پێشەکی

لە کتێبی:
خشڵ و پۆشاکی ژنانەی موکریان
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا سەمەدی
 12 خولەک  1900 بینین

کاتێک دەڵێین پۆشاکی ژنانەی موکریان، بە مانای جلوبەرگێکی یەکدەست نییە کە لە سەرانسەری موکریاندا باو بێ و هەمووان کەڵکی لێ وەرگرن. لەم مەڵبەندەدا هەر شارە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لە هەمان کاتیشدا پۆشاکی هەر شارێک لەگەڵ ئاوایییەکانی خۆی جیاوازە. بۆ نموونە ئەگەر بە مەودای چۆمێک لە شاری مەهاباد بپەڕییەوە بۆ ناوچەی مەنگوڕایەتی کە لە باشووری ڕۆژاوای مەهاباددا هەڵکەوتووە. لەگەڵ جلوبەرگێک ڕووبەڕوو دەبییەوە کە ژنانی ناو شار تەنانەت نازانن چلۆن دەبەر دەکرێ و بێگومان ئەشێ بە یارمەتیی شارەزایەکی جلوبەرگەکە بە دروستی بیپۆشن. هەر بەم پێیە کاتێک دەڵێین لیباسی کوردی، لە ڕاستیدا باس لە کۆلکسیۆنێکی ڕەنگاوڕەنگی فرە چەشن دەکەین کە لەم مەڵبەندەوە تا ئەو مەڵبەند، لەم شارەوە تا ئەو شار، لەم ئاوایییەوە تا ئەو ئاوایی زیاد و کەم ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ و شێواز و ناوی جیاوازی هەیە و ئەو جیاوازییە لە پۆشاکی ژناندا بەرچاوترە تا هی پیاوان. یەکەم پرسیار کە قوت دەبێتەوە ئەوەیە: هۆی ئەم جیاوازییە چییە؟

باسی جلوبەرگی کوردی بەگشتی بە ژنانە و پیاوانەوە کە هەمووی کوردستان بگرێتەوە فەرهەنگێکی گەورەی تێروتەسەل دەخوازێ کە بە هەوڵی دامودەزگایەکی تایبەت و پشوویەکی درێژەوە دەگاتە ئەنجام. جلوبەرگ لایەنێکی گرینگ و بەرچاوی فەرهەنگی نەتەوەیە و ئەشێ لە لایەنی جۆراوجۆرەوە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. پێکهاتەی جلوبەرگی هەر نەتەوەیەک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەو جوغڕافیایەوە هەیە کە خەڵکەکەی تێدا دەژی.

پاشان پەیوەندیی دەگرێ بە شێوەی ژیان و گوزەرانیان و بەدوای ئەوەشدا دەچێتەوە سەر دابونەریت و بیروباوەڕ و بەسەرهاتی مێژوویییان. هەموو ئەوانە دەست دەدەنە دەستی یەکتر و پێکهاتەی پۆشاکی کۆمەڵگا ڕێک دەخەن. فرەچەشنییەکی بەرچاو لە لیباسی کوردیدا بە ئاشکرا دەبینررێ کە دەگەڕێتەوە سەر بەرینیی خاکی کوردستان و ڕەنگاوڕەنگییەکی لە جوغرافیا و شێوەی ژیانی دانیشتوانی ئەو خاکەدا هەیە. لە کوێستانەکان ئاژەڵداری، لە داوێن و پێدەشتەکان کشتوکاڵ، لە شارەکان بازرگانیی شاڕەگی ئابووری و ژیانی خەڵکن. ئاژەڵدارییەکە لە بەخێوکردنی مریشک و کەڵەشێرەوە تا مەڕ و بزن و مانگا و گامێش و وشتر و ڕەوە ئەسپ دەگرێتەوە.

کشتوکاڵەکە لە گەنم و جۆ و برینج و دانەوێڵەوە تا سەوزیخانە و بێستان و باغداری، سەدان بەرهەمی گەرمێنی و کوێستانی لە نارنج و لیمۆی مەڵبەندە ساردوسڕکانی باکوورەوە تا خورمای دەشتە گەرمەکانی باشوور دەهێنێتە بەرهەم. لەدەم ڕووبار و گۆل و زەریاچەکاندا ژیان ڕەنگێکی تر بە خۆوە دەگرێ و لۆتکەسواران خەریکی تۆڕ ڕائەنگاوتن و ماسیی گرتنن. ئەم شێوازە گوزەرانە فرەچەشنە ڕاستەوخۆ دیالێکت و شێوەزار، دابونەریت، گۆرانی و چیرۆک و ئەفسانە، جلوبەرگ و پۆشاک، خشڵ و ڕازانەوە، بیروباوەڕ و ئایین و ڕێبازگەی فرەچەشنی لێ دەکەوێتەوە. کە هەرکام لەوانە لایەنێکی سروشتیی نەتەوەیەکی یەکپارچە و هاوچارەنووسن. هەموو بە خۆیان دەڵێن کورد. بە هەموو دیالێکت و شێوەزارەکان دەڵێن زمانی کوردی و سەرجەمی پۆشاکە جۆراوجۆرەکان تەنیا بە لیباسی کوردی دەناسرێن. لە پلەی دوویەمدا جیرانەتی لەگەڵ هاوساکانی سەر سنوورمان بەڵگەیەکی تری ئەم فرەچەشنی و جیاوازییەیە. جلوبەرگی کوردی لە باکوور و باشوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەم خاکەدا هەم شوێنی داناوەتە سەر پۆشاکی هاوساکامان و هەم شوێنی وەرگرتووە. کە وایە ئاسایییە لیباسی دانیشتوانی سەرحەدەکان تێکەڵایەتیی هەبێت لەگەڵ جلوبەرگی هەرمەنی، ئێرانی، عەرەبی، تورکی و گەلانی قەوقاز.

خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو جیاوازییانەی لە پۆشاکدا خۆ دەنوێنن، زەماوەندی ڕەنگانە. ڕەنگی گەش و شاد لە جلوبەرگی ژنانەدا دەوری سەرەکی هەیە. زەوقی ژنی کورد لە ڕەنگی توڵخ و تاریک و بۆر بێزارە. دیارە سەرچاوەی ئەم زەوقەش دەگەڕێتەوە سەر سروشت و ژینگە. لیباسی کوردی ئاوێنەی سروشتی کوردستانە. پێکهاتەی ئەو زەماوەندی ڕەنگە لە ئاسمانی شین و پەڵە هەوری سپی و پەڵە بەفری سەر لووتکە و فەرشی چیمەن و هەزاران گوڵ و پەلەوەری ڕەنگاوڕەنگ وەرگیرراوە.

تایبەتمەندیی جلوبەرگی ژنانەی موکریان و بەتایبەت ناو شاری مەهاباد ئەوەیە کە ساڵ بە ساڵ وردە گۆڕانی بەسەردا دێ و ئەم وردە گۆڕانە لە ماوەیەکی پێنج تا دە ساڵەدا بەتەواوی زل دەنوێنێ. بۆ وێنە دەسماڵی ژنانی مەهاباد هەر ئەو دەسماڵە نییە کە پار و پێرار کەڵکی لێ وەردەگیررا؛ کەرەستە، شێوەی بڕین و دروون، چەشنی پۆشین و بەسەردا دانی هەموو گۆڕاون. واتە لە کووتاڵێکی ئەستووری سێگۆشەی ئۆیەدارەوە بووەتە تۆڕێکیی درشتی لاکێشی بێ ئۆیەی بچووک. دەسماڵی پێشوو لە پشتەوەڕا بە سەردا دەدرا و دەکەوتە سەر تاسکڵاو و لکی تا سەر پانیەی کەوش شۆڕ دەبۆوە. کەچی دەسماڵی ئێستا لە پێشەوەڕا پێدا دەدرێ. ناکەوێتە سەر سەر و لکی نییە و سەرجەم جگە لە ناوەکەی تاکە خاڵێکی هاوبەشی لەگەڵ دەسماڵەکەی پێشوو نەماوە. ئەم ئاڵوگۆڕە مەزنە هەر بە سەر دەسماڵدا نەهاتووە. بەڵکوو کراس و دەرپێ و پشتێند و کڵاویشی گرتووەتەوە. هەندێ کەس بەم ئاڵوگۆڕانە ڕازی نین و بە مەترسیداری دەزانن و نیگەرانن لیباسی کوردی سەری تێدا بچێ و ڕایان وایە جلوبەرگی نەتەوەیی نابێ دەستی گۆڕانی بۆ درێژ بکرێ. کە وایە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە: ئایا ئەو ئاڵوگۆڕانەی بە سەر جلوبەرگی کوردیدا دێن، دروستن یا هەڵە و زیانبەخشن؟!

سەرجەمی کۆمەڵگا بە هەموو دیاردە و پێکهاتەکانیەوە دایم لە گۆڕاندایە. زمان، جلوبەرگ، دابونەریت، بیروباوەڕ، هەموو بەپێی نیاز و پێداویستی لەدایک بوون.

ئەو نیاز و پێداویستییانەیش هەرکام دیاردەی سەردەمی خۆیانن و بەپێی کات و زەمان دەگۆڕێن. بۆ نموونە کاتێک لە بەیت و حەیران و گورانی و حەکایەتەکانی ناوچەیەکی وەک موکریان ورد ببینەوە، دەبینین زمانی دەکار هاتوو هەر ئەو زمانە نییە کە بەرەی ئەمڕۆ قسەی پێ دەکا. بە ئاشکرا دەبینین لە ماوەیەکی سەد ساڵەدا زمان گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هاتووە. ئەگەر هەوڵمان دابایە زمانمان لە هەمان جەغزی سەد ساڵ لەمەوبەردا ڕابگرتایە. بێگومان ئەمڕۆ لاڵ دەماینەوە. چونکە ئەو زمانە وڵامدەرەوەی نیازەکانی ڕۆژ نەدەبوو. ئەگەر ئەمڕۆ دەتوانین بە کوردیی بدوێین و بنووسین لەسایەی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە بە هەنگاوی چرکەکانی کات و سات، بە سەر زمانەکەماندا هاتووە و ڕۆژ بە ڕۆژ خۆی تازە کردووەتەوە. هەر بەم ڕوانگەیەوە دەتوانین لە جلوبەرگ و دابونەریت و بیروباوەڕ و باقیی دیاردەکانی کۆمەڵگاش بڕوانین.

سەرچاوەی ئەو گۆڕانە لە دوو لایەنەوە: لایەنی سروشتی؛ کە لە ناخی کۆمەڵگاوە سەر هەڵدەدا و دەستێکی دیاریکراو یا کەسێکی ناسیاوی لە پشت نییە. بەڵکوو بەرهەمی ئەزموونی گەلە. ئەزموونەکانی ژیان و نیازەکانن ئەم گۆڕانە پێک دێنن کە نەتەنیا هیچ زیانێکی تێدا نییە، بەڵکوو زۆر بەسوود و ڕەمزی مانەوە و ژیانە.

لایەنی دوویەم: دەستکارییەکی وشیارانەیە کە لە لایەن شارەزایان و پسپۆڕانەوە، لەڕووی زانست و دڵسۆزییەوە بە ئەنجام دەگا. واتە سەرەڕای زمان بە بڕینی ڕەوتێکی سروشتی خۆی نوێ دەکاتەوە و دەگۆڕێ زمانەوانان و زمانناسانیش دەستی وشیارانەی بۆ دەبەن و لەڕووی زانستی زمانەوە خزمەتی پێویستی دەکەن. جلوبەرگی کوردی خۆی بەرهەمی ئاڵوگۆڕی مەزنی بەرەی پێشوویە. پێکهاتەی ئەو لیباسە لە هەر زەمان و سەردەمێکدا وڵامدەرەوەی نیازەکانی هەمان سەردەمە. بەختەوەرانە ئاڵوگۆڕە دوولایەنەکە لەم دیاردەیەشدا ڕەوتی سروشتیی خۆی بڕیوە و بەپێی نیاز و پێداویستییەکانی ژیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و خۆی تازە کردووەتەوە و وڵامدەرەوەی نیازەکانی سەردەمی خۆی بووە و گوێی نەداوەتە قسەی ئەم و ئەو. بۆ نموونە: تاسکڵاوی باوی موکریان تا هەشتاد نەود ساڵ لەمەوبەر وەکی زۆربەی ناوچەکانی تری کوردستان بەشێوەی خڕ (لەتکە تۆپ / نیوەگۆ) بووە. کچان و ئافرەتانی لاو وەک پێویستییەکی دەروونی، نیازیان بە گۆڕانی ئەو بیچم و شێوەیە هەبووە؛ هێناویانە کەللە و تەپەیان بۆ ساز کردووە و شێوازەکەیان لە نیوەگۆوە بە ئوستوانە گۆڕیوە. ڕەوانشاد خات مرێمی جودایی، لە کڵاودوورە کۆن و بەتەمەنەکانی مەهاباد، ساڵی ١٩٩٣ (١٣٧٢) لە وتووێژێکدا بیرەوەرییەکانی خۆی لەم بارەوە ئاوا بۆ نووسەری ئەم وتارە گێڕاوەتەوە: خوا لێخۆشبووی پوورم کڵاودووری بەناوبانگی سەردەمی خۆی بوو. لە سابڵاغ و شارەکانی دەوروبەرڕا دەهاتن و کڵاویان لە لا بە دروستکردن دەدا. من لە پێنج شەش ساڵانەوە لەپەنای دادەنیشتم و دەستم لە مقەببا و چرێش و سەرەپارچەکانی وەردەدا و بەمجۆرە لە لای ئەو فێری کڵاو دروستکردن بووم. لە تەمەنی هەشت نۆ ساڵییەوە تا ئێستا، کە تەمەنم ژوورووی هەشتایە بەردەوام کڵاوم دروست کردووە و بەشێک بووە لە ئەرکی ژیانم. قەدیم کچان لە تەمەنی شەش و حەوت ساڵییەوە دەبوو تاسکڵاو لەسەر بنێن. لەبیرمە کچە لاوەکان کە زیاتر بە خۆ ڕادەگەیشتن، دەهاتنە لای پوورم و داوایان دەکرد تاسکڵاوی بە کەللە و تەپەیان بۆ ساز بکا. ئەویش وەکی وەستاکارێک وەڵامی داوا و دڵخوازیی مشتەرییەکانی دەدایەوە و چییان ویستبا، ئەوەی ساز دەکرد؛ بەڵام وەکی هەمووی ژنانی هاوتەمەنی خۆی لەو کڵاوانە ڕازی نەبوو. دەیگوت: کچەتیو مچەتیوان ئەدا و ئەتوار دەنوێنن و کڵاوەکەیان تێک داوە! دەوری هەشتا نەوەد ساڵ لەمەوبەر بوو کە لاوەکان ئەو مۆدەیان داهێنا و وردە وردە بوو بە باو و ئێستا کڵاوی پێشوو بەتەواوی فەرامۆش کراوە.

ئەوە نموونەیەکی زیندوویە لەو ئاڵوگۆڕانەی بە چەشنی سروشتی و لە ناخی کۆمەڵگاوە پێکدێن و ژیانێکی دووبارە بە دیاردەکە دەبەخشن. بە شاهیدیی زەمان ئەو ئاڵوگۆڕانە ڕەمزی مانەوە و ژیانی جلوبەرگی کوردین و بوونە هۆی ئەوەی کە پێ بە پێی کات و سەردەم بڕواتە پێش و وڵامدەرەوەی نیازی ڕۆژ ببێ. هەموو کەرەسە و تەنانەت بیروباوەڕێک تا ئەو ڕۆژە دەژی کە پێداویستی و نیازێکی لە پشت ببێ و بتوانێ بە کردەوە ئەرکێک ڕاپەڕێنێ. بێگومان ئەگەر ئەم ئاڵوگۆڕانانە بەدی نەهاتبایەن لەوانە بوو تەنیا لە مۆزەخانەکاندا چاومان بە جلوبەرگی کوردی بکەوتایە؛ کەچی ئێستا دەبینین جلوبەرگی کوردی، بەتایبەت لە مەهاباد لیباسی فەرمی و پەسەندی میوان و میوانداری و شایی و زەماوەندەکانە و بەدەگمەن ئافرەتێک دەبینرێ کە بەبێ پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە وەها کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بەشداری بکا.

گرینگترین و یەکەم هۆی ئەم حوزوورە زیندوویەش هەر ئەو دەستکارییەیە کە لە لایەن ژنان خۆیانەوە بەپێی نیاز و پێداویستییەکانی دەروونییەوە ئەنجامیان داوە.

ئەگەر هات و کەسێک بە ناشارەزایی و نادڵسۆزییەوە بەبێ ئەوەی نیازێک لە ئارادا ببێ کراسی پاش و پێش کرد و دەسماڵی سەراوبن کرد و دەلینگی دەرپێی فش یا باریک کردەوە، ناچێتە خانەی گۆڕانەوە؛ بەڵکوو ئەمە ناوی تێکدان و سەقەت کردنە. جا جلوبەرگ بێ یا هەرکام لە دیاردەکانی تری کۆمەڵ. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە نابێ بە چاوی پیرۆزی لە جلوبەرگی کوردی بڕوانرێ و هێڵی سووری بۆ بکێشرێت؛ بەڵکوو دەبێ وەک نیاز و پێداویستی سەیری بکرێ. لەم لیستەیەدا هەوڵ دراوە چی پەیوەندی بە خشڵ و جلوبەرگی ژنانەی موکریانەوە هەبێ لە چوارچێوەی فەرهەنگۆکێدا ڕاڤە بکرێ. شەرحی وشەکان لە جەغزی جوغرافیای موکریان بە ناوەندیی شاری مەهاباددایە. وێنەکانی ژمارە «٢٨، ٢٩، ٣٢، ٥٢، ٥٤، ٦٨، ٧١، ٧٢، ٧٣، ٧٥، ٧٧ و ٧٩» کاری کاک ڕەزا دەوڵەتیارە و بەشێک لە زانیاریی پێویستیشم لە بابەتیانەوە هەر لە بەڕێزیانەوە وەرگرتووە؛ سپاسی دەکەم. پێنج وێنەی ژمارە «٤٠، ٤٩، ١٠٢، ١٠٦ و ١٠٧» لە ئینتەرنێت وەرگیراون و دوو وێنەی ژمارە «٤٥ و ٨٥» م لە «فرهنگ گیاهان دارویی» ی دوکتۆر عەلی زەرگەری وەرگرتووە. وێنەی ژمارە «٥٦» کاری ڕەوانشاد سەدیق ژیانە کە نموونەی جلوبەرگی شۆخ و باوی مەهابادی دەوری ٧٠ ساڵ لەمەوبەر نیشان دەدا.

باقیی وێنەکان لە لایەن نووسەری وتارەوە تایبەت بۆ ئەم فەرهەنگۆکە کێشراو. سپاسی یای زێڕن عومەری دەکەم بۆ یارمەتیی بەشی جلوبەرگی مەنگوڕی. وێنەی ژمارە «١٠٨» هاوکاریی کاک فایەق عەزیزییە و دوو وێنەی ژمارە «١٠٩ و ١١٠» هاوکاریی تەلعەت خانم حەمیدییە کە بە هاوکاریی خانم نەسرین جەعفەری وەدەست کەوتن. زۆربەی ئەم وشەیانە یا لە فەرهەنگە کوردییەکاندا نەهاتوون یا ئەگەر هاتبن بە ڕستەیەکی وەک: جۆرە خشڵێکی ژنانەیە یا جۆرە پۆشاکێکی ژنانەیە، بڕاوەتەوە. هیوادارم لێکۆڵەران هەر کەسە و لە ناوچەی خۆی لیستەیەکی لەم چەشنە بۆ پۆشاکی ناوچەکەی خۆیان پێک بێنن، تا بەم کارە هەنگاو بە هەنگاو لە ئینسکلۆپیدیای جلوبەرگی کوردی نزیک ببینەوە.