
«فەرهەنگی گەڕۊس» لە ڤەژینلێکسدا دانرا
«فەرهەنگی گەڕۊس» بەرهەمی «ڕەزا سوهرابی» و «جافر سریشابادی»، فەرهەنگێکی کوردیی خوارین بۆ کوردیی ناوین و فارسییە کە ساڵی ٢٠١١ «زانستگای کوردستان» لە سنە چاپی کردووە. ئەم فەرهەنگە دەوڵەمەندە ٨٥٨٨ سەروشەی تێدایە کە تایبەتن بە شێوەی ناوچەی گەڕووس کە ناوەندەکەی شاری «بیجاڕ»ە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سنە. پێشەکییەکی باشی لەسەر ناساندنی شێوەی گەڕووسی و ڕێنووس و سەرچاوەکانی فەرهەنگەکە هەیە، هەروەها لە پاشکۆکانیشدا چەند نموونەی دەقی گەڕووسی و پوختەیەک لە ڕێزمانەکەی هێنراوە. فەرهەنگی گەڕۊس نە تەنیا لە باری وشەوە خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی کردووە، سەرچاوەیەکی باشیشی خستووەتە بەردەستی توێژەرەکانی بۆ ناسینی کولتووری تایبەتی ناوچەی گەڕووس وەک چنینی فەرش و قاڵی و ڕێوڕەسمەکانی مەزهەبی شیعە.
نووسەرەکان
- «ڕەزا سوهرابی (رضا سهرابی)» (١٩٧٢-٢٠٢١) ئەندازیار و نووسەری بەناوبانگی ناوچەی گەڕووس بوو کە بەداخەوە بەهۆی پەتای کۆرۆنا فەوتی کرد.
- «جافر سریشابادی (جعفر سریشآبادی)» (لەدایکبووی ١٩٧٥) نووسەر و مامۆستای خوێندنگە و ماستەری زمانناسییە و هەروەها بەڕێوەبەری کۆڕی ئەدەبیی کوردیی «ویرا»یە لە شاری بیجاڕ.
کێشەکان
بەداخەوە هەندێک کێشە لەم فەرهەنگەدا دەبینین کە هیوادارین بۆ چاپی نوێ پێیدا بچنەوە و باشتری بکەن:- جۆری ڕێزمانیی وشەکان (ناو، ئاوەڵناو، کردار و...) دەستنیشان نەکراون.
- ئەگەرچی گەردانکردن (صرف)ی کردارە تایبەتەکان لە ماناکاندا هێنراون بەڵام پێویستە بۆ هەموو کردارێک ئاماژە بە ڕەگی ڕانەبردوو بکرێت کە بۆ خوێنەری بیانی ڕوونتر بێت.
- چون بزرۆکە لە شێوەی گەڕووسیدا ڕۆڵێکی بەرچاوتری هەیە، باشتر بوو لە هەموو سەروشەیەکدا دیاری بکرایە.
- لە ماناکاندا کە بە کوردیی ناوین نووسراون هەڵەی ڕێنووسی هەیە، هەندێک جاریش بە شێوەی موکریانین و جار جاریش سنەیی کە باشتر وایە هەموویان بە شێوەی باوی ڕەسمی بنووسرێنەوە.
بەشداربووان لە دانانی فەرهەنگەکە لە ڤەژینلێکسدا:
- سوپاس بۆ «جافر سریشابادی» کە فایلی فەرهەنگەکە کە بە بەرنامەی «زَرنِگار» تایپ کرابوو، نارد بۆمان.
- سوپاس بۆ «خوسرەو مەعرووفی» کە دەقی فەرهەنگەکەی گواستەوە بۆسەر بەرنامەی «وۆرد».
- سوپاس بۆ «گەلاوێژ ئەحمەدی»، «ئارەزوو فەتحی»، «ژینۆ داداک» و «سومەییە نیکپوور» کە دەقی فەرهەنگەکەیان تایپ کردەوە.
- سوپاس بۆ «ئاسۆ مەحموودی» کە دەقی فەرهەنگەکەی ئامادەی کرد بۆ داتابەیس.
پیتە تایبەتەکانی فەرهەنگی گەڕۊس
(ئامادەکردنی: ئاسۆ مەحموودی)هەر وا کە لە پێشەکیی فەرهەنگەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، بۆ نووسینی وشە گەڕووسییەکان سێ پیت بە ئەلفوبێی کوردیی ناوین زیاد کراون کە بریتین لە:
- واو بە دوو خاڵ لەسەرەوە (ۊ): (بیبیسە) پیتێکی بزوێنە (vowel) کە لە کاتی بێژەکردنیدا زمان و ددانەکان لە حاڵەتی «î»دان بەڵام لێوەکان خڕ دەبنەوە. وەک وشەکانی «خۊن» و «خەسۊ».
- گافی حەوتدار (گٚ): (بیبیسە) لە شێوەی گەڕۊسیدا «گ» و «د» تووشی کلۆر بوون (lenition) دەبنەوە واتە لە حاڵەتی کۆنسۆنانت بوونیان کەم دەبێتەوە و بە بزوێن نزیک دەبنەوە. نووسەرکانی ئەم فەرهەنگە هەر دوو حاڵەتەکەیان بە پیتی گافی حەوتدار دیاری کردبوو. بۆ ئەوەی کە بۆ خوێنەری شێوەزارەکانی تر نامۆ نەبێت، دانە دانە بە گافە حەوتدارەکاندا چوومەوە، ئەگەر دالی کلۆر بوو کردم «ڎ» و ئەگەر گافی کلۆر بۆ کردم بە «ڴ» (چون گافی حەوتدار لە ستانداردی یوونیکۆددا نییە). بۆ ئەوەی کە لە کاری گەڕانی ڤەژینلێکسدا کێشە دروست نەبێت، ئەگەر وشەکە بە «گ» و «د»ی ئاساییش بنووسن هەر وشەکە دەدۆزرێتەوە.
- نوونی حەوتدار (ݩ): (بیبیسە) لەم نەبزوێنەدا ناوەڕاستی زمان بەرز دەبێتەوە و ڕێگای دەرچوونی هەوا لە دەمەوە دەگرێت و هەوا لەناو لووتەوە دێتە دەرەوە. لە زۆر شێوەی کوردیی ناوینیشدا ئەم دەنگە هەیە وەک وشەکانی «مانگ» و «یانزە» لە لەهجەی سلێمانی و گەرمیان و سنە. لە گەڕانی ڤەژینلێکسدا ئەگەر وشەکە بە دوو پیتی «نگ» بنووسیت هەر وشەکە دەدۆزرێتەوە.