جیابوونەوەی زمان و وتەی گەلان

لە کتێبی:
فەرهەنگی خاڵ
بەرهەمی:
شێخ محەممەد خاڵ
 2 خولەک  996 بینین

کاتێک کە ئادەمی زۆر بوون و پەرەیان سەند و پەلوپۆیان هاوێشت و جێگایان نەبووەتەوە لەو ناوچە و شوێنانەی کە تێدابوون، بەناچاری بڵاوەیان لێ کردووە و، هەر کۆمەڵەی ڕووی کردووەتە وڵاتێک و، لە شوێنێکی تازە دابەزیون و جێگیر بوون، دیارە هەموو شوێنێک جۆرە چەشمەندازێک و چەشنە سەرما و گەرمایەکی بووە و، هەر قەڵەمڕەوێک جۆرە کاڵا و پێخەف و نوێن و خانوبەرەیەک و چەشنە ناوماڵ و خانوویەکی ویستووە، نەخوازەڵا کە هەزاران شتی واش بووە لە نیشتمانە تازەکەیاندا کە لە نیشتمانی پێشوویاندا نەبوو، ئینجا چەند ساڵێکی دوورودرێژ خەریک بوون تا وتەیان بۆ ئەو شتە تازانە داناوە و، توانیویانە مەبەست لێ بدەنەوە لەو شتانەی کە تازە بەرچاویان کەوتووە و، یا تازە پێویست بوون پێی، جگە لە پاش و پێشکردن (قلب) و گۆڕین (ابدال)ی پیتێک بەپیتێکی تر کە ئەمانە هەمیشە لە هەموو زمانێکدا بەسەر پیت و وتە داهاتوون و دێن، جا لەبەر ئەمانە هێندێ لە وتە کۆنەکان فەرامۆش کران و، گەلێکیش تاشران و ڕێکخران و گەلێک لە جاران جوانتر کران، بە ڕەنگێکی وا لە وتە کۆنەکان نەدەچوون، تا وای لێ هات کە زمانەکەی پێشوویان پێچرایەوە و، هیچێکی چەندانی وای نەما مەگەر دانە دانەیەک نەبێ کە بڵاو بوونەتەوە بەناو گەلێک لە زمانەکاندا و، بە ڕێکەوت لەم لا و لەو لا تووشیان دەبین {نشأة اللغة عند الانسان والطفل.}. جا بەم بۆنەیەوە زمانی هەموو گەلێک لەگەڵ زمانی ئەوانی تر جیا بووەوە و زمان زۆر بوون بە ڕەنگێکی وا کە هێندێ لەو زمانزانانەی کە لەم جۆرە شتانە دەکۆڵنەوە و ژمارەی زمانانی سەر زەوییان گەیاندووەتە ٢٦٠٠ زمان.