پێشەکی

لە کتێبی:
فەرهەنگی ڕێژگە
بەرهەمی:
ئەمین گەردیگلانی
 7 خولەک  778 بینین

لەوەتا دەستم قەڵەمی گرتووە و پێم ناوەتە ڕێبازی نووسین و دنیای ئەدەبەوە، هەستم بە دەوڵەمەندی و گەورەییی زمانەکەمان کردووە و لەپاڵ ئەوەشدا خەم و پەرۆشی هەڵیچۆقاندووم کە ئەم زمانە پڕ لق‌وپۆپ و زیندووە بۆ ئەوەندە بێ‌دەرەتان و لێ‌قەوماوە، لە سەدان لاوە لێی دەپچڕن و دەمیان تێ‌ناوە. ئەوە بە جێی خۆی، نووسەرانی کەمتەرخەم و نادەروەست و کوردی زمانی کوردی نەزانیش ئەوەندەی دیکە خەریکن بە قوڕیدا دەبەنە خوارێ و سەریان لە خۆیان و لە خەڵک شێواندووە و کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە و هەر کەس هەڵدەستێ دەڵێ ئەزم هەڵدەبەزم. ئەم هەموو نووسەر و شاعیرە قۆڕەدەماخ و سمێڵ‌بابڕ و بەهەوایەشمان هەیە و خۆیان بە حافز و شکسپێر و مارکێز و پاپلۆ نێرۆدا و بۆرخێس و.. ناگۆڕنەوە، بەڵام ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە، شێواز و یاسا و ڕێسای زمانی یەکگرتووە. هەموو بە ڕبەی خۆیان دەیپێون و کەسیش بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە. تا کەنگێ هەروا گێرەشێوێنی و کەس لەکەس لە گۆڕەپانی زمانەکەماندا ساز کەین. لەم شاییە تێکەولێکەیەدا هەر کەس بە هەوای خۆی هەڵپەڕێ و بیر لە تەکووزی و یەکدەنگی و یەک‌ئاهەنگی نەکەینەوە.

کورد یانی زمانی کوردی، جا ئێمە ئەگەر زمانەکەمان نەمێنێ ئیتر کێین و چیین؟ بوون و نەبوونمان جیاوازی چییە. کەوایە ئەم هەموو خەبات و ماڵوێرانی و دەربەدەری و ئەنفال و کوشت و کوشتار و قەڵاچۆیە لەبەر چی بوو. ئەم هەموو خوێنە بۆ چی ڕژان؟ دیارە لە بەر زمانەکەمان. لەبەر ئەوەی کوردین. دەنا زۆر سانا لە زووەوە بووبوواینەتە عەڕەب و عەجەم ئیتر هیچ گرفتێکمان نەدەما و وازمان لە کورد بوون دێنا و هیچ کەس نەدەبووە دژ و نەیارمان و خۆشمان و دوژمنانیشمان بە ئاسوودەیی دادەنیشتین.

هاوارە لە خۆمان گەلینە، ئەوی خۆمان بە خۆمانی دەکەین و لەو ماوەیەدا کردوومانە، هیچ دوژمنێک پێی نەکردووین. مریشک خۆی گڵ بە سەر خۆیدا نەکا، کەس پێیدا ناکا. ئێمەش هەر واین. دەستمان کردووە بە گڵ بەسەر خۆدا کردن و خۆ لە نێو بردن. دەمار گرژی و تەعەسوبی چینایەتی و تایەفەگەری و ناوچەگەری وای کوێر کردووین چاومان نابینێ و چاومان بەرایی نادا جوانییەکانی یەکتر ببینین. هەر کەس هەڵدەستێ بە زاراوەی گوند و شارۆچکە و مەڵبەندەکەی خۆی دەنووسێ و هیچ کەس حازر نییە جوانی و باشییەکانی ئەوی‌تر ببینێ. تۆ خودا گەلینە شوورەیی نییە لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا کورد زمانی یەکگرتووی خۆی نەناسیوە؟

تەنیا ئەوەندە تکا لە نووسەران و زمانەوانان و گەورە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەم بۆ ماوەی یەک خولەک بیر بکەنەوە و لە خۆیان بپرسن کورد یانی چی؟ ئەم گێرەشێوێنی و دەمارگرژی و قۆڕەدەماخییە تا کەنگێ؟ با لە خۆمان بپرسین بەرپرسی ئەم ئاڵۆزییە کێیە؟ بۆ؟

بەم پێشەکییە توند و جینگزییانەیە ویستم تۆزێ کوڵوکۆی دەروونم هەڵڕێژم، چونکە خەمی زمانەکەمان بە جارێ ئاراوقارای لێ هەڵگرتووم و دەڵێی لەسەر پشکۆم. بە داخ و خەمەوە هەڵدەچۆقێم و خۆم دەخۆمەوە و گریانم بۆ داهاتووی زمان و فەرهەنگەکەمان دێ. من نە پسپۆڕی زمانم نە فەرهەنگ‌نووس و شارەزای ئەو بوارە دژوارە. تەنیا وەک دڵسۆزێکی زمان و فەرهەنگی ڕەسەن و دەوڵەمەندی خۆمان قۆڵم هەڵماڵیوە و دەمهەوێ ئەوەی لە توانامدایە و لانی‌کەم بوونی لە نەبوونی باشترە بڵاوی بکەمەوە. وەک کەسێکی لادێیی و لەگەڵ سروشت و شاخ و داخ و جۆگەلە و کانی و زنار و زەندۆڵ و خڕ و شیوان و جاڕ و بوورە و بژوێن و مێرگ و زەنوێر و قاقڕ و کاتۆر گەورەبوو، بە بۆنی باران و گڵەسوورە و بەرامەی وەرزی بەهار و کزەی تۆف‌وبەندی زستان و قرچە و کۆڵەکۆڵی چلەی هاوین و هاژە و هووژی گێژەڵووکە و گژەبا و شەڕەبا و تەپوتۆزی پایز فرچک‌گرتوو، ئەوەی لە سروشت و زمانی خەڵکی ڕەشۆکی و جووتیار و پاڵە و سەپان و فەلا و شوانەوێڵان فێر بووم، بە پێی توانا و زانیاریی لاوازی خۆم لە گۆڕەپانی سینگی بەرینی کاغەزدا کۆیان کەمەوە و دەستیان بنێمە دەست یەک و گۆڤەند و دیلانێکی نەمرانەیان بۆ ساز کەم و هەموویان لە ژوانی گەرموگوڕی کتێبێکدا کۆ کەمەوە.

هیچ کارێک بێ‌کەموکووڕی نییە و دڵنیام ئەم فەرهەنگۆکەی منیش هەروایە و ڕەنگە بێ‌عەیب و خەوش نەبێ، بەڵام هەر ئەوەندەم لە دەست هاتووە و هیوادارم پسپۆڕان و زمانزانان و خاوەن‌ڕایان هەڵەوپەڵەم بۆ ڕاست کەنەوە. بەو هیوایەی بتوانین تەواوی فەرهەنگ و وشەدان و قامووسەکان لە داهاتوودا کۆ کەینەوە و خەرمانێکی مەزن و دەوڵەمەندی لێ ساز کەین و سەر لەبەری زاراوە و بن‌زاراوەکانی زمانی کوردی لە خۆی بگرێ و ئێمەش ببینە خاوەنی فەرهەنگێکی غەنی و جێی متمانە. ئەگەرچی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە هەموو لایەکەوە قۆڵ هەڵماڵین و بە هەرەوەزێکی بەرین و مەزن بناغەی فەرهەنگێکی وا دامەزرێنین و تەواوی بکەین، بەڵام نازانم هۆی چییە و بۆ تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە؟!

ئێستا کە ئەو هەلە نەڕەخساوە و نەلواوە لە سەر کارێکی ئاوا گەورە و پیرۆز کۆک بین و بە ئەنجامی بگەیەنین، لانی کەم دەتوانین هەرکام بەپێی توانا وشە و زاراوە و دەستەواژەکان کۆ کەینەوە و لە شوێنێکدا بیانپارێزین بۆ ڕۆژی خۆی.

منیش ئەوا بە پێی توانای خۆم وەسیەتەکەی مامۆستا هەژاری نەمرم لە گوێ گرتووە کە دەفەرمێ: «تۆش نەیژی من خۆم ئەیزانم ئەم بەرهەمە هەژارانەم کورت و کەمە و بۆیە نابێ تێر و پاراو دڵ ئاوی لێ بخواتەوە، لە وزە و هێزیدا نییە پەرسڤی هەموو پرسێکت بداتەوە، زوانی کوردی زۆر لەوە دەوڵەمەندترە کە هەژارێکی وەکوو من تاک و تەنیا و ئاوارە لە نیشتمان و وەک پێویستە کوردی نەزان و تەرە لە وڵاتی بێگانە بتوانێ لە دە یەکێکی کۆ کاتەوە. حەزم دەکرد هەموو وشەی هەموو شێوەکانی کوردیم دەسکەوتایە و لە سەر ڕووپەڕی ئەم نامەم ڕابنایە؛ بەڵام بە حەز و ئارەزوو کار پێک‌نایە. ئەگەر باوەڕم پێ دەکەی من بەپێی هێز و توانای خوم هیچ درێخیم نەکردووە، ئەگەر خۆم لە پاڵە خۆمدا بە شەرمەزاری نەزانی و دەسکورتیم لە خزمەت کردن بە گەلی کوردم دەزانم، دەشزانم کە بێ‌تاوانم و لەوە پترم لە دەس نایە. ناوی وشەدانەکەی خۆم ناوە: هەنبانەبۆرینە کە لە چیرۆکانا دەڵێن: هەرچیت بوێ دەستی تێخە دێتە چەنگت. جا ئەگەر بۆ وشێک گەڕیای و دەستت لە ژێر هەمانەبۆرەوە دەرچوو، تووڕە مەبە و تووڕی مەدە، هەوڵ بدە ئەوەی کە خۆت تووشی نەبووی، یان ئەوانەی کە ئەزانی لەوێدا نین، تۆ لە لاوە کۆیان کەوە و بیان‌نووسەوە. ئەوە خوایە، جارێکی‌تر من یا هەژارێکی دیکەی لە من چاتر و زاناتر لە چاپەکانی دواڕۆژدا بیانخاتە سەر.»

بۆیە منیش وەک ئاخێزگەیەک هەنبانەبۆرینەکەی مامۆستا هەژارم داناوە و ئەو وشانەی لە دووتوێی فەرهەنگەکەی ئەودا نەهاتوون و لە قەڵەم کەوتوون کۆم کردوونەتەوە و وەک مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ناوی ناوە گوڵ‌چنینەوە، منیش بە دوای هەژاری زانا و بەئەزمووندا دەڕۆم و گوڵچنەوەی ئەو سەرپاڵە بەهێز و کارمەیەم؛ دڵنیاشم منیش گوڵچنەوەیەکی باش و وردبین نیم، ڕەنگە لەوە زیاتریشم پێ نەکرابێ و بۆ نەکرابێ، گەلێکی ترم گوڵ‌وشە وەپاش دابێ و هەڵم‌نەگرتبێتەوە و بەجێمابێ. بۆیە ناوی ئەو فەرهەنگۆکەی خۆم ناوە «ڕێژگە» چونکە تەنیا جۆگەلەیەکی چووکەیە و دەیهەوێ بڕژێتە دەریای بەرینی فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەوە.

بەو هیوایەی شیاوی ئەوە بێ تێکەڵ ئەو زەریا بەرینە بێ.