پێشەکیی نووسەر، دۆستی نەزان بەڵای خوایە

لە کتێبی:
هەنبانە بۆرینە
بەرهەمی:
هەژار
 7 خولەک  1188 بینین

دەڵێن مەیموون خۆی زۆر جوان بوو ئەمجار خورووکەشی لێهات. سەرەڕای پەرژوبڵاوی و بێ‌کڵاویمان، لەمەڕ فەرهەنگ و زمان و هەموو عاشتەبایەکی تر، بەتازەگی چینێک مناڵی ڕیش سپی و پیری بەلانک و دەسرازە، بەناوی کوردایەتی تۆخ، لە زمانە بەستەزمانەکەی وا لاواز و پەڕەوازە و بێ خودانمان بوونە مێمڵ، قل‌بەقل و چڵ‌بەچڵی زۆر بەوردی دەپشکنن، هەر وشەیەک بۆنی عارەبیەکی کۆن یان فارسیەکی مردووی هەزار ساڵەی لێ بێت، ئەو زانا کوردپەروەرانەی پێ شێت دەبن. وەک دزێکیان لەناو کادێندا گرتبێ، دوژمنی ڕای ئیمانت بێ، چەی پێ دەکەن! هەروا چەقۆیە و لێی دەسوێن، دەیدەنە بەر پلار و جوێن؛ کارێکێ بەسەر دەهێنن دۆم بە ژنی خۆی نەکردبێ. ئاوڕووی وێژەری وشەکەش بە مەرەدی کاورای پیوازفرۆش ئەوەن! مەڵێ قەڵەم! بێژە پێنووس. مەیژە کاغەز! بێژە تێنووس. نەبێژ دەفتەر! بڵێ پەڕاو.

- ئێمە ئەبێ زوانەکەمان لە وشەگەل بیانی و نامۆ هەڵوەژێرین.

- خێرە ئیشاڵڵا! دەی خودا ممبارەکی کات.

- ممبارەک و خێر و ئیشاڵڵاش لەوانەن کە دەبێ شاربەدەر کرێن.

کەسیش نیە پەنامەکی دەگوێی ئەم تازەبابەتانەدا بسرکێنێ: کاکی هەڵەی پڕ لە پەڵە! کامە گەلی هەرەزلی هەرە دارا و هەرە ڕزگاری سەرزەوی گومان ئەبەی زمانەکەی وشەی نامۆی تێدا نەبێ؟ ئینگلیس؟ ئاڵمان؟ فەرانسە؟ ڕووس؟ کەست دیون، لێت پرسیون؟ تا پێت بڵێن لەسەتا چەندی زمانیان لە یەکتری خواستۆتەوە؟ لە ڕێزمانەکانی ئۆردی، دەری، فارسی و بەنگالی شارەزای؟ ترکی ئەستەمۆڵ دەزانی؟ کە تا ملان لە عارەبی ئاخنیاون. ڕەنگە مەبەستت زمانی عارەبان بێ؟ داخی گران کە عارەبیش وەک پێداویستە نازانی، تابزانی ئەو زمانی وا پان و پۆڕ و بەربڵاو کە هەزار و چوارسەد ساڵە پێنسەد میلیۆن موسوڵمان خزمەتی دەکا، بە هەزاران وشەی نامۆی لە ناو خۆیدا پەنا داوە. تەنانەت قورعانی پیرۆز - کە لە پاکی و ڕەوانیدا مۆجیزاتە - دەیان وشەی نەژاد ڕۆمی، سانسکریتی، پەهلەوی، یۆنانی، کوردی و ئارامی کۆنی تێدایە؛ وەکوو: برهان، دین، ملکوت، طوبا، رضوان، فردوس، ارائک، زرابی، نمارق، کافور، کاس، قواریر، زنجبیل، سندس، ئستبرق، مائدە، ڕزق، زخرف، سراج، صراط، قسطاس، رهبان، دٲب، بیعە، کنز، سراویل، دراهم، بخس، ٲمد، ٲید، صدقات، قطمیر، اصنام، جُناح، سُخط، برزخ، جحیم، تنور، زبانیە، جهّنم، زمهریر، صرصر، شواظ، شنار، قمطریر، غساق، ضنک، شییٔ، کهل، کهف، دلو، یمّ و سراب و هی تریش. [بەڵگەی ڕاستی ئەم مەبەستە لەم کتێبانەی ژێرەودا دەست دەکەون: * المعرب من الکلام الاعجمی علی حروف المعجم، لٲبی منصور الجوالیقی (٤٦٦ -٥٣٩) کۆچی، چاپی میسر. * الالفاظ الفارسیّە المعرّبە، تٲلیف ادّی شیر، ١٩٠٨ زایینی، چاپی بیروت. * المنجد]

خۆ نەخوازا کتێبەکانی عارەبی و عارەبی بە دەم ئاخافتن، هەزاران وشەی ئینگلیزی و فەرانسی و هیندی و ئیتالی و یۆنانی و تورکی و فارسی و کوردی تێ خزاوە ئەوا دەشبینین کە هیچیەک لەو گەلانەی وشەگەلی بێگانەیان لەناو خۆدا هێشتۆتەوە هیچ زەرەرێک وەعەمر و ماڵیان نەکەوتووە و عاسمان کۆڵەکەی نەویستووە و سەربەخۆیی هیچ کامێکیان نەکەوتۆتە بەر بڤەوە.

پسپۆڕانی زمانەزانی لەو بڕوایەن بەشێکی زۆر لە وشەگەلی لاوەکی کە تێکەڵ بە زمانێک بووە و زۆر لە هەواری تازەیدا ماوەتەوە و نەخوێندەواری مێواندار فێری بووە و لەسەر زار و زمان خۆش تێ، نابێ هیچ دەستی لێ بدرێ و ناشێ هەرگیز وەلا بنرێ؛ ئەوە تازە بۆتە مڵک و بەکەڵک دێ و خزمەتکاری بێ‌مووچەیە. پێشوونانیش فەرموویانە: «نۆکەری بێ‌مزە و خەڵات، تانجی سەری ئاغایەتی». بۆ نموونە تۆ بە شوانێک، ڕەوەندێک کە هەر نەزانێ خوێندن بەری بەکوێ‌وەیە، قەڵەم بێژی دەزانێ مەبەستت چیە؛ بەڵام بێژە پێنووس، داخوا، لێت ناپرسێ پێنووس چییە؟ تۆ بۆ ئەوە حاڵی بکەی دەبێ بێژی نیازم لە پێنووس قەڵەمە. واتا تۆ دەبێ کوردیەکەی پەسەندی خۆت تەرجمە کەی تا خاوەنی زمانی ڕەسەن کە چینی نەخوێندەوارە تێ بگا. ئەویش بەچی؟ بەو وشەیەی کە لات وایە عارەبییە و دەبێ لە کوردی دەربکرێ!

هەزاران وشەی وەک قەڵەم، کە بە دۆزین و پشکنین خزمی عەرەبن یان عەجەم، وا لەناو کوردا بۆتە ماڵ کە هەموو کات بەسەر دەم و زارانەوەن و بێ ئەوەن زوانەکەمان بێ پۆ دەبێ. کام کوردی نەخوێندەوار هەس دوکان و قەباڵە و ماڵ و حاڵ و باڵ و قەوم و خاڵ و ئیش و عەمەلە و عەنباڵ و عەتاڵ، بەتاڵ، قەساب و چەرچی و بەقاڵ و قفڵ و سندووق، خەڵک و مەخلوق، شەربە و شەربەت، شلۆق، زەحمەت، مەلا و منارە و میعراب و خودبە و ڕکات و زەکات و سەرفترە و خەرج و بەرات و. جبە و عابا و فەقێ و تەلاق، ئیسقات، خێر و فەرز، نەغد و قەرز؛ جومعە و جەمات، کفن، دفن، ئەلحەد، وەفات، شێخ و ئۆباڵ و جرجاڵ و خەلیفە و زیکر و تالیلە و مرید ترید و سۆفی و جەزمە و خەتم و تەزبیح و ئیشتیای یاپراخ و سواڵکەر و عەزرەت و دوعا و و روحم و حەلامەت و غەزەب، حەشر و قیامەت و تۆبە و شفات ئەزانێ چین؟ لەولاشەوە هیچی تریش شک پێ نابەن کە لەجێگای ئەمانە و هەزارانی تر لەم بابەتانە دانێن. بەڵێ کاکە ئەو گفتانەی بەهاسانی نەخوێندەواران تێی دەگەن و لە ناو خۆیاندا دەیانڵێن، هەزار ساڵە بووگنە کورد و هەزار ساڵی لووت هەڵکەی و قۆڵ هەڵماڵی و خۆ لە هەزار بەردودار دەی، لە کوردی ناشۆرێنەوە، بۆ سواغدانی شەرم و شوورەیی نەزانی، قسەی عارەبی ڕەق و تەقی حەلەق مەلەق، ڕستەی ئینگلیسی و فەرانسی بەناز و فینگە و مینگەوە کاوێژ دەکەن، سەری خەڵکیان پێ گێژ دەکەن؛ گوایە بە خەیاڵێ خۆیان، خۆیان لە ڕێزی بۆرەپیاگ هەڵداوێرن. بەڕاستی ئەمانە بەڵان، بەڕاستی زمانەکەمان دەشێوێنن. دەبێ بۆ تڕۆکردنی ئەم جۆرە زبڵ و زاڵانە تێ بکۆشین. کۆشینێکی زانایانە. ئەگەر بۆ پاڵ‌پێوەنان و ڕاماڵینی ئەم چەند ڕەزگرانانەش پێودانێکی زانایانە ڕەچاو نەکرێ - وەکوو ئێستا بە پەت‌پساوی دەچتەڕێ - ئەوسا هەرکەس دووپیت و لەتێکی زانی، خۆیمان لێ بکاتە مام هۆرتک، لەوانەیە هەزار ڕەحمەت بۆ خوێنتاڵە قەدیمیەکان بەڕێ بکەین.

گەرەک لە هەموو شێوەکانی زمانزانی لەزەبر لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و کۆڕ ببەستن. یەکە یەکە ئەو وشانەی کە لای نەخوێندەوارانمان بێگانەن و تیان ناگەن، بژار بکەن؛ وشەی هاسانی خۆماڵی لەجێ دانێن. ئەوجار ئەو تازەبژاردەش لەبەر ئاپۆڕەی ڕەمەکی ڕانێن و پرسیان پێ بکەن کە ئاخۆ پەسەندە یانا؟ هەرگا زۆربە دەنگی دایە، ئەوێ دەمێ ڕایگەیێنن کە فڵانە وشەی کرمانجی، لەشوێن فیسار وشەی فشی ئێسک‌قورس و ڕەزاگران دەکاربێنن.

وەک دەشزانن هەتا ئاوها بێ‌خودانین، ناتوانین ئەم کارە بکەین، دڵ‌چەپەڵان لێ ناگەڕێن بەیەک بگەین و تێک بگەین. چاک هەروایە لە ناچاری تا هەل و دەرفەت دەڕەخسێ، بە هەژاریمان بچارین و هەوڵبدەین ئەوی بۆمان لە باپیران ب کەلەپوور ماوەتەوە - تا لێمان نەتواوەتەوە - کەم و زۆر مۆر و بۆری، جسن و ڕەسەن و ناڕەسەن، هەرچی کوردی نەخوێندەوارە فێری بووە و دەیانزانێ، خڕوپڕی کۆ کەینەوە و بۆ ڕۆژی خۆی؛ ئەو ڕۆژەش خوا کەریمە.