Meaning of «ئەسپ» in Ferhengî Şêxanî:

ئەسپ

هەسپ • حەسپ • بۆڕ • ئەستۆر
گیاندارێکی چوار پێی بەرزی، یەکسمی کلک و باڵ درێژی، شۆخ و شەنگی ژیرە، لە زۆر کۆنەوە کەوی کراوە، بۆ سواری و بارهەڵگرتن و غارەئەسپ و گۆیێن بەکاردێت. 25 تا 30 ساڵ دەژی، هەرپاش کەوی کردن هاتۆتە ڕێزی ئامرازی شەڕی نێوان خێڵ و عەشیرەتەکان.
جۆری ئەسپ: لەڕووی جۆرەوە ئەسپ چەند جۆرێکی هەیە، وەک:
- ئەسپی ڕەسەن: کە خەڵکی ڕەشۆکی کە بە «جسن» ناویان دەبەن واتە بەوەچە ڕەسەن بووە - ئەسپە ئاسییەکان: ناڕەسەن کە شێوە گشتییەکە وەردەگرێ
ناوی ئەسپ: کە لە ناو کۆمەڵدا باوە ئەم جۆرە ئەسپانە زۆر ڕەسەنن.
- ئەسپی سەگڵاوی: سەگڵاوی ناوی ئەسپەکە کە خاسیەت و نیشانەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەویش قاچی خرە خێرا ئەڕوات هار و توڕەیە پێیەکانی توانای خۆڕاگرتنی نییە. - ئەسپی نەجدی: زۆر خێرا دەڕوات لووتێکی گەورەی هەیە هیلاک نابێت یەکێک لەو خاسیەتانەی لەم جۆرە ئەسپانە دایە ئەگەر سوارێک لەسەری کەوتە خوارێ ناڕوات هەتا سوارەکە جارێکی تر سوارنەبێتەوە و قاچی نەخاتە ناو ئاوزەنگی. - ئەسپی کەحێل: گوێچکە و قاچی بچووکن ملێکی باریک و سمتی بەرزە ڕۆیشتنی شەپۆلییە هیلاک نابێت. - ئەسپی موعەنەگ - ئەسپی حوبێدجان - ئەسپی کەحێلی کوردی - ئەسپی باوبۆران • ئەسپێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی
بە ڕەنگ و شێوە و خاسیەت بە گەلێ جۆری تر ناویان دێت وەک:
- ئەسپی تاتاری - ئەسپی شەهریاری - ئەسپی بۆرە - ئەسپی شێ - ئەسپی لەیل و پەر - ئەسپی باڵەبان - ئەسپی بۆرەی خاڵ خاڵ - ئەسپی شینکی قەزوانی - ئەسپی شێی موتڵەق - ئەسپی شێی ئاڵ - ئەسپی ڕەش - ئەسپی کەوێتی قاپ ڕەش - ئەسپی سور - ئەسپی سپی - ئەسپی بەحری - ئەسپی شینکاشێ - ئەسپی بەش (ئەسپی نێوچەوان سپی) - ئەسپی خورت (ئەسپی تێر ئالیک و تێر جۆ)
پەسندی ئەسپ: بۆ پەسندی ئەسپی زۆرباش و چاک دەبێ ئەم سیفاتانەی هەبێ: سم کۆدک، جومگە پەیت، لەسەرلنگ، ناودەست بڵاو، سینە تەخت، قەدباریک، دو ئەستوور، گوێ سەگڵاوی، هەینە ڕەق، لاجانگ لەڕ، دم و چاو و لموز شوش، بەژن ڕێک، کلک گڕ، باڵابەرز، دیمەن تەرز، زیت و نێسکە و لەنجە کەر، شۆخ و شەنگ، بەڕاپەڕ، ڕەوت مەڕ، ئاسکە باز، نازەنین، بێ مانگری، جووتە و گاز و سەروەشێنی، هۆگر و ڕام، لەدەستەمۆو جڵەو خۆش، شایی بەخۆ، لە ڕامبازیدا ڕەوان، پشوودار و بێ هەژان سووکی و نرکە و سەرسم دان
ناوی ئەسپ: مەبەست لەناوی ئەسپ لێرەدا ئەوەیە لەبەرئەوەی میللەتی کورد لە زۆر کۆنەوە ئەسپی بۆ شەڕ و ململانێ بەکارهێناوە سەرکەوتنی پێ بەدەستهێناوە لەمەیدانی شەڕدا، بۆیە هەر (ئەسپێک) خاوەنەکەی ناوێکی بۆ خۆشەویستی لێناوە، وەک: ئەسپی چەتوی کوڕی فەرعۆی ناوی (تێل عەیشان بوو)، هی حەسەنی والیکی ناوی «قەلەبالداری بەحری» بوو.
ڕۆیشتنی ئەسپ: ئەسپ شەش جۆر ڕۆیشتنی هەیە:
- جلەو شل کردن - لۆقە (گورگە لۆقە) - نەرمەغار - چوار ناڵە (چوار پەلە) - ڕەوت - ئاوزەنگی تەقین
Ferhengî Şêxanî
By:
Abd Wahab Shaikhani
Language:
Kurdish to Central Kurdish
Publish year:
2009