پێشەکیی نووسەر، من و فەرهەنگ

لە کتێبی:
هەنبانە بۆرینە
بەرهەمی:
هەژار
 10 خولەک  1454 بینین

زۆر دەمێک بوو بەئاوات بووم، وشەدانێک هەڵدوورم و زوانی کوردی کۆکەمەوە و بیکەمە نوشتەی سەردڵم. بەڵام چەندم دێناودەبرد، سەرەودەرەم دەر نەدەکرد کە چۆن چۆنی شان بدەمە بەر ئەم ئەرکە. ئەو لەمپەرانەی لەبەرمن. بۆمن هەیهاتە ڕاهی بن:

  • مەودام نییە سەری سەوداییم هەڵگرم، بەشوێن یارا ببمە عەوداڵ، بۆ هەموو سووچ و قوژبنی وڵاتەکەم سەفەر بکەم. گوندبەگوند و دوندبەدوند و دەشت و بنار و کەنارانی بۆ بگەڕێم. لە ئاران و هەواران، لە هەر شوێنێ چەند شەوێ شەوێنێ بگرم. لە پرسیاران شەرمێ نەکەم و نەترسم، بپرسم و پەرسڤ و لەو بژنەوم و گوجێ لە ئاڵا بنەوم و بینووسمەوە.
  • داڕژتن و خاڵ و میل ڕشتنی فەرهەنگ بەتەکوزی، دروێنە نیە شنەشن، ئاردپێژانە و گیان کێشانە. تاو لە دووی تاوە، پیت لە شوێن پیت، بەشوێن یەکدا جەلەکردن، هەر وشەیەک لە شوێنی خۆیدا هاوردن، لە جیهانی ژیاری ئەم ڕۆژگارەدا، زانستێ پڕ تان‌وپۆیە و لە دانشگا وانەیەکی سەربەخۆیە. من و خوێندنی دانشگا؟ ورچ و عەبا؟! هەیهووی دەوێ. منی هەژاری ژیان تاڵ، وا لە خوێندندا کرچ و کاڵ، چۆن دەم بۆ ئەم بڤە بەرم؟
  • فەرهەنگ دانان - بام لە زانیاریشەوە بێ - کاری یەکێک و دوان نییە: گەرەک زۆر و زەبەند پیاوی دەمپاراوی پسپۆڕ لە زمانەوانیدا و ئاگا لە زۆر شێوەی جۆرجۆر، لەمەڕ ئامراز و کەرستە تەیار و ساز، ژوانگەیەکیان بۆ دابنرێ و ڕۆژبەڕۆژ لێک کۆ ببنەوە و جگە لە فەرهەنگ داڕژتن هیچ کارێکی تریان نەبێ. منی هەژاری ئاوارەی لەش بەباری تەنیا باڵی شەو خەوزڕاو لە شوێن جێ خەو، ڕۆژ هێزبڕاو بۆ نانی شەو، سیوات واکەم، قورتم واجەم، بچم دەس لە کاری وادەم؟ وشتر و بلوێر لێدانە و ئەوم بە پەندی زەمانە.

وردە وردە تامەزرۆیی مناڵیەکەم کوڵ‌وکۆی دادەمرکاوە تا یەکجاری ژیلەمۆکەشی کوژراوە و بوو بە خۆڵەمێشی سارد و بە فەرامۆشیانم ئەسپارد. کەچی جاروبارە ترک گوتەنی هاردان بیر، لە قوژبنی قووری دڵی شێت و شووری ئەویندارم، ورتەورت و کورکەکورکێ دەهاتە گوێم. عارەب ئێژێ: هەرچی هەمووی دەسناکەفێ، واز لە هەمووی ناهێندرێ؛ تۆ لە سۆنگەی دەربەدەری و چەرمەسەری چەندین ساڵە، لە ناو خاوەن شێوەکانی ناو دەشتایی و کێوەکانی ناو کوردەواریدا ژیاوی! فەقێلە بووی لە موکوریان، هێندت بۆنان چنینەوەی ڕاتوەی فەقێ ئەم ماڵ و ئەو ماڵ کردوە سەی هیچ دەرکێک پێت ناوەڕێ! لەدەس زەبری دەم و دەزگای شای ئێران پەڕەوازە بووی بۆ کوردستانی بەردەست و داگیرکراوی عیراق چووی! لەسایەی نەداریتەوە دەگەڵ خێڵی هەژاراندا بە شوێن ناندا ماڵ پشکنی ئەوێشت کرد! پۆلیسی عارەب ڕاوی نای، لە ناو کوردی شێوە کرمانجی پستاوتی! زۆرجار بەتاڵ کەمجار پاڵە، دەپازدە ساڵ دەگەڵ پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو شێوە و زاراوە، بە بەندەن و کەژ و چیا و شیوەڵەی کوردستانەوە هاوبنکە و هاو سەنگەر ژیاوی. یەکجار زۆرت وشەی کوردی هەمەجۆرە بە لاگوێدا تێپەڕیوە. زۆریشت لە ڕێ متاڵا و خوێندنەوەی نووسراوی کوردی بەچاو دیوە! تۆ هیچ نەوێ ئەم کەمانەی دەیانزانی بیاننووسەوە؛ هەرچی بێ لە هیچ باشترە. دەی وەرە شنگڵ لەخۆ دەوە و هێڵێک لەو کۆدە بکێڵە. ئەو خوایە بەشکە پیاگێ لە تۆ بەبڕشت و زاناتر، ئەم تۆزە ڕوشاندنەی تۆ هانە بدات. بە جووتی کۆتان شوی بکا و تۆمێ باشی لێ‌بچێنێ.

ئەم فەرمایشتانەی دڵەم هەر لەلا خەیاڵ پڵاو بوو. دەمگوت ئەوا گریمان کرد بەدڵم کردی، ئەو کەمەش کەخۆم دەمزانی نووسیمەوە؛ لە کوێی دانێم؟ لە دەلاقە؟ ماڵم هەیە تا دەلاقەی بۆ کرابێ؟ هەتا کەنگێ؟ هەتا ڕۆژێ زڕتە بۆزێکی بێگانەی قوڵەچۆماغی داگیرکەر، بێتە سەری و نازەوە شەمچەیەکەم بۆ پێوەنێ و بە حیلکەوە دەستی لەبەر گەرم وەکا؟ ئەویش وەک چەند بەرهەمی نووسراوی پێشووم - تاڵان کران و سووتان - لێم ببێتە کوڵ و جغار؟ ئەوا نەسووزیا و پوور نەکرا، کێ ڕێم ئەدا چاپی بکەم؟ ڕێگەیان دا؟ مزەی چاپی لەکوێ بێنم؟ چۆنی بڵاوکەمەوە؟ کێ کا بەکڵاوم دەپێوێ؟

نەخێر ئەی دڵ! گەرەکە ئەم ئاواتەشت وەکوو زۆر ئاواتی دیکەت بەریە بن گڵ.

 

لە ١٩٧٥دا کە شۆڕشی ڕزگاریخوازیمان بۆڕی خوارد و جاڕی ئاشبەتاڵیان کێشان، بە دڵپڕی و سەرشۆڕی بەرەو ئێران شۆڕبووینەوە و بوومە پەناهەندە پیرەی بێ جیرەی نان لەسەرخودا. بەرەو تاران هەڵیانداشتم، تا لە کەرەج گیرسامەوە. بۆ خۆم خاوەن ورگ و دەم و، مناڵی نانخۆرشم بوون. ئەبوا بۆ ژیانی ڕۆژانەم هەوڵی بدەم. لەناو پسولێکا نووسیم: من کوردێکی ئاوارەی دنیا گەڕیدە و نیمچە گورگی بالان دیدەم. زوانی زگماکم کوردییە و عارەبی و فارسیش دەزانم، لە زوانی ئازەریشدا کەم تا کورتێک قرتە قرتێکم پێ دەکرێ؛ کێ بە نانەزگ دەمگرێ و دەکارم دەکات؟ وەناو شاری تاران کەوتم، ئاڵقەڕێزی گەلێک دەرگایانم کوتا، کەس نەیوت کێی؟ لە ئاکامی ئەم هەموو گەڕ و خولەمدا، ڕۆژێ لووتم تووشی لووتی سەرگزیری چاپ و پەخشی دانشگا بوو؛ پسولە بۆرم نا مشتی، فەرمووی: ئەگەر تۆ قانوونی ئیبنوسینام بۆ وەربگێڕیە سەر فارسی، فەرهەنگی عەمیدم بۆ وەربگێڕیە سەر کوردی، ئەگەر ئەویشت تەواو کرد فەرهەنگێکی کوردی بە فارسیم بۆ بنووسی، وەدەکەم ئەشتەکت پێ بگا.

منێک کە بڕیارم دابووم جگە لە کوردی نەنووسم، دەمگوت چرا هەتا بۆ ماڵەخۆ پێویستە ناشێ بدرێ بە مزگەوت، وا نانیشم لێ پەڕیوەتەوە پشتی شێر. دوودڵ ماوم؛ دەیکەم خزمەت بە وێژەی گەلی خۆم نییە، نایکەم نانی ڕۆژانەم چتۆ پەیداکەم؟ چاری ناچارم ملم بۆ مەرج ڕاکێشا. لە ئیدارەیەکی میری بە هەقدەستێکی ڕۆژانە، بە لەقەمی پژوهیشگەر دامەرزام و شانم دایە بەر کارەکە و ملم لێ نا هەوەڵ پاژی قانوونە ئیبنوسیناکەم کردە فارسی. پەلاسی وشەدانەکەی فارسی کوردیمم هێشتا لەدار نەکرابۆوە، گێژەڵۆکەیەک هەڵیکرد کڵاوی پاشا با بردی. پشیلەی کەلەم بە کۆڵی درووشمی ئاڵای شاهەنشا سەدخۆزگەی بە فسۆس دەخوارد. پشتە و باهۆز کلکی خستە گەڵۆزەوە تۆزی دەکرد. سەی لەپاشەوە نەدەژیا، لە شەکەتیان جووت پاشوی دەپۆزی هەڵقا و گەلارەوە بوو، چوار پەلی ڕاکێشا و تۆپی.

بەرەی تازە وە سەرکەوتوو وەخۆ کەوتن، داوێن و قۆڵیان هەڵماڵی، بە گەسکوبێڵ وەزیر، وەکێڵ، سورباش، ڕەشپاش، سەردار، ژێردار، سەرکار، بەرکار، هەرکەسێکی دەنکە جۆیەکی دەگەڵ شا لەسەر ئاخوڕ کرۆشتبێ، یان جۆی بە شا فرۆشتبێ، پاک کردەوە و ڕایان ماڵی. ڕوانیانە من کە لە تابووت نزیکترم تا لە تاغوت. نە جۆر نە کافرۆشم. خوا خوایان بوو داوای بەشە خێرێک نەکەم! گوتیان لەمەوبەر چیت ئەکرد. ئێستەش بیکە. ئەم کارەی تۆ هیچ زەرەری بۆ پەز نیە.

قسەکە لەناو خۆمان بێ - وەک پێم گوتن - من ئەم کارەم کە لەبەر ناچاری دەکرد، وەکوو بێگارێک دەزانی کە هیچ دڵم پێ خۆش نەبوو. بە قێز و بێزەوە دەمکرد. بەڵام دوای ماوەیەک دیتم ئەم وردە وردە بێگارە قەبارەی بەرز بۆتەوە، خوانەخوایی زۆری وشەی کوردەواری دەخۆیدا کۆ کردۆتەوە. تۆزێک دڵی گەرم کردم، وتم شایەت ئەمەش ڕۆژێک وەکار خۆی بێت. سەرگەرمتر دەسم دایە و ئەمەی کە ئیسە دەیدوونن، بەرهەمی ئەو بێگارەیە. [زۆر لە مامۆستا پاڕامەوە کە ئەو هەموو ئەرک و ئازارە بۆ پێک هێنانی فەرهەنگ وەسەرشان خۆی خستووە، پێ نەڵێی بێگار، وەکوو نەیبیستبێ وابوو. خوداش هەڵناگرێ خوێنەری هێژا نەزانێ کە بەڕاستی کارێک مامۆستا هەژار لەبابت ئەو کتێبەوە کردوویە، مەگەر ببێتە فیلم و بەچاو بیبینێ دەنا قەت لە نووسین نایەت. جارێک تەلەفۆنم لێکرد، جوان قسەی پێ نەدەکرا و باش لە فەرمایشەکانی نەدەگەیشتم؛ پرسیم: قوربان نەخۆشیەکەت سەری هەڵداوەتەوە؟ فەرمووی: نا، بەڵام دوو ڕۆژە نەنوستووم و تا ئەوبەشە لە کارەکە (کاری فەرهەنگ) تەواو نەکەم و بۆتی نەنێرم، خەوم لێ‌ناکەوێ. فەرهەنگێک کوردی بە ترکی ئەستەموڵی کە بە لاتین نووسرابووەوە، دەستی کەوتبوو؛ باش لە ئەستەمبوڵیەکە نەدەگەیشت. ئەمجار فەرهەنگێک ترکی ئەستەمبوڵی بە فارسی هێنابوو، یەک بە یەک مانای وشە ترکیەکانی بەفارسی دەدۆزیەوە تا مانای دێرە ترکیەکەی بۆ دەردەکەوت و بەم جۆرە تاقە وشەیەک کوردی دەدیتەوە. کەوابوو بۆ دیتنەوەی وشەیەک لای‌کەم سەعاتێک خەریک دەبوو.

شەوێک لەبەر کاری زۆر و شەکەتی و بێ‌خەوی حاڵی تێک چووبوو؛ لە بیمارستان چەند دوکتور کە دیتیان، کوتیان دەبێ قەت خۆی ماندوو نەکا و شەو و ڕۆژ لە شەش سەعات زیاتر نەنووسێ و هەشت ساعت بنوێ. بەڵام ئەگەر هاتەوە ماڵ، زۆر شەوان تابەیانی وەخەبەر دەبوو و کاری دەکرد، هەرچەندیش دەپاڕاینەوە گوێ نەدەدا. لە ئاکامدا سوێندم بۆی خوارد ئەگەر شەوان لای‌کەم چوار سەعات نەنوێ، کارەکە بەجێ دێڵم. خوێنەری بەڕێز! لەو چەندساڵەدا کە مامۆستا شانی داوتە بەر کاری فەرهەنگ، لەم چەشنە چۆ ماندووکردن و لە خەو و خواردن بووردن لەبەر کاری زۆر، کەم نەبووە بگرە زۆرتر، هەروای کردووە؛ جا خۆت دەکەمە قازی بەوە؟ دەبێ بڵێی بێگار؟!].

ڕەنگە گازندان هەر بکەن کە بۆچە تۆیش هەر وەشوێن ئەوانەدا چووی کە خۆت گلەییت لێ کردوون. چما بە عارەوی و فارسی فەرهەنگمان بۆ ئەنووسێنن؟! سەرکۆنەی ئێوەم قەویلە، بەڵام چی بکەم، ناعیلاجی گەلێک ئیشان بە پیاو دەکا [لێرەشدا ناعیلاج دەبێ ئەوە بێژین خۆاوڕاسان هەوەڵ جار قەول و قەرارمان لە سرووش، پێکهێنانی فەرهەنگێکی کوردی بە کوردی بوو. بەڵام لە کۆبوونەوەیەکدا پێشنیار کرا ئەگەر دێڕی فارسیشی لێ زیاد کەین، قازانجی زۆرتر دەبێ؛ ئەوا هاتوو کودێک هەبوو نەلە وشەکە تێ گەیشت نەلە شەرحی کوردیەکەی، با فارسیش بۆی مانای کەین، بەڵکوو تێ بگا. کە لە ئێران زۆرتر لە کوردان - بە ناشوکری نەبێ - فارسی لە کوردی باشتر دەزانن و بگرە کوردی هەر نازانن. هەروەها دەبێ فارس زمانێ یا فارسی زانێ وشەیەک کوردی ببیسێ و بیەوێ ماناکەی بزانێ، بۆ ئەو تاقمەش بێ کەڵک نیە.

لەسەر ئەو پێشنیارە دێڕی فارسیش لە فەرهەنگ زیاد کرا. بەڵام، «ئەرێ فڵان شت و فیسارە وشە بەفارسی چی پێ دەڵێن؟» دەردێکی پێ داین، مەپرسە! جا کە وا بوو، ئەبێ بێژین ئەم فەرهەنگە لەڕاستیدا کوردی بە کوردی بە فارسیە و لەوانەیە و مامۆستا گلەی لێ کردوون جیاوازە - محمد ماجد مردوخ روحانی] بەهومێدم ئەوکەسانەی لە دواڕۆژا فەرهەنگی کوردی بە کوردی و تەکوز و ڕێکتر دەنووسن، لەم کارە نەبەگەی منیش، کەم بێشێک سوود و بەهرە هەڵکرینن. خودا یاربێ.