پێشوتار

لە کتێبی:
فەرهەنگی ژیان
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە
 3 خولەک  270 بینین

ئەم فەرهەنگە بە سێ زمانی ئینگلیزی-کوردی(سۆرانی)-فارسی بەرهەمی بەردەوامی ماوەی 5 ساڵ حەول و تێکۆشانە. ئەم فەرهەنگەش وەک هەموو فەرهەنگی تر بێ کەموکووڕی نییه. ئەوپەڕی حەول و کۆششی خۆم داوه تا کارێکی تاقانە و تازه پێشکەش کەم، ئایا چەند لەم هەوڵەمدا سەرکەوتووم، بڕیار بە دەستی خۆم نییە.

چی هاندەرم بوو بۆ ئەنجامی ئەم کارە؟ کاتێک قوتابی بووم زۆر جاران بیرم لە فەرهەنگی ئینگلیزی-کوردی دەکردەوە. پاشان که بوومە خوێندکار و گەرەکم بوو هەندێ شت لە ئینگلیزی به کوردی وەرگێڕم پێویستم به وەها فەرهەنگێک بوو. زۆر گەڕام بەڵام هیچم دەست نەکەوت! لەو وەختەوه هەمیشە دە بیر و هزرمدا بووە کە فەرهەنگێکی بە زمانی ئینگلیزی-کوردی دانێم. بۆ ئەم کارە دەستی یارمەتیم بۆ زۆرکەسی خوێندەوار درێژ کرد بەڵام بە داخەوە کەس سرنجی پێنەدام. دیتم کار بە ئاوات و ئارەزوو سەرناگرێ و وەک کورد گوتەنی:"تێکوشین بە هەویای جیران ویشکە، بەڵام دەستی ماندوو لە سەر زگی تێره". به واتایەکی تر:"وەدەست هێنانی گەنج، خەبات و تێکۆشانی دەوێ". بڕوام وایە کە نیاز و پێویستی دایکی داهێنانە و کەسێ توێژەر و دۆزەر بێ بە ئامانجی خۆی دەگات. هەر بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، بە تەنیایی و بە کۆ کردنەوەی هەندێ سەرچاوە دەست بە کار بووم و بەشێکی تەمەنم بۆ تەرخان کرد و بو تێگەیشتن و سوودی باشتر بەشی فارسیم پێوە زیاد کرد.

کوردی پەتی و کۆڵان و ناوچەییم دەکار نەهێناوە، بەڵکوو ئەو وشانەی کە پانتایی بەکارهێنانیان بەرفراوانە دەکار کراون. هیوادارم جێی ڕەزامەندی توێژەران، نووسەران، مامۆستایان، وەرگێڕان، خوێندکاران و قوتابیان بێ. لە بابەت بایخی فەرهەنگ هەر ئەوەندە بەسە کە فارس دەڵیت: "نرخی زێڕ لای زێڕینگەرە و نرخی گەوهەر لای گەوهەر فرۆش". لە کوتاییدا زۆر سپاسی دۆستی بەڕێزم کاک «قەرەنی ئەمینپوور» دەکەم کە بۆ هەڵەبڕی وشەکان یارمەتی دام. هەروەها قەرزداری بنەماڵەم.

 

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا زاده

مەهاباد

12/11/2715

ئیمەیل: abdollahzadeh52@yahoo.com

ژمارەی پەیوەندی: +989144443715

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا زاده مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 1352 لە گوندی چۆمەڵان سەر به شاری مەهاباد لە دایک بووە. بەرهەمەکانی دیکەی بریتین لە:

1- کۆکردنەوه و ئامادەکردنی: «فرهنگ ضرب المثل‌های معادل انگلیسی-فارسی-کردی (زاگرس)»

2-وەرگێڕانی کتێبی: «قومیت‌گرایی کرد» لە زمانی ئینگلیزی بۆ فارسی. چاپ و بڵاوکراوە لە ساڵی 1381

3- وەرگێڕانی «وضعیت کردها در ایران» بۆ فارسی

4- وەرگێڕانی «مجموعه‌ی آثار تاریخی-فرهنگی هرسین» لە زمانی فارسی بۆ ئینگلیزی

5- نووسینی پەرتووکی: «آموزش حروف و کلمات انگلیسی» بۆ مناڵان لە تەمەنی: ئەلف، بێ، جێ

6- نووسینی چەندین وتار لە گۆڤارەکان و ڕاگەیەنەرەکان