پێشەکیی نووسەر، نرخی فەرهەنگ

لە کتێبی:
هەنبانە بۆرینە
بەرهەمی:
هەژار
 9 خولەک  1544 بینین

زۆر لە ڕۆژ ئاشکراترە؛ پێناسی گەلان لە جیهان، درۆشمی نەتەوایەتی، ئامیانی ڕەگەزایەتی زمانە و بەس.

گەلێک چەلان زۆر لە گەلانی سەربەخۆی سەرزەمینێ، کە ژێر کەوتوون و زمانی داگیرکەر فێر بوون و زوانی نەتەوەیی خۆیان لە لەدەست داوە، لەناو گەلی داگیرکەردا - کە زوانی خۆی بەزۆر بەسەردا سەپاندوون - تواونەتەوە و هەستی نەتەوەیی خۆیان تەواو لەبیر بردۆتەوە. پێشی ناوێ دانە دانە بەڵگە و نموونە نیشاندەم؛ هەرکەس تارێخان وەخوێنێ، لە هەزار جێ توشی نمونەی زۆر زەق دێت. هەر لە دەوروبەری خۆمان وادەبینین: فینیقی سووریە و لوبنان، قیبتی میسر، ڕەش و برشەکانی سودان و زۆر ڕەشی تری ئەفریقا گەلی بەڕبەڕ لە جەزایر و مەراکێش، ئێرانیەکیانی مەداین، جگە لە هەزار هەزار هۆز و تیرە و ماڵەکوردی پەرژ و بڵاو کە زوانیان بوەتە عارەوی و زوانی خۆیان لە دەس داوە و ئەوە هیچ کە بوونە عەرەب، دەکرێ بێژین لە عارەویش عارەبترن. ئەگەر گەلناس و زانایان لایان وایە تاریخ بۆ داری کەونارای گەلایەتی هەموو گەلان وەک شاڕەگەو هەر کۆمەڵێک لە نەژادێکی سەربەخۆ، تاریخی نووسراوی نەبێ، وەک شاڕەگی داری ژینی لەسەر تات‌وەرەقەن ڕوابێ و ئاوی نەبێ شنینەوەی هەر سەرێکەو و تاسەر بە پێوە ناوەستێ و هەروا دێت و بەربەوشکەڵی و گەندەڵی و کرمۆڵی و تێکشکان دەچێ، هەر ئەو گەلناسانەش ئێژن: گەڵا و پەلک و لک‌وپۆپ و چڵ‌وگوڵی ئەوداری بەڵگەی نەژادە، زمانە خۆماڵیەکەیە. وەچ و بەرەی هەر نەژادێک زمانی خۆی پارازتبێ و بە دەوروبەریا هاتبێ، نیشانەی تەڕ و تێراوی ڕەگ‌وبنچی داری مانی وەک نەتەوەیەکی زیندوو نیشانداوە و دیارە ئەو گەلە هەر ماوە و هەر دەشمێنێ و بەخۆدا دێ و لک‌وپۆپ پتر دەردەکا و ڕەشەبا و کڕێوە و باگەڕ، ناتوانێ لەبنی بهێنێ.

بەڵام ئەگەر زوبانەکەی زەبوون بووە و بەرەو کزی و سیسی دەچێ، خویا دەکا ڕەگەزی ڕەگەزایەتی ئەو گەلە لە وشک‌بووندا و، هەر بایەکی تۆزێک بەهێزی لێ هەڵکات، قرچە دەکا و بەلادا دێ و دەشکێندرێ و دەکرێتە ئێزنگ تەندوور و دەبنە خۆڵەکەوەی بەربا.

گەلی خاوەن تاریخ و زمان پارێزراو، ئەگەر تووشی تووشیش ببێ و نەخۆشیش کەوێ و بکەوێ، بەهیچ ئاوا مەرگ تخونی ناکەوێ و تینێک بە یەکجاری ناتوێتەوە و لە هەل و دەرفەتێ دیسان سەرلەجێ هەڵدێنێتەوە و ژنو بەخۆدا دێتەوە.

گەلی عارەب پێنسەد ساڵی لە ژێر ترکاندا دەناڵێ؛ بەڵام هەر سێبەری شوومی کوندەبوی داگیرکەرانی لەسەر ڕەوی، چونکە تاریخ و زمانی پارێزرابوو، وەک لێی نەقەومابێ وابوو. تەنانەت دەتوانین بێژێن ئەمڕۆ سەدقات لە داگیرکەرەکەی دوێکەی بەهێزترە. جا ئێستاکێ کە عەرەبمان بە نموونەی وێژە و مێژووی پارازتووی لەبنەنەهاتوو هێنایەوە، با لەمەڕ زوانەکەشیەوە تۆزێ بدوێین.

- ئەگەر ئەزانین و ئێژین زوانی عەرەو زۆر پتەوە و زۆر پان‌وپۆڕ و زەنگینە و بۆ هەر شتێ چەند ناوی سەربەخۆی هەیە و هەرگیز بۆ کەرەستەی نووسین بەڕەوانی لەسەر پەکی ناکەوێ، لە چیڕایە؟

- لەپاش پەیابوونی قورعان، لە هەر دەور و زەمانێکا، چەندین زانای زمان‌پاراوی عەرەب دۆست، کاڵا و پاڵا و زەنگاڵیان لێ داپێچاوە وەڕێکەوتوون و وێکەوتوون؛ هیچ مەڵبەند و ناوچەیان ناپارازتووە. سەریان لە هەموو باژێر و دێهات و ڕوتەن و لێڕ و گۆڕ و کێف و کەژ و ملە و کەل و زورگەن و هۆز و شکێر و شکفت و ئاوێژە و بەژی وڵاتی عارەبان داوە. شار بە شار و تاخ و بەتاخ و گوند بە گوند و هۆبە بە هۆبە گەڕاون. چینەکانی شاری و مەلا، گوندی و فەلا، ڕەوەند، ڕێوان، خۆی‌ماڵ، مێوان، چۆڵپەرست و شوانەوێڵە و مناڵ و مەزنیان دواندوە. چەنەچەن و شەڕە جنێویان دەگەڵ پیاوەپیرەکان و پیرە کەکانیان کردوە. گوێیان لە چیڕۆکڤانان و بەیت و بالۆرەزانان و گاڵتەبێژی خۆشدەم و ڕاوێژ گرتوە. هەرچی لە دەمیان دەرچووە، لە هەوا قۆزتوویانەسەو، لەوگش پەرێزە بەڕێزەی بەرێژەوەی هەمە تۆمە و هەمە تامەی لە ڕواڵەتا لێکتر جودا و لە ناوەڕۆکدا یەک واتا، وەک هۆشەچین، وشەچین بوون. سەوە و جۆرک و خورج و تێر و هەگبە و توربێن و کۆڵوانە و بەر و باوەش و بەریەک و کۆش و شاکەلیان لێ هەڵاخنیوە. بەنیخەنیخ کێشاویانەتە جێ خەرمان؛ وەک خۆیانێک لەسەر یەکیان هەڵچنیوە و بەرانستە کوتاویانە، بەشان و کەویان کردوە. بەرباو و گێژەویان کردوە، بە بێ ئەوەی بەهیچ ئاوا ناوی هۆز و تیرەکانی خاوەنی شێوەزمانی تایبەتی بەخۆیان ببڕێ، بەتێکڕایی بەناوی زوانی عارەب لە سەر قاقەز نووسیویانە و ڕێزکراوە، دە بەرگەپەڕاو گیراوە و هەڵگیراوە. بەرەوبەرە و چین لەدوو چین پەرەیان بەم کارە داوە. جار دەگەڵ جار و ساڵ بە ساڵ وشەگەل تازەدهاتوی یان لەبیر چووی سەرخراوە. وا ئێستا بویتە ئەلمنجد کە هەر دەبێ بچیە سەیر و تەماشایە. دەڵێی بووکی تاقانەی دەوڵەمەندانە و بە خشڵ زەمبەر خەمڵاوە.

سا ئەگەر بیستت کە وشتر بە عارەبی سەد ناوی هەس و ناوی شێر لە سەتومەتیش تێپەڕ ئەکات، تەنانەت مام گورگ و ڕێویش هەریەک خێوی چەند نێوی جوداجودایە، لات وانەبێ هەر عەرەبێ تۆ تووشی بیت، ئەم ناوانە گشت دەزانێ. بۆ نموونە ناوی شێر لە ناو عارەبی نەخوێندەواری عیراقی سەبع نەبێ چیتر نیە. تۆ هەزار ساڵ لایان بێژە: ئەسەد، حەیدەر، لەیس، هەیسەر، سارم، زرغام، زەیغەم، نەههام، قەسورە، هوزەبر، هەرسەم، هەترەک، ئوسامە، غەزنفر، دەرباس، هەرماس، غادی، زەنبەر، فەرناس، هەرراس، هەریت، ئەبووخومەییس، بوشبێل و دەیان شێلە و پێلەی تریش - کە لەقەم و کونیە و ناون بۆ ئاغاروتەڵەی و جەنگەڵ وەدەزانن تۆ بریشکان دادەکرۆژی و نازانن ناوی شێر دەبەی تا بترسن.

منداڵ و ژنە بەغدایی بە حوشتری خزمی خۆیان ئێژن ئەبووحەلگل جایف (دەم بۆ گەنیو!). لاگەییش پێی ئەوشن بعێر، وە ماکەشی ئەڵێن ناگە. هەر ناوێکی دیکەی وشتر لە سەد لەقەم و ناوەکەی - کە لە کتێباندا دنووسرێن - لای عارەبی دەشتەکی لە خوێندن دووری عیراقی بدرکێنی وا دەزانێ بەیتی بلەی بۆ دەخوێنی، هەر تەقە لە سەریەوە دێت. لای هەر خاوەن شێوازی هەر زاراوەیەک لە وڵاتی عارەب نشیندا وەکوو عیراق، هەر ناوێک و دوان بۆ وشتر و بۆ شێر هەیە و دەبڕێتەوە. فەرهەنگەکە ئەو گش ناوانەی کە هەر یەک و دوان و سیانی سەر بە شێوەی هۆز و کەرکێکی تایبەتی و شێوە جیاواز لە یەکترن، دەهامێزی خۆی گرتووە و بەڵگەی هەرمانی عارەبی بە پاوانی زمانەکەی بە ئامانەت ڕاگرتوە.

من عەرەبم بۆ نموونە هێنایەوە؛ هەموو گەلانی سەرزەوی - جگە لە خۆمانی کڵۆڵ - ئەم کارەیان ئەنجام داوە. ئێستاش هەروا دەیکێشن و تا بیشیکێشن لە دووی دێت. لە هەر چەرخ و خولێکی نوێ، کەرستەی بەرهەم، چەکی شەڕ، بەرگ و شمەک، خدە و نەریت، دێنە گۆڕین. باوی کۆنە لەناو دەچن و ناوەکانیشیان گوم دەبن. مەگین لە قاقەز نووسرابێ و بۆ بەرەی تازە و ئایندە هەڵگیرابێ و نەفەوتابێ. کە بە ناشوکری خوا نەبێ! ئێمە لەبەر بێ فەرهەنگی هەزاران و هەزار وشەی بەنرخ و خۆش و سەنگینمان دەگەڵ گۆڕانی زەمانە، لەدەس داوە، چونکە بۆمان نەنووسراوە. نا وەک دەڵێن زەرەر لە نیوەش وەگەڕێ هەر قازانجە، لەم ئاخر ئۆخریانەدا چەند پیاوێکی قۆچاغ و زیت، قۆڵ و زەندەیان هەڵماڵیوە و هەر کەسە لە مەڵبەندی خۆی وێکەوتووە؛ وشەدانی شێوە زمانی خۆی نووسیوە. زۆر لەوانە بەرامبەر بە پێویستی ڕوو و هەڵوێستی باری ژیان و دەم بەستەنی بەرهەڵستان، سەرەڕای خۆهەڵقرچان و ماتەدانیان لە قاپێلکی تەنگ و تەسکی ناوچە و مەڵبەندی خۆیاندا هاتوون مانای وشە کوردیەکانی خۆیان بە عارەبی یان فارسی لێداوەتەوە، یان بە هەرکان. هەر کوردێکی بۆ وشەیەک لە فەرهەنگەکەی بگەڕێ و هەڵوەدای شوێن ماناکەی بێ، گەرەک فارسی یان عارەبی باش بزانێ، تا بزانێ واتای وێژەی مەبەستی خۆی لێ وەدۆزێ. شێخ محەممەدی خاڵ نەبێ، کە بۆ یەکەم جار لە مێژوو، فەرهەنگی کوردی بە کوردی بۆ نووسیوین. بە چاوێکی زانایانە و کوردانەی پاک و بۆ کورد دڵسۆز و سینەچاک سەیری هەموو شێوەکانی ناو کوردەواری کردووە؛ شەڕە زاراوەی بۆتانی و سولەیمانی و ئەردەڵانی و موکوریانی و هەورامانی وەلا ناوە. هەموو وشەیەکی کوردی - هەر هێندە پەیدای کردبێ - بە جگەرگۆشە داناوە و لە فەرهەنگە هێژاکەیدا جێگەی داوە و لە ڕاستیدا دادی داوە.

ئەگەر سەیدایێ جگەرخوون، یا سەیدا گیو موکریانی، یان زانای هەرە بڵیمەت ئایەتوڵا کوردستانی لەم ڕێگایەدا زۆر ماندوو بوون، ئەرکی زۆر دژواریان داوە و ئەشێ کورد سوپاسیان بکات؛ ماڵم هەقە کاری هەموانیان گش‌لەگش، لە بەرانبەر ئەرک و کاری شێخی خاڵدا ئەستێرکن لەچاو زرێبار.

هەروەک جەوهەری فارابی (؟- ١٠٠٥- م) بۆ یەکەمجار فەرهەنگی بۆ عەرەب نووسی و بە سەحاح ناوبانگی دەرچوو، چغانی کۆنە ئێرانی خەڵکی لاهور (١١٨١- ١٢٥٢- م) مۆرەوچینی لەسەر دانا و، ئیبنومەنزوور (١٣٣٢-١٣١٣- م) دارەڕای کرد و هەڵاشی هاویشتە سەرێ. قوڕەبان و گڵەبان و باگردان لەسەر گێڕانی بەر فیرووزئابادی کەوت (١٣٢٩-١٤١٤- م)، قامووسی لێ هاتە بەرهەم. ئێستاش ڕائد و ئەلمەنجد نومای پڕ نەخش و نیگار و کاشی کاری ئەو کۆشکە کەونارایەیە کە جەوهەری هونەری لێ دەکارکرد و بناغەی وا پتەو داڕشت کە تا ڕۆی سەڵا لە بەڵای هەردوو عاسمانان بەدوورە و چاوێنیش کاری لێ ناکات؛ فەرهەنگەکەی شێخی خاڵیش، بۆ چینی ئێستا و دواڕۆژی، وەچە و بەرەی کوردەواری، ئەو خیمەیە کە بە قوڕقوشم داڕژاوە؛ هەرچەندی دەسکاری بکرێ و چینەی دیکەی وەسەر بخرێ، هەر هەڵدەگرێ. زۆر سوپاس بۆ مامۆستای خاڵ، ئەرکە هەرە دژوارەکەی لە کۆڵ چینی وشەچینی نووکە و دواڕۆژ کردۆتەوە، لە مەیدانی کێ‌بەرکێی وشەواناندا بێ‌سۆ، گرۆی بردۆتەوە. خودا دەس بە عەمری بگرێ، تا دەور و عەیامێکی زۆر، بۆ خزمەت بە کوردی خزمی دوورەناز و لانەواز و بەلەنگازی، وا زوو نەمرێ.