پێشەکی

لە کتێبی:
فەرهەنگی خاڵ
بەرهەمی:
شێخ محەممەد خاڵ
 15 خولەک  3758 بینین

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان: خوایە! نازانم بە چ زبانێک سوپاست بکەم و بە چ ئاڵا (قەڵەم)ێک ستایشت بنووسم، تۆ ئەو خوایەیت کە ئادەمیت لەناو هەموو گیانلەبەراندا بەرز کردووەتەوە، زانا و دانات کردوون، ژیری و بیرت داونەتێ و، کردووتن بە جێنشینی خۆت لەسەر زەوی. بەپێی دەستوور و باوی پەرەسەندن و بڵاوبوونەوە هەموویانت تیرە تیرە و کۆمەڵ کۆمەڵ کردوون و، هەر تیرە و کۆمەڵەیەک بەپێی ناوچەی خۆی زبانێکت داونەتێ، تا مەبەستی خۆیانی پێ بەجێ بێنن و، لەگەڵ یەکتری قسەی پێ بکەن و خستووتەتە دڵی هێندێ لە خوێندەوارانی بەرز و پێشەوایانیانەوە کە وتە کۆ بکەنەوە و فەرهەنگ بنووسن و، بە یادگار بۆ دوای خۆیانی بەجێ بهێڵن، سا بەڵکو هەموو لایەکیان لەیەک بگەن و، لە یەکتری نزیک بکەونەوە و، بە ئاشتی دانیشن و، لە پاشەڕۆژدا دەست بکەنە ملی یەک بە برایەتی.

بێ گومانم کە دوو شت گەورەترین شۆڕشی هەڵگیرساند لە جیهاندا و، ئادەمی جیا کردەوە لە گیانلەبەرانی تر و لەناو هەموویاندا ئەمی لەسەر تەختی پاشایی دانا لەم جیهانەدا، یەکەم دەستی، دووەم زبانی، کە دەستی بەرەڵاکرد بەم ڕەنگە بەرزی کردەوە لە زەوی لەکاتی ڕۆیندا سەدان هەزار هەزار شتی سەیری پێ دروست کرد و، گەورەترین کەلەپووری بەجێ هێشت لەسەر زەوی. کە زبانی بەرەڵا کرد بەم ڕەنگە دەستی کرد بە قسەکردن، توانیی هەرچی بەدڵیدا بێ بیڵێ و هەموو کەسێک لەگەڵ هەموو کەسێکدا قسە بکەن و تێ بگەن و، یارمەتیی بیری یەکتری بدەن تا ئادەمی گەیشتە ئەم پایە بەرزە لە زانین و ژیری و بیر و وێژەدا کە هەرچی ئیمڕۆ دەیبینین لە دیمەنی شارستانی لە زانین و لە کردار هەمووی بەری کردەوەی دەست و زبانێتی.

بەڕاستی دۆزینەوەی پیت و وتە و وتار و قسەکردن شتێکی زۆر زۆر سەیرە. ئەگەر ڕاستت دەوێ لە دۆزینەوەی ئەتۆم گەلێ وردتر و هونەرترە، بەڵام چونکە لە مناڵییەوە فێری بووین بۆیە زۆر لێی سەرسام نابین. ئینجا لەبەر ئەمە ئادەمی لەزۆر کۆنەوە خەریکی دانانی وتە و کۆکردنەوەیەتی.

لە هەموو کەسێکەوە ئاشکرا و نمایانە کە زمان پایەی هەرە گەورە و بەهێزە لە کۆشکی کۆمەڵایەتیدا و، ڕوشتەی هەرەقایم و بەتینە بۆ یەکخستنی کۆمەڵە و گەل لە ڕۆژهەڵاتیەوە تا ڕۆژئاوای. بەڵکو زبان گیانی گەلە، کە زبان بوو گەل هەیە، کە نەشبوو گەل نییە.

هەروەها ئاشکرایە کە سەرمایەی زمان خەرمانی وتەیە و، گەنجینەکەشی فەرهەنگی وشەیە، هەر بەهۆی فەرهەنگەوەیە کە مەبەست لە وتە دەردەکەوێ و هەموو وتارێک نمایان دەبێ. کە وابوو نووسینی فەرهەنگ بۆ پاسی زمان لە هەموو شت پێویستترە بۆ مانەوەی گەلان. هەر گەلێک زمان و فەرهەنگی نەبێ لەگەڵ گەلاندا ناژمێردرێ و ناناسرێ، بەڵکو دەکرێ بە بەردەباز و پێشێل لەژێر پێی ئەو

گەلانەی کە بۆ کوێستانی ژیان دەچن. تا لە ڕێ پێڵگەدا پان و پلیش دەکرێنەوە و، لەگەڵ خاکدا یەکسان دەکرێن.

بەڵام کە زمان و فەرهەنگی بوو با دیلیش بێ هەر گەلە و، بەگەل دەناسرێ و ڕۆژێک دەبێ کە لەگەڵ گەلانی خواپێداودا ڕووەو کوێستانی ژیان بڕوا و سەرکەوێ و، لە پێشکەوتن و بەرزبوونەوە دابێ، تا دەگاتە لووتکەی هەرە بەرزی ژیان و، بەسەر چڵەپۆپەی کامەرانییەوە وەک بولبولی هەزار داستان بخوێنێ و بچریکێنێ. کە وابوو ئاگاداریکردنی زمان بەنووسینی فەرهەنگ و کۆکردنەوەی وتە

لە ئاگاداریکردنی گیان پێویستترە بۆ مانەوەی گەلان، چونکە بە نەمانی هەزاران گیان گەل نامرێ، بەڵام بە نەمانی زمان ڕشتەی کۆمەڵایەتی دەپچڕێ و شیرازەی گەل تێک دەچێ تا هەموو پەڕەوازە دەبن و لەیەک دەبڕێن و زۆردار قووتیان دەدەن و لەناویان دەبەن.

ئەگەر بەچاوێکی وردبوونەوە تەماشای سەرگوزشتە و مێژووی گەلانی ڕابردوو بکەین، تێ دەگەین کە لەمەوپێش زۆر گەلی گەورە بوون کە لە خوێندەواری و تێگەیشتن و پێگەیشتن و تێکۆشین و پێشکەوتندا پایەیەکی بەرز و جێگایەکی بڵندیان بووە و، لەسەر ڕووپەڕەی مێژوو زۆر نیشانەی مەردانە و پیاوانەیان بەجێ هێشتووە، بەڵام چونکە وەیشوومەی ڕۆژگار و، گەردشی چەرخی کەچڕەفتار، زمانەکەی لەناوبردوون، خۆشیان لەناوچوون، سا مەگەر لە کون و قوژبنی مێژوودا ناوێکیان مابێتەوە.

کە وابوو مانەوەی زمان مایەی مانەوەی گەلە، هەر گەلێک تا هەرچەندە دووچاری خەم و تەم و خەفەت و دەردی سەری ببێ و، تاڵی و سوێری ڕۆژگار بچەژێ و، تەنگانە و چەڵەمە کەڵەمەی بکا، ئەو گەلە هەر دەژی و دەمینێ تا وەکو ئاگاداری زمانەکەیان بکەن و، نەیەڵن لەناو بچێ.

کەواتە زمان بۆ ئاگاداریی گەلان لە هەموو قەڵایەکی ئاسنین و قوللەیەکی سەختی بەهێزی مسین باشتر و چاکترە. چونکە قەڵا دەگیرێ و قوللە دەڕووخێنرێ، بەڵام زمان هیچی لێ ناکرێ.

هەزار ئافەرین بۆ ئەو زانایەی کە وتوویەتی: گەلی دیلی خاوەن فەرهەنگ و زمان وەک بەندییەک وایە کە کلیلی دەرگای بەندیخانەکەی لە گیرفاندا بێ. هەر حەلێک بیەوێ ڕزگار و، لە دیلی سەرفراز ببێ، بەکلیلی زمانەکەی دەرگای بەندیخانەی دیلییەکەی دەکاتەوە و، بەیداخی ئازادی و سەربەخۆیی هەڵدەدا، بەڵام گەلی دیلی بێ فەرهەنگ و زمان وەک بەندییەک وایە کە کلیلی دەرگای بەندیخانەکەی لە گیرفانی دوژمنەکەیدا بێ. ناچار دەبێ دەستەئەژنۆ دانیشێ تا دەتوێتەوە و نامێنێ و، هەموو کەلەپوور و دارایییەکەی داگیردەکرێ و، ماڵی دەچێتە سەربەشی ماڵان و، بەئێجگاری چرای دەکوژێتەوە.

کە وابوو کۆکردنەوەی وتە و نووسینی فەرهەنگ بۆ کۆمەڵە و گەل لە هەموو شت پێویستتر و بەنرخترە.

***

کەس نییە لە جیهاندا بتوانێ گشت وتەی زمانی خۆی بزانێ و، لە مێشک و دڵیدا جێگای ببێتەوە، چونکە ئەمە هەر شایستەی خوایە. جا لەبەر ئەمە هەموو زمانێک ئەگەر لە چوارچێوەی فەرهەنگ نەگیرێ وەیشوومەی ڕۆژگار شەن و کەوی تێدا دەکا و بەبای دەدا و، کۆگای وتەکانی بەرەبەرە کەم دەکاتەوە تا وای لێ دێ کە نەتوانێ بەسەرمایەکەی خۆی بژی و مەبەست بەجێ بێنێ.

لەبەر ئەمانە، زانا بەرزەکان و تێگەیشتووانی هەموو گەلێک لە زۆر کۆنەوە خەریکی نووسینی فەرهەنگ و کۆکردنەوەی وتەی گەلەکەیان بوون، تا ژمارەی فەرهەنگیان گەیشتە ژمارەی زمانانی سەرزەوی، نەخوازەڵا فەرهەنگی زمانە زیندووەکان کە ژمارەیان گەیشتۆتە هەزار و پێنج سەد {سەرەتای فەرهەنگی (الیاس انطوان الیاس)} و ژمارەی وتەی هێندێک لەو فەرهەنگانەش لە سەد هەزار تێ پەڕیوە. کۆنترین فەرهەنگێک کە نووسراوە فەرهەنگی «کالیماکی غەراماتیقی إغریقی» یە کە سێ سەد ساڵ لە پێش میلاد نووسیویەتی و، ناوی ناوە «زەخیرە». لەپاش ئەم فەرهەنگە ئینجا بەرەبەرە فەرهەنگی تر نووسراوە، بەیۆنانی، ئینجا بەعەرەبی، ئینجا بە زمانەکانی تر کە یەکێکیان زمانی کوردییە.

کۆنترین فەرهەنگێکی کوردی کە نووسرابێ -بەپێی زانینی من- فەرهەنگی «ئەحمەدی خانی»یە، کە لە ساڵی ١٠٩٤ە بە شیعر نووسیویەتی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی و ناوی ناوە «نەوبەهار» کە لە داوێنی فەرهەنگی «الهدیة الحمیدیة فی اللغة الکردیة» لە چاپ دراوە.

نەوبەهار نۆ چەکامە (قصیدة) یە، هەر چەکامەی لە وەزنێک. وا بۆ نموونە سێ شیعری دەنووسین هەر یەکەی لە چەکامەیەک:

«رجل» پێ و «رکبة» ئەژنۆ «بطن» سک
«صدر» سنگ و «جید» ئەستۆ «عین» چاڤ
«بیدا»، «فلاة» و «سبب»، «فیفاو» و «بدو» دەشتن
«ینبوع» و «عین»، کانی «جب» و «قلیب» بیرە
«اکحل» مرۆڤی چاڤ بەکل، «أشهل» مرۆڤی چاڤ بەلەک
«أشقر» مرۆڤی چاڤ هشین، ڕەنگی گەنم گون «أسمر»ە

 

لە پاشا ئینجا شێخ مارفی نۆدێیی «ئەحمەدی»ی نووسیوە بە شیعر لە ساڵی ١٢١٠ هـ لەسەر شێوەی «نەوبەهار» و لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، تا ئێستا دووجار لە چاپ دراوە، جارێکیان لە سلێمانی لە چاپخانەی «ژیان» لە ساڵی ١٣٥٤ هـ (١٩٣٦ م). جاری دووەمیش لە «بەغدا» هەر لەو ساڵەدا. «ئەحمەدی» دوو بابە ١- بابی أسماء ٢- بابی أفعال. بابی أسماء سێ فەسڵە، هەر فەسڵەی لەسەر وەزنێکە، فەسڵی یەکەمی وەک:

«رأس» سەرە «عین» چاوە
«بدن» قالب «إسم» ناوە

فەسڵی دووەم وەک:

«سور» وارشە «حائط» حەسار
«حدیث» سخن «مسمار» بزمار

فەسڵی سێیەم وەک:

«أین» لە کوێ «من» کێیە «أیان» کەی
«إن» ئەگەر «ما» چی «متی» کەی «سم» ژار

بابی أفعال هەر یەک وەزنە وەک:

«جلس» دانیشت «نهض» هەستا
«قعد» دانیشت «وقف» وەستا

لە دوای ئەحمەدی ئینجا فەرهەنگی جنراڵ «ئۆغۆستۆیابا»یە کە قونسوڵێکی ڕووس بووە لە شاری «ئەرزەرۆم» و، فەرهەنگەکەی ٨٤٢٨ وتەیە و، لە ساڵی ١٨٧٩ م لەلایەن «فەردیناند جوستی»یەوە لە چاپ دراوە لە شاری «پترسپۆرگ» کە ئێستا پێی دەڵێن «لەنینگراد»، لە ساڵی ١٩٤٣ م لە چەمچەماڵ ئەم فەرهەنگەم چاو پێ کەوت لای زەینەلعابدینیی کوڕی «مەلافانی».

لەدوای ئەم فەرهەنگە ئینجا «یوسف ضیا پاشای خالدی» فەرهەنگێکی نووسیوە لە کوردییەوە بۆ عەرەبی لەگەڵ سەرەتایەک لە دەستووری زمانی کوردی و، ناوی ناوە «الهدیة الحمیدیة فی اللغة الکردیة» و لە ساڵی ١٣١٠ی ڕۆمی لە ئەستەمبۆل لە چاپ دراوە، بەڵام وتەکانی هەر وتەی زازا و گەلێکیشی ناوی شاخ و کانی و دێهاتی ئەو ناوچەیەیە، کە ئەمانە لە فەرهەنگی وتەدا نانووسرێن، بەڵام بەڕاستی فەرهەنگێکی جوان و، کەلێنێکی زۆر گەورەی پڕکردووەتەوە. بەشی زۆری وتەی «زازا»م لەم فەرهەنگە وەرگرتووە، سا خوا بە میهرەبانی خۆی پاداشی بداتەوە.

لەپاشا ئینجا فەرهەنگی «میجەرسۆن» دەرچوو -کە حاکمێکی ئینگلیزی بوو لە شاری سلێمانی- لە کوردییەوە بۆ ئینگلیزی و، لە ساڵی ١٩١٩ م لە لەندن لە چاپ دراوە.

لە ساڵی ١٩٥٠ م «ڕابەر» دەرچوو لە عەرەبییەوە بۆ کوردی.

لەپاش ئەم فەرهەنگانە ئینجا فەرهەنگی مەردۆخ دەرچوو لە ساڵی ١٣٧٥ هـ (١٩٥٦ م) بەڕاستی کۆششێکی گەورە و نووسراوێکی بەنرخە، شتی وا مەگەر هەر بە قەڵەمی زانا و پێشەوایەکی وەک ئایەتوڵڵای کوردستانی بنووسرێ، بەڕاستی کارەکەی پەسند و کردەوەکەی جێی سوپاس و ستایشە، بەڵام -داخەکەم چەند نەنگێکی تێدایە کە چاوی لێ ناپۆشرێ:

١- خۆی لە سەرەتای فەرهەنگەکەوە دەستوورێکی تایبەتی داناوە بۆ چۆنێتیی نووسینی کوردی، کە چی خۆی فەرهەنگەکەی بەو دەستوورە نەنووسیوە، بەڵکو بەپێی دەستووری فارسی نووسیویەتی، کەسێک فارسیزان نەبێ نازانێ بیخوێنێتەوە.

٢- لەبەر ئەوەی کە بەپێی دەستووری نووسینی کوردی نەنووسراوە، وتەکانیشی بەو جۆرە ڕیز نەکراوە، لەبەر ئەمە وتەی ئێجگار بە گران تیا دەدۆزرێتەوە.

٣- نیوەی وتەکانی وتە نین، سا یا:

أ- فعلن - کە نابێ بنووسرێن - وەک «بدە، ئاما، ئێژێ، ئەوینی، ئەژیی، ئەدا، ئەدرەوشێ».

ب- یا ناوە بۆ یەکێک - کە نابێ بنووسرێ - وەک: «ئامینە».

ج- یا هەر ناویش نییە وەک: «ئامە» کە دەڵێ: کورتەی «ئامان الله»یە.

د- یا دروست کراوە وەک: «بەدشەو، بەدصبح».

ە- یا هەر وتە نییە وەک: «ئەسپی تەمەڵ، ئەسپی سواری، ئەسپی تەڵایی، ئەسپی یاڵ چەرمگ، بارانی ورد، بارانی درشت، بارانی ناوەخت، بارانی کەم، بەن دەرگای جەواڵ، بەن دەرگای خیگە، باقلەی کوڵیاگ، بمخە، بمرە، بمزانیایە، بمشێلە، بمگرە، بملاوێنە، بمکەرە زووخاڵ، بمێنە».

و- یا هەر هەڵەیە وەک: «برس» لە برسێتی و «تاقی» لە تاقیکردنەوەدا کە ئەمانە هەرگیز نەبیستراون.

٤- زۆری وتەی عەرەبی ناقۆڵایە وەک: «أصلع، إعجاز، اضطراب، إراک، إجحاف، أسد، أوج، استشمام، أصحاب الکهف، ارذل الناس».

٥- زۆریشی وتەی فارسییە، وەک: «پەزیرا، پەزیرایی، پەزیرە، پرخاش».

٦- وتەکانی هەر وتەی «ئەردەڵان»ە، زازا و بادینانی تێدا نییە، بابان و هەورامی و لوڕی و فەیلیشی مەگەر بەدەگمەن تێدابێ.

٧- زۆرتر ڕاڤە (شرح)ی وتەیەکی بەتاقەوتەیەک کردووە، بەبێ ئەمەی کە درێژەی پێ بدا و پێت بڵێ کە چۆن بەکار دەهێنرێ، یا باسی گیایەک، یا گوڵێک یا درەختێک یا یارییەکت بۆ بکا یا دەنگێکت لە دەنگێکی تر بۆ جیابکاتەوە.

٨- زۆر جار ڕاڤەی وتەیەکت بە وتەیەک بۆ دەکات کە خۆی ئەو وتەیەی لە شوێنی خۆیدا نەگرتووە، وەک وتەی «پاماسێ» کە ڕاڤەی

دەکا بە «پاماسە» یا «چوت» کە ڕاڤەی دەکا بە «چورتکە» کەچی «پاماسە» و «چورتکە» لە فەرهەنگەکەیدا ناگرێ.

٩- زۆر وتەی وا هەیە سێ جار نووسیویەتی وەک: «نۆوەن»، یا دووجار نووسیویەتی وەک: «خورجین، نەدارا، نەزانست، نەزانکار».

١٠- زۆر وتەی وا هەیە لە دوو لاوە دەیگرێ و ڕاڤەی دەکا، بەڵام لە هەر لایەی بەجۆرێک وەک: «نەگۆمە».

لەگەڵ ئەمەشدا بەشی زۆری وتەی ئەردەڵانم لە فەرهەنگی مەردۆخ وەرگرتووە.

 

فەرهەنگی «نەوبەهار» و «ئەحمەدی» و «میجەرسۆن» یەکی چەند لاپەڕەیەکی بچووک و چەند وتەیەکی کەمن کە شایستەی ئەوە نین پێیان بوترێ فەرهەنگی کوردی. جگە لەوەش کە نەوبەهار و ئەحمەدی و ڕابەر لە عەرەبییەوەن بۆ کوردی، واتە فەرهەنگی عەرەبین نەک کوردی.

فەرهەنگی «ضیاپاشا»ش هەر وتەی زازایە.

فەرهەنگی «ئۆغۆستۆیابا»ش وەک «عەنقا» وایە، دەنگی هەیە و ڕەنگی نییە، جگە لەوە کە وتەکانیشی هەر وتەی ناوچەیەکی بچووکە لە کوردستاندا.

ئینجا کاتێک ورد بوومەوە و تێ گەیشتم کە زمانەکەمان هێشتا فەرهەنگێکی وای بۆ نەنووسراوە کە ڕووی بێ بچێتە ناو فەرهەنگانەوە و، ئەمە سێ چوار هەزار ساڵە کورد -کە خاوەنی زمان و نووسینە- هێشتا وتەی زمانەکەی خۆی کۆ نەکردووەتەوە و، کەس بە بیریدا نەهاتووە کە فەرهەنگێکی تێکڕاییی بۆ بنووسێ، لەگەڵ ئەمەی کە زمانی کوردی لە زمانە دەوڵەمەندە زیندووەکانە و لە ئاهەنگ و شێوە و دەنگدا لەگەڵ ناسکترین زمان -کە فەڕەنسییە- جیاوازییەکی نییە.

ئینجا هەرچەند بیرم لە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی و جوانیی ئاهەنگەکەی دەکردەوە بزە دەیگرتم و، هەرچەند بیریشم دەکەوتەوە کەوا خەرمانی زمانەکەمان لە دەشتی بێ کەسی و لەبەر باڕەشی ڕۆژگاردا ماوەتەوە و بە ڕاستە و چەپەدا شەن وکەوی تێدا دەکا و بە بای دەدا هەنسکم هەڵدەدا. بەم ڕەنگە چەند ساڵێک لە ناوەندی بزە و هەنسکدا مامەوە تا خوا هێنامیە سەر کۆکردنەوەی «وتە» و نووسینی ئەم «فەرهەنگ»ە.

لە ساڵی ١٩٣٥وە بە هەموو هێز و توانای خۆمەوە خەریکی کۆکردنەوەی وتەی کوردیم بە هەموو ئاهەنگ و شێوەکانیەوە و، بە وتەی بابان و، سۆران و، زازا و، بۆتان و، بادینان و، لوڕ و، فەیلی و، لەک و، موکریان و، هەورامی و، ئەردەڵانەوە و، لەم ڕێیەدا زۆر ڕەنجم داوە و کۆششم کردووە، تا وتەی ڕاست و دروستم کۆ کردووەتەوە و هەزاران وتەی ناقۆڵام لە بربەنگ و هەسان داوە تا ڕاستم کردوونەتەوە.

زۆر جار وتەم لە دوورەوە بۆ هاتووە، بەڵام چونکی بەشێوەی نووسینی کوردی نەنووسراوە دڵنیا نەبووم لێی و تێکەڵی فەرهەنگەکەم نەکردووە تا خاوەنەکەم دیوە و لە دەمی خۆیم وەرگرتووە، هەروا زۆر وتەی وابووە کە زانیومە لای ژن یا لادێیی یا ڕاوکەر یا جووتیار یا جۆڵا یا دارتاش یا ئاشوەستا یا ناڵبەند یا کاڵا و زین و کورتان و کەوش درو دەست دەکەوێ بەتایبەتی لێم پرسیونەتەوە تا هیچ گومانێکم نەماوە.

ئەوی لەم فەرهەنگە ورد دەبێتەوە دەبێ بزانێ کە تا ئێستا لەم ڕووەوە سەرمەشقێکمان بۆ دانەندراوە تا چاوی لێ بکەین و، فەرهەنگێکی تێکڕاییمان بە زمانی کوردی بۆ نەنووسراوە تا لاساییی بکەینەوە و، وتەکانمان ڕیز نەکراوە و مەبەستیان بۆ دانەنراوە، مەبەست دانەوەش لە وتان بە ڕەنگێکی وا کە هەموو وتەیەک لە یەک جیا بکاتەوە و، هەموو وتەیەک ڕاڤەیەکی وای بۆ بنووسرێ کە بە تەواوی هەموو کەسێک لە مەبەستەکەی بگات. زۆر زۆر گرانە و هەروا بە ئاسانی مەزانە ڕاڤەکردن و مەبەست دانەوە لە وتەی «بەڵام» یا «تومەز» یا «مەگەر» یا «گونجان» یا «خاڵانە» یا «ئە» یا «بە» یا «ئانە» یا «ئەگینا» یا هەزاران وتەی تری وا.

هەروەک پێویستە بزانی کە ئاهەنگی زمانی کوردی و عەرەبی لە یەک جیان و، فەرهەنگی کوردی نابێ لەسەر شێوە و دەستووری فەرهەنگی عەرەبی بێ، ئنجا ئەگەر ئەم فەرهەنگە باش و پەسند بوو ئەوا ئاواتی چەند ساڵەی خۆم و گەلەکەم هاتەدی ئەگینا من درێغ و کۆتایم نەکردووە و شتی بێ نەنگیش هەر شایستەی خوایە. لەگەڵ ئەمەشدا کە دەگونجێ چەند جارێکی تر بەر و دوا لە چاپی بدەینەوە و، هەموو نۆرەیەک گەلێ وتەی تری بخەینە سەر و، کەموکوڕی و هەڵەیەکی ئەگەر ببێ چاکی بکەین.