع، غ، ف، ق، ڤ، گ، ک، ل، م، ن، و، ه، ی». دیارە هەر یەکە لە «ر، ل» دوو جۆری هەیە کە باریک و قەڵەوە.. هەروەها هەریەکە لە «و، ی» سێ جۆری هەیە: «و، ۆ، وو.. ێ، ی، یی» .

بە ڕای من ئەم پیتانە لەبارن بۆ نووسینی زاری هۆرامی، دەتوانن لە سەددا نەوەد و نۆی زمانی کوردی -بەگشتی- بنووسن. ئەوەندە هەیە، زۆریی سەر و بۆر و ژێرە و زۆریی ددانەکانی «س، ش» و، زۆریی ژمارەی خاڵەکانی هەندێ لەو پیتانە، کاری زوو نووسین بۆ نووسەر شێنەیی ئەکات و دوای ئەخات.

بۆ نووسینی زاری هۆرامی بەو پیتانە، پێویستمان بەم چوار شێوە پیتەی تر هەیە:

  1. پیتی «ڎ» کە پیتی «دال»ە و سێ خاڵی ئەخرێتە سەر. دەنگی ئەم پیتە لە زارەکانی تردا نییە، تەنها و تەنها هۆرامیزانێکی کارامە ئەتوانێت وەک خۆی دەری ببڕێت، هەر وەک چۆن پیتی «چ» تەنها عەرەب یان عەرەبیزانێکی کارامە دەتوانێ دەری ببڕێ. پیتی «ڎ» پیتێکی نەبزوێنە و هەمیشە ئەکەوێتە سەرەتا یان کۆتایی بڕگەوە. وەک: دڎان، مەکڎان، چەنڎان، بەهرەمەنڎ، دڵشاڎ، مراڎ... هتد».
  2. پیتی «ۉ»، کە «واو» ێکە و هەشتێکی بچووکی بەسەرەوە ئەکرێت. ئەم پیتە دەنگی «ڤ»ی لێ ئەبیسترێت، نابێتە بزوێن، ئەکەوێتە سەرەتا و کۆتایی بڕگەوە، بڕوام وایە لە بنەڕەتا «ڤ» بووبێت و گۆڕانی بەسەرا هاتبێ. تەماشای ئەم وشانە بکە: «ۉاران، ۉەرۉە، ψۋیرەگا، شەψۋی، ئاۉی، گاۉ، نۋباۉ، گوڵاۉ، پڵاۉ..... هتد».
  3. پیتی «ۋ» کە پیتی «واو»ە و زەنە (سکون) ێکی بچکۆلانەی بەسەرەوە ئەکرێت. دەنگی ئەم پیتە ئەکەوێتە نێوان دەنگی ئەم دوو واوەوە «و، ۆ». پیتێکی بزوێنە و هەرگیز ناکەوێتە سەرەتای بڕگەوە. سەرنج لەم وشانە بدە: «برۋ، مرۋ، دۋ، کۋ، ڕۋڵە، تۋپە، کڕۋڵ، دهۋڵ، ماسۋڵکە، زەنگۋڵ... هتد».
  4. پیتی «یْ»، کە «ی» یەکی نیمچە کراوە یە و بازنەیەکی بچووکی ئەخرێتە سەر. ئەکەوێتە نێوان دەنگی «ی» و «ێ». هەرگیز لە سەرەتای بڕگەوە نایەت، دەکەوێتە ناوەڕاست یان کۆتایی بڕگەوە، چونکە بزوێنە. وەک: «تیْر، سیْر، دلیْنە، شەψۋی، پیْۉە، کناچیْ، کوولەکیْ، مووریْ، کیْڵانیْ... هت د» . هەروەها دەبێتە نیشانەی سەرەکیی کۆ لە زاری هۆرامییدا. بۆ نموونە: زاڕۆڵیْ: مناڵان، کوڕیْ: کوڕان، کنایْ: کچان، بزیْ: بزنان، تەۉەنیْ: بەردان، ساۉیْ: سێوان... هتد.

ئەو نیشانانەی کە دەخرێنە سەر «ۉ، ۋ، یْ» داهێنانی منە و هیچ کەس پێشم نەکەوتووە، ئەکرێت بڵێم کە کەشف کردنی ئەو سێ پیتە کاری من بوو. بەڵام کەشف کردن و نیشانە دانان چ وەک سێ خاڵ یان چ وەک هەشتێک بۆ «د» و کردنی بە «ڎ /ۮ»، لە سەرەتای شەستەکانەوە سەری هەڵداوە. بەم جۆرە هەرگیز نابێت و ناکرێت دەست بەرداری ئەو چوار شێوە پیتە ببین، چونکە زاری هۆرامی بەبێ ئەوانە هەرگیز وەکو خۆی نانوسرێت. ئەو کەسانەش کە «ۋ» بە «ۆ» و «یْ» بە «ێ» دەنووسن، تەواو هەڵەن و ئەوەی دەینووسن هەڵەیە و شتانی جۆر بە جۆر تێکەڵ بە یەکتر ئەکەن .

لە کۆتایی ئەم پێشەکی و باسانەدا، بە وێرانەوە ئەتوانم بڵێم: زمان یان زاری هۆرامی، خۆی بۆ خۆی دەریایەکی فراوانی قووڵی پڕ لە مرواریی یە. کەسانی مەلەوانی زانا و دڵسۆز و دەست پاک و لێ بڕاو و ماندوو نەناسی ئەوێت، هەتا ئەو مروارییانە لە بنی ئەو دەریایەدا دەر بێنن و، لە پیشانگادا بینەران و شەیدایان و کڕیارانیان لێ کۆ بک. مەر هەر ئەو کاتە گرنگیی و مەزنایەتی زاری هۆرامیەنەوە وەک خۆی دەر بکەوێت .

داخەکەم ! ئەم زارە دەیان ساڵە کەساس و بێ ناز و هەتیو و بێ کەس کەوتووە.. خراوەتە لاوە و پشت گوێ خراوە.. پەردەی ڕەشی فەرامۆشی بەسەر ڕوخسار و ناوەڕۆکە بەهادار و قەشنگەکەیدا کێشراوە.. لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی گوڕ و تینی خۆیەوە، هەر بە زیندوویەتی و تەڕ و پاراوی ماوەتەوە و، سیفات و تایبەتمەندیی یەکانی خۆی بە ئەمانەتەوە هێشتووەتەوە.

من لەم کۆتایی یەی تەمەنمەوە، وەک ڕۆڵەیەکی ئەم زارە، هەستم بزواوە و کەللەم هاتۆتە جۆش، شەیدایی و ئەوینی مەلە کردنی نێو ئەم دەریایە، سەراپای داگیر کردووم. نیاز و ئارەزوو و ئاواتم ئەمەیە، ئەوەی سەبارەت بەم زارە ئەیزانم و ئەیتوانم، درێغی نەکەم و ئەنجامی بدەم. تا ئەو ڕۆژەی کە دڵم لە لێدان ئەکەوێت، بە دڵسۆزانە خزمەتی بکەم. بەڕاستی زمانەکەم وەک شاخەکانی هۆرامان بڵندە.. وەک گوڵ و گوڵاڵە و دار و درەختەکانی ڕەنگین و بۆن خۆشە.. هەروەک کانیاو و تاڤگەکانی زوڵاڵە.. قووڵی و فراوانییەکەشی، لە قووڵایی و فراوانی بیر و مێشک و خەیاڵی میللەتی هۆرامانەوە سەرچاوەی گرتووە.

 

جمال حبیب الله فرج «بێدار»

هەڵەبجەی شەهید.

٢٤ی شوباتی ٢٠٠٦ زایینی بەرامبەر ٢٥ی موحەڕڕەمی ١٤٢٧ کۆچی