جیابوونەوەی شێوەی کوردی

لە کتێبی:
فەرهەنگی خاڵ
بەرهەمی:
شێخ محەممەد خاڵ
 5 خولەک  1838 بینین

کاتێک کە کورد زۆر بوون و، لە ناو خۆیاندا پەرەیان سەند و بڵاوبوونەوە بەناو شاخ و کێوەکانی کوردستاندا، ئیتر لە یەکتری دوور کەوتنەوە نەخوازەڵا لە هۆی بێ ڕێگاییی شاخەکان و چەم و ڕووبارە گەورەکانەوە، ساڵەهای ساڵ ڕادەبوورد هەورامییەک بادینانی و، زازایییەک لوڕی و، فەیلییەک موکریانی و، بابانییەک بۆتانی و، سۆرانییەک ئەردەڵانییەکی نەدەدی، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە گەلێ لە تیرە و خێلاتی «ماد» هاتوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئیمڕۆ و، هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش میلاد تێکەڵی تیرەکانی سپی یا ئاری کۆنتری دانیشتووی ئەوێ بوون و، گەلێ لە وتەی تیرەکانی ئەوێ - کە ناویان «گۆتی، لۆلۆ، کاسی، ئێلامی» بووە- تێکەڵاوی زمانی «ماد» بووە، لە دواییدا ئێلاتی فارسی «ماد»ی تێکەڵی خۆی کرد و قووتی دا، ئنجا زمانی فارسی هێزی سەند و، وتەی فارسی کەوتە ناو زمانی کوردییەوە {سەرەتای فەرهەنگی شەمسەدین سامی} لەپاشا ئینجا بەچوار سەد ساڵ پێش میلاد «ئەرمەنی»یەکان و «ڕووم»ە کان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای «ئەنادۆڵ» بوون بەدراوسێی کورد و، گەلێ وتەیان تێکەڵ بەزمانی کوردی {سەرەتای فەرهەنگی شەمسەدین سامی} بوو.

لەپاشا ئینجا ئیسلام بەهەموو کوردستاندا بڵاوبووەوە و لە ٦٥٠ ساڵ پاش میلاد، کورد سەرانسەر بوو بەموسوڵمان و، وتەی عەرەبی کەوتە ناو زمانی کوردییەوە.

لە ٩٠٠ ساڵ پاش میلاد بەدواوە ئینجا تورکەکان پەیدا بوون و، حوکمدارییان لە کوردستاندا دەستی پێ کرد و، زۆر وتەی تورکی لە زمانی کوردیدا مایەوە و، بەم بۆنانەوە شێوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان لە یەک جیابووەوە و، گەلێ وتەی بێگانە لەناو زمانەکەماندا مایەوە.

بێگومانم زمانی کوردی لە پێش بڵاوبوونەوەی ئەم زمانانەدا، نەخوازەڵا لە پێش زمانی عەرەبییەوە زمانێکی زۆر دەوڵەمەند بووە، بەڵام لەپاش بڵاوبوونەوەی زمانی عەرەبی ئیتر بەرە بەرە وتەی عەرەبی بەکار هێنراوە لە نووسین و قسە و گفتوگۆدا لەجیاتی وتەی کوردی. بەم بۆنەیەوە گەلێ وتەی کوردی فەرامۆش کرا و لە بیر چووەوە، ئەمەش ڕێگایەکی ناچارییە بۆ هەموو گەلێکی زەبوونی داگیرکراو کە هەمیشە بە چاوێکی زۆر بەرز و تایبەتی تەماشای گەلی زاڵ دەکا و، دەیەوێ لە هەموو شتێکدا چاوی لێ بکا و لاسایی بکاتەوە و، بە ڕەنگی ئەو خۆی ڕەنگ بکا و، خۆی لەو نزیک بخاتەوە، نەخوازەڵا زمانی عەرەبی کە زمانی ئاینمانە. لەبەرئەوەی کە تا ئێستا فەرهەنگێکی کوردی نەنووسراوە کە وتەکانمان کۆبکاتەوە و ئاگاداری بکا، گەلێ وتەمان فەرامۆش کراوە و لەبیر براوە، دەتوانم بڵێم ئەمە دوو هەزار ساڵە خەرمانی زمانەکەمان لەلایەن دراوسێکانمانەوە بەجەنجەڕی زۆر و ستەم گێرە کراوە و کوتراوە و شەن و کەو کراوە و بەبا دراوە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا لە زمانی فارسی دەوڵەمەندترە چ جای تورکی. بێگومانم ئەوەتی زمانی کوردی هەیە گەلێ زمانی تر لەدایک بوون و هاتوونەتە جیهانەوە، لەپاشا نەیانتوانیوە لەبەر وەیشوومەی ڕۆژگاردا بوەستن، بەڵکو مردوون و لەناوچوون.

بەڵام زمانی کوردی وەک کێوی «پیرەمەگروون» وەستاوە و سنگی داکوتاوە و، لەبەر هیچ سێڵاوێکی ڕۆژگار و گێژەڵووکەیەکی چەرخی کەچ ڕەفتاردا نەلەرزیوە و دانەچڵەکیوە، ئەمەش وابزانم لەبەر دوو شتە:

1- کوردستان شوێنێکی شاخ و داخاویی زۆر سەختی کووڕی وایە کە هەرگیز بێگانە نەیتوانیوە تێیدا هەڵبکا و، بەم بۆنەیەوە گەلی کورد هەروەک خوێنی بەپاکی ماوەتەوە و زمانەکەشی بەچاکی ماوەتەوە.

2- کورد مەردییەکیان هەیە، دووانیان کە لە شوێنێک کۆبنەوە بەزمانی خۆیان نەبێ قسە ناکەن و، هەرگیز دەست لە زمانەکەیان هەڵناگرن. نابینیت برا فەیلییەکانمان سێ سەد ساڵە لە بەغدان کەچی هێشتا زمانەکەی خۆیان فەرامۆش نەکردووە و، لەناو خۆیاندا هەر بە کوردی قسە دەکەن.

هەموو زمانێک کە قەڵەمڕەوی گەورە بوو و، سنووری لە یەک دوور کەوتەوە نەخوازەڵا کە چەم و ڕووباری گەورە و شاخ و داخی سەخت و کووڕیشی تێدابێ ئیتر شێوەی زۆری لێ پەیدا دەبێ و، هەر شێوەیەک چەند شێوەیەکی تری لێ دەکەوێتەوە، ئینجا بەم پێیە زمانی کوردیش گەلێ شێوەی لێ پەیدابووە و، ئەو شێوانەی کە زۆر لە یەک جیا بن شێوەی (لوڕ، هەورامی، ئەردەڵان، بابان، بادینان، زازا)یە، لەگەڵ ئەم شێوانەدا گەلێ شێوەی تریشی هەیە، بەڵام زۆر لە یەک دوور نین.

بۆ ئەوەی کە شوێنی ئەم شێوانە لە کوردستاندا بزانین پێویستە باس لە سنووری کوردستان بکەین و یەک بەیەک شوێنی ئەم شێوانە جیا بکەینەوە.