پێشەکیی نووسەر، چۆن لە فەرهەنگ بەهرە ئەبەین؟

لە کتێبی:
هەنبانە بۆرینە
بەرهەمی:
هەژار
 3 خولەک  1056 بینین

هەر فەرهەنگێک یان ئەگەر کوردانە بێژین، وشەدانێک بۆ هەر زمانێک دانرابێ، بۆیە نابێ - و قەتیش نەبووە - خوێندەواران وەک پەرتووکی سەرگەرمکەر یان بۆ هووینبوونی سیوات و مەبەستی زانستی زانستی و هونەر، یان وەکوو چیرۆک و دیرۆک تماشای کەن، مەکۆی وشان تەنیا و تەنیا بۆ دوو مەبەستان بەکەڵکە:

  • ئەو خوێنەرەی بە زمانی هاوزمانان و کەس و کار و خزمانی خۆی نووسراوەیێک وەدەخوێنێ، جارجار تووشی وشەی وادێت کە لەوەبەر وەبەر گوێچکەی نەکەوتووە و ماناکەی لێ بەرپیوارە؛ پەنا دەباتە بەر فەرهەنگ، دەیدۆزێ و دەیدۆزێتەوە. ئیتر لێکی دەنێتەوە و بە ڕفحەی دەسپێرێتەوە.
  • هانا و کومەکی وێژەر و نووسەرانە کە وشە هاوماناکانی شێوەکانی جوداجودای زمانەکەی لە فەرهەنگ بێنێتەدەرێ و بەرانبەر بە یەکیان دانێ و گشتیان لەبەر یەکتر ڕانێ، کام وشە بۆ نووسینەکەی یا بۆ شێعر هۆنینەکەی لەبارە و لەسەر زار سووکە و لەبەر چاو قشت و خوشکۆکە و لە گوێچکەی گۆهدار ڕەوانە، هەڵبژێرێ و لە وشەی زلحۆرت و قەبە و گرنێ و زبر و زوور و بەکڵۆی خۆی دەیزانێ واز بهێنێ و ژیکەڵەکەی لەجێ دانێ. ناشێ شەڕە گەڕەک بکا و پێدابگرێ کە هەر چونکە خۆی لە دایکی نەبیستووە و نەنکی خۆشی نەویستووە، کوردی نیە و گەرەک قت بکرێ و لابدرێ و بۆ کایە لەسەری نەکرێ. سووربوون لەسەر هەڵقرچانی شیعر و پەخشان هەر بە شێوەی تەنیا مەڵبەندێکی بەرتەنگ، هەرچەنگ نووسەر زۆریش زۆری بۆ خۆی بێنێ و بنەقێنێ و خۆی ڕاژێنێ و بۆی ڕامێنێ و سەر بەنینۆک هەڵکڕێنێ و چاو بە مۆلەق بوەستێنێ، ئەوکارەی بەرهەم دێنێ هێند نەگریس و هەڵ و بێ‌شۆ و تەختە و تەسک و بێ‌پۆ دەبێ لە سەرەوە شانگر نابێ و لە ژێریشەوە - بیلاتەژبی - عەدەبی پێ داناپۆشرێ. بۆ نموونە ئەگەر موکری و سۆرانی بە بێ‌ئاو ئێژن «وشکانی»، بۆچی «بەژ» کە کرمانجییە جوانتر نیە؟

لە بیرمە جارێ هاوکارێ قیت و زیت و لەباری چاویلکە لەچاو، بەنێو خێوی کۆشێک شادە و بڕوانامەی خوێندەواری پلەی ژووروو، زۆریش گەرمی کوردایەتی، تەوس و توانجی دە مەم‌وزینەکەم دەگرت کە بۆچی «ببتە»ت نووسیوە نەتزانیوە شێوەی هەولێر ناڕەوانە؟ عەرزم کرد چۆنم نووسیبا ڕەواتر بوو؟ فەرمووی ئەبوا «ببێتەوانێ» بوویایەت کە شێوەی سلێومانییە!.

وەناشکوری خودا نەوێ ئەم نەخۆشینە گرانە؛ لە مەهاباد، سولەیمانی، لای هێندێکیش نووسەرانی بادینانی لە تەشەنا کردنایە. ئەگەر زۆر زوو چاوی لێنەکەین، لە شەڕەشار و شەڕەتاخ دەس بەرنەدەین، ئەم شەڕەشاخە وێڵ نەکەین؟ دەبێ - خوا بەوڕۆژە نەکا - ئەوەندوکۆکە زمانەش کە لە چوار پەلان گۆیی ساغە و ئاهێکی پێوە نەماوە، لە ناخی ئاخدا بنێژین و ئەلفاتیحای بە عەرەبی بۆ دابدەین.