واتای «ئەسپ» لە فەرهەنگی شێخانیدا:
ئەسپ
هەسپ • حەسپ • بۆڕ • ئەستۆر
گیاندارێکی چوار پێی بەرزی، یەکسمی کلک و باڵ درێژی، شۆخ و شەنگی ژیرە، لە زۆر کۆنەوە کەوی کراوە، بۆ سواری و بارهەڵگرتن و غارەئەسپ و گۆیێن بەکاردێت. 25 تا 30 ساڵ دەژی، هەرپاش کەوی کردن هاتۆتە ڕێزی ئامرازی شەڕی نێوان خێڵ و عەشیرەتەکان.
جۆری ئەسپ: لەڕووی جۆرەوە ئەسپ چەند جۆرێکی هەیە، وەک:
- ئەسپی ڕەسەن: کە خەڵکی ڕەشۆکی کە بە «جسن» ناویان دەبەن واتە بەوەچە ڕەسەن بووە
- ئەسپە ئاسییەکان: ناڕەسەن کە شێوە گشتییەکە وەردەگرێ
ناوی ئەسپ: کە لە ناو کۆمەڵدا باوە ئەم جۆرە ئەسپانە زۆر ڕەسەنن.
- ئەسپی سەگڵاوی: سەگڵاوی ناوی ئەسپەکە کە خاسیەت و نیشانەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەویش قاچی خرە خێرا ئەڕوات هار و توڕەیە پێیەکانی توانای خۆڕاگرتنی نییە.
- ئەسپی نەجدی: زۆر خێرا دەڕوات لووتێکی گەورەی هەیە هیلاک نابێت یەکێک لەو خاسیەتانەی لەم جۆرە ئەسپانە دایە ئەگەر سوارێک لەسەری کەوتە خوارێ ناڕوات هەتا سوارەکە جارێکی تر سوارنەبێتەوە و قاچی نەخاتە ناو ئاوزەنگی.
- ئەسپی کەحێل: گوێچکە و قاچی بچووکن ملێکی باریک و سمتی بەرزە ڕۆیشتنی شەپۆلییە هیلاک نابێت.
- ئەسپی موعەنەگ
- ئەسپی حوبێدجان
- ئەسپی کەحێلی کوردی
- ئەسپی باوبۆران • ئەسپێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی
بە ڕەنگ و شێوە و خاسیەت بە گەلێ جۆری تر ناویان دێت وەک:
- ئەسپی تاتاری
- ئەسپی شەهریاری
- ئەسپی بۆرە
- ئەسپی شێ
- ئەسپی لەیل و پەر
- ئەسپی باڵەبان
- ئەسپی بۆرەی خاڵ خاڵ
- ئەسپی شینکی قەزوانی
- ئەسپی شێی موتڵەق
- ئەسپی شێی ئاڵ
- ئەسپی ڕەش
- ئەسپی کەوێتی قاپ ڕەش
- ئەسپی سور
- ئەسپی سپی
- ئەسپی بەحری
- ئەسپی شینکاشێ
- ئەسپی بەش (ئەسپی نێوچەوان سپی)
- ئەسپی خورت (ئەسپی تێر ئالیک و تێر جۆ)
پەسندی ئەسپ: بۆ پەسندی ئەسپی زۆرباش و چاک دەبێ ئەم سیفاتانەی هەبێ: سم کۆدک، جومگە پەیت، لەسەرلنگ، ناودەست بڵاو، سینە تەخت، قەدباریک، دو ئەستوور، گوێ سەگڵاوی، هەینە ڕەق، لاجانگ لەڕ، دم و چاو و لموز شوش، بەژن ڕێک، کلک گڕ، باڵابەرز، دیمەن تەرز، زیت و نێسکە و لەنجە کەر، شۆخ و شەنگ، بەڕاپەڕ، ڕەوت مەڕ، ئاسکە باز، نازەنین، بێ مانگری، جووتە و گاز و سەروەشێنی، هۆگر و ڕام، لەدەستەمۆو جڵەو خۆش، شایی بەخۆ، لە ڕامبازیدا ڕەوان، پشوودار و بێ هەژان سووکی و نرکە و سەرسم دان
ناوی ئەسپ: مەبەست لەناوی ئەسپ لێرەدا ئەوەیە لەبەرئەوەی میللەتی کورد لە زۆر کۆنەوە ئەسپی بۆ شەڕ و ململانێ بەکارهێناوە سەرکەوتنی پێ بەدەستهێناوە لەمەیدانی شەڕدا، بۆیە هەر (ئەسپێک) خاوەنەکەی ناوێکی بۆ خۆشەویستی لێناوە، وەک: ئەسپی چەتوی کوڕی فەرعۆی ناوی (تێل عەیشان بوو)، هی حەسەنی والیکی ناوی «قەلەبالداری بەحری» بوو.
ڕۆیشتنی ئەسپ: ئەسپ شەش جۆر ڕۆیشتنی هەیە:
- جلەو شل کردن
- لۆقە (گورگە لۆقە)
- نەرمەغار
- چوار ناڵە (چوار پەلە)
- ڕەوت
- ئاوزەنگی تەقین