پێگەیشتنی زمانی کوردی

From the Book:
Ferhengî Xall
By:
شێخ محەممەد خاڵ
 1 minutes  1353 views

سەرچاوەی کوردی زمانی «ماد»ی کۆنە کە ئاوێستای «زەردەشت» پێغەمبەر بەو زمانە هاتووەتە خوارەوە. زمانی کوردی -وەک هەموو شتێکی زیندوو- لە دایک بووە و، بەرە بەرە پێگەیشتووە و خۆی داڕشتووە، ئینجا بە هەزاران تاشین و ڕێکخستن و بیراز و چەکوشکاری بەسەردا هاتووە و، لە بڕبەند و هەسان دراوە و، بەرەبەرە بەپلەی ئاوەدانی و شارستانیدا سەرکەوتووە، تا لە دوادەمی دەوڵەتی ماددا گەیشتووە بە پلەی هەرەبەرزی شارستانێتی، یەکێک ئەگەر بەچاوێکی وردبوونەوە تەماشای ئەو وتە کوردییە کۆنانە بکا کە «ماد» بۆیان بەجێ هێشتووین و، ئێمەش لە داوێنی فەرهەنگەکەمانەوە هێندێکی گرنگی -کە شوێنیان لە زمانی کوردیدا چۆلە- بڵاو دەکەینەوە، تێ دەگا کە زمانی کوردی دوو سێ هەزار ساڵ لەمەو پێش بەرزترین و دەوڵەمەندترین زمان بووە.