وەرگێڕدراوی پێشەکیە فارسیەکەی نووسەر

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
وەرگێڕان: ڕەئووف ڕەهنموون
 8 خولەک  82 بینین

مێژوو ئەم راستیە دەخاتە بەرچاو، ئەزموونیش شایەتە، کە هەر میللەتێک بەسەر میللەتێکی دیکەدا زاڵ دەبێت، ئاڵوگۆڕگەلێکی زەق و دزێو لە رەفتار و دابونەریت و زمانی میللەتی بەزیودا بەدی‌دەهێنێت، کە ئەم کاریگەریە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە درێژی ماوەی دەسەڵات و هێزی میللەتی زاڵەوە.

پاش زاڵ بوونی عەرەب بەسەر عەجەمدا بە ئاشکرا دەبینین کە هەموو ئاکار و دابونەریت و زمانی عەجەم تەعریب کراوە و تەنانەت زۆرجار بەتەواوی بووەتە عەرەبی. ئەو کتێب و شیعر و بەرهەمانەی کە پاش زاڵ بوونی عەرەب لە ئێراندا نوسراون سەلمێنەری ئەم راستیە و شایەدی ئەم داوا (ادّعا) یەن و ئەگەر چاوێکیان پیا بخشێنین دەبینین کە هەموویان بە زمانی عەرەبی پەتی نوسراون. ئەگەر کتێبێکیش بە زمانی فارسی نوسرابێت، لە سەدا نەوەدی وشە عەرەبیەکان لەگەڵ فارسیدا تێکەڵ بوون و بنەڕەتی وشە فارسیەکان ـ کە وشەی عەرەبی جێگاکەی پڕکردوونەتەوە ـ یا بەتەواوی سڕاونەتەوە و لە بیر کراون یا پاش ئەرک و پشکنینی زۆر دەدۆزرێنەوە.

زمانی کوردیش پڕاوپڕ وەک زمانی فارسی کەوتووەتە ژێر ئەم کاریگەریەوە، هەردوو کوژراوی یەک تیر و برینداری یەک شمشێرن. بەپێی بۆچوونی ئەم هەژارە ئاخرین رێگەچارە بۆ زیندووکردنەوەی ئەم دوو زمانە ئەوەیە فەرهەنگێک بنووسم کە هەر سێ زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی لە خۆ بگرێت، هەتا هەموو ئەو وشە کوردی ‌و فارسیانەی کە تاڵان کراون و مردوون و فەوتاون لە خودی وشە عەرەبیەکان وەربگرینەوە، واتە ئەو وشە عەرەبیانەی کە هەمیشە و لە هەموو جێیەکدا بەکاردەبرێن و لە هەر نووسین و داڕشتنێکدا کەڵکیان لێ‌وەردەگیردرێت لە ریزی وشە کوردیەکاندا دەگونجێنین و بەرەبەرە فارسی و کوردیە ونبووەکەیان لێ‌وەردەگرینەوە.

بۆ ئەم مەبەستە وشەگەلی کتێبەکەمان بە پێی وشە کوردیەکان ریز کرد و ئەو وشە عەرەبیانەشمان ـ کە لە فارسی ‌و کوردیشدا بەکاردەبرێن ـ لە ڕیزی وشە کوردیەکان و لە ناو دوو کەوانەدا دانا، هەتا جارێکی تر لەگەڵ وشە کوردی و فارسیە کاندا تێکەڵ نەبنەوە.

وشە کوردیەکانمان لە سەرەوە نووسی و لە ژێریانەوە وشە فارسیەکانم بە نیشانەی «ف» دانا، ـ کە وەرگێڕدراو و هاوواتای وشە کوردیەکانە و وشە عەرەبیەکانیشم ـ کە وەرگێڕدراوی هەردووکیانە ـ بە نیشانەی «ع» نووسی و ئەگەر لە خودی زمانی کوردیدا وشەگەلێکی دیکە دەست‌کەوتبێت کە هاوواتای وشەکانی سەرەوە بن، ئەوانیشمان بە نیشانەی «ک» نووسی. بەم پێیە هەموو وشە عەرەبیەکان لە نێوان دووکەوانەدا دانراوە. هەندێ جار بۆ کەڵک‌گەیاندنی زیاتر ئەگەر وشەگەلی ئەورووپاییشم بەرچاوکەوتبێت ئەوانیشم لە نێوان دوو سەرەڕمدا (‹--›) نووسیوە. بە پێی توانا وێنە و نیگاری زۆربەی گیانداران و رووەکگەل و خانووگەل و شێوەگەلیشم بە قەڵەمڕەنگ کێشا. لە کۆتایی کتێبەکەشدا هەر پەند و ئیدیومێکی کوردیم لە بیر بووبێت خستوومەتە سەر کتێبەکە و ناوم نا «فەرهەنگی مەردۆخ»، هیوادارم کورد و فارس و عەرەب هەرسێکیان بە پێی ویست و دڵخوازی خۆیان کەڵکی لێ‌وەرگرن.

 

روونکردنەوە: شایانی باسە هەموو ئەو وشانەی کە لە ریزی مانا فارسی یا عەرەبیەکەدا نوسراون پێکەوە هاوواتا نین، بەڵکوو هەندێکیان جیاوازیان لە نێواندا هەیە، بۆ ئاشکرا کردنی ئەو جیاوازیە لە بری جووت‌خاڵ (:) - کە بە نیشانەی هاوواتابوونمان داناوە ـ نیشانەی کۆکردنەوە (+)مان دانا، تا نیشانەی جیاوازی بێت. هۆی جیاوازبوونەکەش ئەوەیە کە ئەو وشە کوردیەی لە سەرەوە نوسراوە، هەموو ئەو مانا جیاوازانە دەگەیەنێت کە لە خوارەوەیدا نوسراوە. بـۆ نموونە وشەی «هەڵگیریاگ» لە زمانی فارسیدا چەند مانا دەگـەیەنێت: 1- بـرداشته شده 2- اندوخته شده 3- پذيرفته شده 4- دنبال افتاده (یعنی زنی کە دنبال نامحرم افتادە بە محل دیگر بـرود). مانا عەرەبیەکەشی بەم شێوەیە: 1- مَرفوع 2- مُدّخَر، مُحتَكَر 3- مَحضون، مَقْبول 4- سَيَّقَة، عاهِرَة. کە هیچکام لەم چوار مانایە هاوواتا نین. هەر بۆیە لە باتی ئەوەی چوار جار وشەی «هەڵگیریاگ» دووبارە بکرێتەوە هەتا ئەو چوار مانایە لە ژێریدا بنووسرێت؛ بۆ کورت‌کردنەوە یەک‌جار وشە کوردیەکەمان نووسی و لە ژێریدا هەر چوار ماناکەمان بە نیشانەی جیاوازیەوە - کە خاچە(+)- پێکەوە نووسی. بەڵام هەندێ جار - کە وردەکاری و خۆپاراستن پێویستترە - زەحمەتی دووبارەکردنەوەی وشە کوردیەکەمان بەسەر کەڵک‌وەرگرتن لە نیشانە و کورتکردنەوەدا هەڵبژارد، هەروەکوو لە وشەی « بەن » دا دەبینرێت. هەرچەندە لە ڕاستیدا وشەی هاوواتا زۆر کەمە و ئەگەر باش رابمێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە تەنانەت ئەو وشانەش کە بە رواڵەت لە هاوواتا ئەچن لە روویەکەوە جیاوازیان هەیە و هەرکامیان بۆ واتایەکی سەربەخۆ دانراون.

ئەگەر وشەیەک لە دوو شوێندا دووبارە بێتەوە خەتای من نیە، چونکە لە فەرهەنگەکاندا بە هەردوو شێوە تۆمار کراوە، وەکوو وشەی «قنفذ» کـە هەم بۆ «ژووژوو» تۆمار کراوە و هەم بۆ «سیخول» کە لە کوردیدا «سووچەڕ»ی پێ‌دەڵێن.

هەندێ وشە هەیە کە لە رواڵەتدا لە عەرەبی دەچن بەڵام ئەگەر باش سەرنج بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە لە عەرەبیدا مانایەکی‌تریان هەیە. هەر بۆیە نابێت بە عەرەبیان لە قەڵەم بدەین، چونکە تەنیا لەیەک‌چوون و وەک‌یەک‌بوونی ڕواڵەتی لەگەڵ وشەی عەرەبیدا بە مانای عەرەبی‌بوون نیە. وەکوو وشەی «انفاق» کە لە فارسیدا مانای «رۆن زەیتوون» دەدات، بەڵام لە شێوە و رواڵەتدا وەک عەرەبی دەکەوێتە بەرچاو، لە کاتێکدا کە «انفاق»ی عەرەبی بە مانای «نەفەقە (بژیو پێ)دان»ە و هیچ تەباییەکی لەگەڵ «انفاق»ی فارسیدا نیە. هەروەها وشەی «رد» کە لە فارسیدا مانای «تێپەڕین» دەدات (رد شد: تێ پەڕی، رد کرد: تێی پەڕاند)، بەڵام «رد» لە عەرەبیدا بە مانای «دانەوە»یە. هەروەها «روح» کەلە کوردیدا مانای «قوڕقوشم»یش دەدات، بەڵام لە عەرەبیدا تەنیا بە مانای «گیان»ە و هەروەها وشەی «نسیان» کە لە فارسیدا بەمانای «دوژمنی» و «ناتەبایی»ە، بەڵام لە عەرەبیدا بە مانای «لەبیرکردن»ە و‌... هتد. کەواتە نابێت ئەم وشانە بە تاوانی هاوشێوەبوون لەگەڵ وشە عەرەبیەکاندا لە کۆمەڵگای وشە فارسیەکان یا کوردیەکان دەربکرێن، بەڵکوو پێویستە ئەم وشانە بە ناعەرەبی بزانین.

هەروەها هەندێ وشە هەیە کە لە هەر سێ زمانی فارسی و کوردی و عەرەبیدا بە جیاوازیەکی بچووک لە پیت و نوختەدا بە یەک مانا بەکاردەبرێن و هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە کە تایبەتیان بکات بە زمانی عەرەبیەوە. کەواتە پێویستە بە وشەی هاوبەشیان لە قەڵەم بدەین کە هەرکام لەم سێ میللەتە لە نووسین و داڕشتنی خۆیاندا کەڵکیان لێ‌وەرگرن تووشی هیچ رەخنەیەک نابن. وەکوو وشەگەلی: لەحاف، تەنوور، دەوات، رۆح، نەفس، مەشق، نامووس، غیرەت، خێر، بەین، ماڵ حاڵ،‌...، تەرح، زەمان، زیاد، وەزیر، خەیاڵ، سیحر، سەحەر، حیساب، فانووس و...

وشە عەرەبیەکانمان بە شێوەی نەناس (بەبێ ئامرازی ناسێنەری «ال») نووسی، هەتا خوێنەر بەهەر شێوەیەک کە دەیەوێت (نەناس یا ناسراو) بەکاریان‌بهێنێت.

هەر وشەیەک کە بە ئاڵوگۆڕێکی کەمەوە لە عەرەبیدا دووبارە دەبێتەوە ئەوە تەعریب‌کراوە نەک عەرەبی. وەک «فرفینج» کە تەعریب‌کـراوی «پرپهنە= پەڵپینە»یە، یا «شيطرج» کە تەعریب کراوی «شاەتر= شاتەڕە» یە.

ئاڵوگۆڕ لە بزووتن (سەر و بۆر و ژێر) یا لە پیتدا نیشانەی تەعریب‌کرانە، وەک «فِرزين» کە لە «فَرزين»ەوە وەرگیـراوە، یا «فرسخ» بە فێ و خێ کە لـە «پرسنگ» بە پێ و گافەوە وەرگیراوە.

ئەم پیتانە لە وشە عەرەبیەکاندا نیشانەی تەعریب کرانە: ‌و ، ت ، پ ، ج ، ح ، خ ، د ، ژ ، س ، ص ، چ ، گ ، ڤ ، ع ، غ ، ف ، ق‌. هەروەک ئەم نموونانە:

- « غوغا ْ »تەعریب کراوی« غەوغا »یە.

- « بیادە »تەعریب کراوی« پیادە »یە.

- « غلط »تەعریب کراوی« غەڵەت »ە.

- « ثريد »تەعریب کراوی« ترید = تریت »ە.

- « جرجان » تەعریب کراوی« گورگان »ە.

- « حَتَل » تەعریب کراوی « هەتەل »ە.

- « فرسخ » تەعریب کراوی « فەرسەنگ »ە.

- « خِدمة » تەعریب کراوی « خزمەت »ە.

- « اسـتاذ » تەعریب کراوی « ئوستاد »ە.

- « فرصة » تەعریب کراوی « پُرسَت »ە.

- « طاق » تەعریب کراوی « تاق »ە.

 

تێبینی: هەر وشەیەک کە [لەم فەرهەنگەدا] بۆی دەگەڕێن ئەگەر وشەیەکی سادە بوو هەر لە پاژی خۆیدا واتە بە پێی دوو پیتی یەکەم و دووەم بۆی بگەڕێن، وەکوو وشەی « تاق » کە پێویستە لە پاژی « ت ا » دا بۆی بگەڕێن و ئەگەر وشەکە لێکدراو بوو لە پاژگەلی بەشە پێکهێنەرەکانیدا بۆی بگەڕێن، وەکوو « بەهەوادا چوون » کە لە پاژی بەشی یەکەمدا واتە لە « ب هـ » دایە. هەروەها « چڵاوسافکون » کە لە پاژی بەشی یەکەم واتە لە « چ ڵ » دایە و « دارهەڵپاچین » کە لە پاژی بەشی دووەمدا واتە لە « هـ ڵ » دایە و وشەی « خۆ پێچ دان » کە لە پاژی « خ ۆ » یا « پ ی » دایە.