پێشەکیی بڵاوکەرەوە

لە کتێبی:
فەرهەنگی مەردۆخ
بەرهەمی:
بڵاوکەرەوە
 7 خولەک  379 بینین

یەکێک لە ئامانج و خولیاکانی بنیات‌نانی «بڵاوگەی پڕتەوبەیان» ھەر لە سەرەتای لەدایک‌بوون و پێڕەوکەبوونیەوە لە ساڵی 1381ی کۆچی ھەتاویدا ئەوەبووە کە بەپێی توانا لە بواری گەشەکردن و دەوڵەمەندکردن پەرەپێدانی فەرھەنگی دەوڵەمەند و شکۆداری کوردستان و زیندووکردنەوەی فەرھەنگی کۆمارکراومان‌دا - کە بە راستی خاوەنی بەرھەمگەلی بەپێز و نەمری فراوان و زانا و پسپۆڕ و بلیمەتی کارامە و نەناسراوی لە ژمارە بەدەرە - چەند ھەنگاوێک ھەڵگرین، ھەرچەندە بچووکیش بێت.

ھەرچەندە لەم ماوە کەمەدا بە لەچاپ‌دانی ژمارەیەکی بەرچاو (نزیکەی 160 بەرھەم لە ماوەی چوارساڵدا) ھەنگاوگەلێکی بچووکمان بەرەو ئامانجی خۆمان ھەڵگرتووە؛ بەڵام لەچاپ‌دانەوەی «فەرھەنگی مەردۆخ» بە تەنیا خۆی کارنامەیەکی سەربەخۆ و شانازیەکی ھەمیشەیی ئەندامانی زەحمەتکێشی بڵاوگەکەمانە.

ئەو کەسانەی شارەزای فەرھەنگ و وێژەی ئەم ھەرێمەن باش دەزانن کە «فەرھەنگی مەردۆخ» بە راستی فەرھەنگێکی دەوڵەمەند و تەنیا فەرھەنگی سێ زمانەیە کە بە خامەی بلیمەتی بێوێنەی سەردەم «ئایەتوڵڵا شێخ موحەممەد مەردۆخی کوردستانی» بە تەنیا و بە بێ لەبەردەستدابوونی سەرچاوەگەلی پێویست بۆ وەھا کارێک لە ماوەیەکی کەمدا تۆمارکراوە و بە پێی بیرەوەری جەنابی «عەبدولموئمینی مەردۆخ» نوسخەی سەرەکی ئەم بەرھەمە لەگەڵ وێنە رەنگیەکانیدا بۆ یەکەمجار لە بەر چەند ھۆیەکی نادیار لە «چاپخانەی ئەرتەش»ی ئەو سەردەمەدا ون بووە، بەڵام نووسەری کارامە و لێھاتوو و دەست‌ڕەنگین لە ماوەیەکی کورتدا و بە یارمەتی یادداشتە کۆنەکانی و ھزری ئۆقیانووس‌ئاسای خۆی جارێکی‌ تر سەرلەنوێ ئەم بەرھەمەی نووسیوەتەوە و لە ئەنجامدا بەرھەمە دەسنووسەکەی نووسەر ھەر بەو شێوەیە و بە ڕێنووسی جاران ئۆفێست کراوە کە بەداخەوە نەوەی ئەمڕۆ بە ھۆی شارەزا نەبوونیان رێنووسی ئەو سەردەمە زۆر کەم دەیخوێننەوە و کەڵکی لێوەردەگرن.

دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک پێشنیاری لەچاپ دانەوەی ئەم بەرھەمەمان بە بەڕێز «عەبدولموئمینی مەردۆخ» کرد و ئەوانیش بە پێشنیاری زیاد کردنی شێوە ئاخاوتنی ئەمڕۆی سۆرانی بەپیریمانەوە ھاتن ھەرگیز بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە چ ئەرکێکی قورسمان لە ئەستۆ گرتووە و چ رێگایەکی پڕ لە ھەڵدێرمان گرتووەتە بەر کە ئەنجامدانی وەھا کارێک لە لایەن یەک کەسەوە نەک شەش مانگ بەڵکوو شەش ساڵی پێویستە‌... بەھەرحاڵ ئەرک و لێپرسراویەک بوو کە بەوپەڕی حەز و تاسەوە پەسەندمان کردبوو و خستبوومانە سەر شانی خۆمان، چونکە لە ھەموو شوێنێکی ئەم جیھانەدا چەندین کەس و تەنانەت چەندین ناوەند لە خزمەتی پاراستن و گواستنەوەی وەھا شاکارێکی زانا و بلیمەتەکانیاندان، بەڵام بەوپەڕی داخ و کەسەرەوە ھێشتا لەم قوژبنەی دونیادا ئەم ئاکارە باو نەبووە و پەرەی نەسەندووە!!

بێگومان یەکەمین ھەنگاو بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە دژوارە دۆزینەوەی کەسانێک بوو کە لە ھەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسیدا ئاگادار و لێھاتوو بن و وەھا کارێک - ئەگەر نەشیاو و نەگونجاویش نەبێت - زۆر دژوار بوو و کۆمەڵێکی لەو چەشنە مەگەر ھەر لە کەسێتی «ئایەتوڵڵا» دا بکەوێتە بەرچاو.

ھەرچەندە مەبەستی ئێمە دەست‌تێوەردانی دەق و ناوەرۆکی فەرھەنگەکە نەبوو و ھەرگیز شتی لەو چەشنە بە خەیاڵماندا نایەت؛ بەڵام تەنانەت بۆ نووسینەوەی دروستی وشەکانی دەسنووسەکە - کە ھەندێکیان کاڵ‌ بووبوونەوە و ھەندێکیشیان قرتابوون - پێویستمان بە کەسێکی لەو چەشنە بوو.

یەکێک لە رێگەچارەکان کۆکردنەوەی دەستەیەک شارەزا بۆ ئەنجام‌دانی ئەم کارەبوو، کە‌... بەداخەوە نە وەھا ھەلێکمان بۆ ڕەخسا و نە بارودۆخی ئێمەش لە ئاستی وەھا ھەوڵێکدا بوو و کورد ووتەنی: ‹زەوی سەخت و ئاسمان دوور› لە کۆتاییدا پاش چەند مانگ پەیجۆری و گەڕان بەڕێز «عەلی رەحمانی» بەڕێوەبەری «کتێب‌فرۆشی ئیمام موحەممەدی غەزالی» بۆ ئەنجام‌دانی ئەم کارە بەڕێز «رەئووف رەھنموون»ی پێ ناساندین. لەبەر ئەوەی ئەوپەڕی متمانەم بە شارەزایی پێشنیارکەر و ئاگاداربوونی لە ناوەرۆکی بەرھەمەکە و دژواری وەھا کارێک ھەبوو؛ ھەر بۆیە پشتمان بە قسەی بەڕێزیان بەست و ئەنجام‌دانی ئەم کارە دژوارەمان خستە ئەستۆی بەڕێز «رەھنموون». پێویستە دان بەو راستیەدا بنێم کە لە سەرەتادا وام نەدەزانی و چاوەڕوان نەبووم کە ناوبراو ھێندە بە وردبینی و لێھاتووییەوە شان بداتە بەر وەھا لێپرسراویەک و زیاتر لەوەی کە من و جەنابی «عەبدولموئمینی مەردۆخ» چاوەڕوانیمان دەکرد قۆڵی ھیممەتی لێ‌ھەڵماڵێت و ھەموو ھێز و توانای خۆی لەم رێگایەدا بخاتە کار، بە خۆشحاڵیەوە لە بواری زانستیشەوە بە ھۆی پێشینەی خوێندنی خۆی لە عێراق و ئێراندا سەرمایەی پێویستی بۆ ئەنجام‌دانی وەھا کارێک پێکەوەنابوو.

چاوەڕوانی ئێمە لە ئامادەکار چاک کردن و گۆڕینی رێنووسی فەرھەنگەکە بە پێی رێنووسی ئەمڕۆی کوردی و زیادکردنی ھاوواتای ئەمڕۆی سۆرانی بۆ وشە ئەردەڵانیەکان بوو، ناوبراو بە پێی توانا لەگەڵ پاراستنی ناوەرۆکی بابەتەکەدا بەو شێوەیەی کە شیاو و گونجاوە و بە وردبینی و تێڕامانەوە ھەموو لایەنە ھونەریەکانی کارەکەی لەبەرچاو گرت و چەندین جار بەسەر دەقە ئامادەکراوەکەدا چووەتەوە و ھەر شتێکی بۆ پوختە بوونی چاپەکە بە باش زانیبێت پێشنیاری کردووە و خۆیشی ئەنجامی داوە، جێگەی خۆیەتی سوپاسی خۆیان و ناسێنەرەکەیان بکەین.

بڕیار وا بوو کە ئامادەکار لە شەش مانگدا بەسەر ھەردوو بەرگی فەرھەنگەکەدا بچێتەوە و ئێستا کە بەرگی یەکەمی وەردەگرینەوە نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەست‌پێ‌کردنی مۆڵەتەکەماندا تێ‌دەپەڕێت. بێگومان درێژکردنەوەی ئەو مۆڵەتە بە رەزامەندی و ئاگاداری بەڕێز «مەردۆخ» و بە پێی نیاز و پێداویست بوو، چونکە بە لامانەوە شیاو نەبوو کە بەرھەمێکی وەھا بەنرخ و بەپێز تەنیا لەبەر حەز و خولیای لەرادەبەدەر بۆ لە چاپ‌دانەوەی؛ بە شێوەیەکی سادە و ھەڕەمەکی و بە ھەڵەگەلێکەوە کە دەکرێت پێشگیری لێ‌بکرێت بخرێتە بەر دەستی خوێنەران. ھەر بۆیە تاڵاوی ئەو دان‌بەخۆداگرتنەمان بە رەزامەندیەوە نۆش کرد و بە خۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ بەرھەمی شیرینی ئەو ھەڵوێستەمان دەبینین کە بەڕاستی دەستەی ئامادەکەری ئەم چاپە ھەوڵیان داوە بەو شێوەیەی کە شایانی پلەوپایەی زانستی و فەرھەنگی وەھا نووسراو و نووسەرێکە پێشکەشی فەرھەنگ‌دۆستانی ئەم وڵاتەی بکەن، بەوپەڕی دڵنیایی و شانازیەوە دەتوانین بڵێین کە ھەموو ھەوڵی خۆمان بۆ گەیشتن بە وەھا ئامانجێک خستووەتەکار، بەو ھیوایەی جێگەی رەزامەندی پسپۆڕان و زانایان بێت‌..‌.

لە کۆتاییدا جێگەی خۆیەتی لەگەڵ دەربڕینی سوپاسی دووبارەمدا بۆ ئامادەکاری ھێژا؛ زۆر سوپاسی ناوەندی «ڤیان کەمپیوتەر» بکەم کە ئەرکی پیت‌چنینی سەرەتایی ئەم بەرھەمەیان لە ئەستۆدا بوو، ھەروەھا زۆر سوپاسی ھاوکارانی زەحمەتکێشی بڵاوگەکەمان بکەم کە ھەڵەچن‌کردن و ئامادەکردنی ئەم بەرھەمەیان گرتووەتە ئەستۆ و ئەوپەڕی سوپاسی ھەموو ئەو بەڕێزانەی بکەم کە لە رێ‌خۆش‌کردن بۆ رەخساندنی دەرفەتی لەچاپ‌دانی ئەم شاکارە بەنرخە یارمەتیان داین.

بەو ھیوایەی ھەموو ئەم ھەوڵانە جێگەی رەزامەندی فەرھەنگ‌دۆستان و ھونەرمەندان و ئەویندارانی فەرھەنگی دەوڵەمەندی کوردستان بێت و بە رێنماییەکانیان یارمەتیمان بدەن ھەتا چاپەکانی دیکەی ئەم بەرھەمە پوختتر و گونجاوتر بێت.

«بڵاوکەرەوە»