پێشەکیی نووسەر، سەرچاوەکان

لە کتێبی:
هەنبانە بۆرینە
بەرهەمی:
هەژار
 4 خولەک  1446 بینین

بۆ لێکدانی ئەم فەرهەنگە جگە لەوەی کە خۆم زانیومە و لە بیرمە، لەم چەند فەرهەنگانەی ژێروش بەهرەوەر بووم:

  • فەرهەنگی خاڵ - کوردی، کوردی. بە زاراوەی سۆرانی و زازا و بادێنی و ئەردەڵانی لە سێ پاژدا.
  • فەرهەنگ ئایەتوڵڵا مەردۆخ - شێوەی کوردی ئەردەڵانی و هەورامانی، ڕاڤە بە فارسی و عارەبی لە دو پاژدا.
  • فەرهەنگی کوردی - عارەبی مەلا خەلیل سولەیمانی - بە شێوەی کرمانجی و شەبەک، چاپ نەکراوە.
  • فەرهەنگی سەیدا جگەرخوون - لە شێوەی کوردی بۆتانی بۆ عارەبی. دووپاژە چاپکراوەکەی.
  • قامووسی سەیدا زەبیحی، دوپاژە چاپکراوەکەی - کە بریتین لە هەمزە و بێ.
  • فەرهەنگۆکی بووز ئەرسەلان - کە کردوویە بە پاشکۆی مەم و زینەکەی شێخی خانی کە بەلاتینی نووسیوە و بە ترکی وەری گێڕاوە.
  • ئەستێرە گەشە - فەرهەنگی کوردی - عارەبی. نووسراوی کاک فازل نیزام‌ئەلدین، چاپی بەغدا.
  • فەرهەنگا کوردی نوژەن - کوردی - عارەبی، بە قەڵەمی مامۆستا عەلی سەیدۆگۆرانی، چاپی عەممان - ئردن.
  • فەرهەنگی دملکی (زازاکی) - شێوەی زارازی بە تورکی ئەستەموڵی و بەخەتی لاتینی، نووسراوی مامۆستا مال میسانژ، چاپی چاپخانەی ژینانو، پاریس ١٩٨٤.
  • فەرهەنگی کوردی - ترکی، بە خەتی لاتینی، نووسراوی د. ئیزۆلی، چاپی هولەند ١٩٨٧.
  • فەرهەنگۆکی لەکی و لوڕی - فارسی و کوردی کاک حەمید ئیزەدپەناە، واژی کردنی مەحموود زامدار، چاپی بەغدا.
  • واژەنامەی فارسی - کوردی نووسراوی دوکتور تەقی برایم‌پوور، چاپی تاران.
  • مەم و زینی شێخی خانی و دیوانی مەلای جزیزی کە بۆ وشە کرمانجیەکان پشکنیومن.

پڕ بە دڵ سوپاسی ئەو خوشک و برا کوردانە دەکەم کە بەم فەرهەنگەوە خۆیان ماندوو کردووە و لە یاریدەدانم دریغیان نەکردووە، کە ئەمانەن:

  • خانم رزوان متەوەسل، پژووهشگەر لە ئیدارەی پژووهش ئیران زەمین (واحد فعالیت‌های فرهنگی) کە پێش ئاشنا بوونم لەگەڵ سرووشدا هاوکاری کردووم و ئاوات نووسی بە لاتینی خستە ئەستۆ، بەڵام واز لە لاتینەکە هێنرا. زۆریش وشەی زاراوەی سنەی خستە سەر.
  • مامۆستا هادی مرادی، سەیدای دانشگای تاران و دانشگای ئازادی کەرەج، کە زۆر وشەی هەورامانی خستە پاڵ ئەم کتێبەوە.
  • کاک ماجد ڕۆحانی و کاکە مەحموود مفتی، کە بەڕاستی ئەوپەڕی ئەرکیان خستەسەر خۆیان و جگە لە زەحمەتی زۆریان، بەزۆر وشەی شاری سنە و مانای فارسی بڕێ لە وشەکان دەستیان گرتم.
  • کاک سەید ئەحمەد سەعادەتی، کە جیا لە ئەرکی پاکنووسی، گەلێک وشەی ناوچەی لاجان و مامەش و هۆزی پیران و هۆزەکانی موکوریانی بیر خستمەوە.

خوێنەری دەلال و هێژا!

تۆش نەیژی من خۆم ئەیزانم ئەم بەرهەمە هەژارانەم کورت و کەمە و بۆیە نابێ تێر و پاراو دڵ‌ئاوی لێ بخواتەوە؛ لە وزە و هێزی دا نیە پەرسڤی هەموو پرسێکت بداتەوە. زوانی کوردی زۆر لەوە دەوڵەمەندترە کە هەژارێکی وەک من تاک و تەنیا و ئاوارە لە نیشتمان و وەک پێویستە کوردی نەزان و تەرە لە وڵاتی بێگانە بتوانێ لە دە یەکێکی کۆکاتەوە. حەزم دەکرد هەموو وشەی هەموو شێوەکانی کوردیم دەسکەوتایە تا لەسەر ڕووبەری ئەم نامەم ڕابنایە؛ بەڵام بە حەز و ئارەزوو کار پێک نایە. ئەگەر باوەڕم پێ دەکەی من بەپێی هێز و توانای خۆم هیچ درێخیم نەکردووە. ئەگەر خۆم لە پاڵەخۆمدا بە شەرمەزاری نەزانی و دەس‌کورتیم لە خزمەت کردن بە گەلی کوردم دەزانم؛ دەشزانم کە بێتاوانم و لەوە پترم لەدەس نایە. ناوی وشەدانەکەی خۆم ناوە: هەنبانە بۆرینە. کە لە چیرۆکاندا دەڵێن: هەرچیت بۆی دەستی تێخە دێتە چەنگت. جا ئەگەر بۆ وشێک گەڕیای و دەستت لە ژێر هەمانە بۆرەوە دەرچوو، تووڕە مەبە و تووڕی مەدە، هەوڵبدە ئەوەی کە خۆت تووشی نەبووی، یان ئەوانەی کە ئەزانی لەوێدا نین، تۆ لە لاوە کۆیان کەوە و بیاننووسەوە. ئەو خوایە، جارێکی تر من یا هەژارێکی دیکەی لە من چاتر و زاناتر لە چاپەکانی دواڕۆژدا بیانخاتە سەر.

دۆستی ئێوە: هەژار

١٣٦٧/٦/٢٥ شمسی

١٩٨٨/٩/١٦ میلادی