پێشەکی
گەڕۆس ناوچەیەکی گەورەیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کوردستان بە ناوەندێتی شارۆچکەی بیجاڕ کە لە باکوورەوە لەگەڵ شارۆچکەی تەکاب، لە رۆژاواوە تەک دیواندەرە، لە باشووری رۆژاواوە لەگەڵ سنە، لە باشوورەوە تەک دێگولان و قوروە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە تەک زەنجان (زەݩان) و لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ هەمەدان (هەمەڴان) هاوسنوور و دراوسێیە.
گەڕۆس ناوچەیەکی پڕ تەپ و یاڵ و بی دار و درەختە، هەر بەو هۆیەشەوە تاقمێک وشەی گەڕۆسیان بە دوو وشەی «گەڕ»، واتا تەپ و یاڵی ڕووت و بە بێ دار و بنجک و «وەش»، کە وشەیەکی پەهلەوییە واتا «زۆر»، داناوە. کە واتە ئەم وشەیە لە سەریەک مەڵبەندی پر تەپ و یاڵی بێ داری زۆر دەگەیەنی و تەنانەت ئەوڕۆکەش جوگرافیای ناوچەکە هەروایە.
● شێوەزاری زۆربەی خەڵکی گەڕۆس کوردی گەڕۆسیە کە لە بەش بەندی زاراوە و بن زاراوە جۆراوجۆرە کانی زمانی کوردی دا هەر کەسە و زاراوەی ئەم ناوچەیەی داوەتە پاڵ لقێکی زمانی کوردی و لە بن پەلێکدا دای ناوە کە پێم وایە ئەوەندە ڕاست و ڕێک و پێک نەبن.
ئەو زاراوەیە لەڕووی لەحن و هەواوە زۆرتر لە زاراوەی ئەردەڵانی دەچێ بەڵام لە ڕووی ڕێزمانی و جۆری تاک کردنەوەی کردەوەکانییەوە زۆرتر وەکوو زاراوەی کرماشان و ئیلام و سەرپرد و ئەو ناوچانە وایە. بەو پێیە وێ دەچێ ئەویش یەکێکی تر بێت لە ژێرلقەکانی زاراوەی بەرین و بەرفراوانی گۆران.
● شێوەزاری گەڕۆسی کە یەکێکە لە پتەوترین و شیرین ترین زاراوەکانی کوردی و بە بڕوایەک ئاڵقەی نێوەڕاستی زاراوەکانی تری کوردیە، ئەوا لە مێژە بێدەنگ و ماندوو لە داوێنی زاگرۆسی سەربەرزدا داکەوتووە و بەردەوام خەریکی لاواز بوونە.
لانی کەم لە کوردوستانی لای خۆمان دا چوار بابەت بوونەتە هۆی پاراستنی زمان کە بریتین لە: 1- مەنبەر و مۆعێزە ئایینییەکان 2- شێعر و ئەدەبیاتی زارەکی بە هەموو شێوەکانییەوە 3- نووسین 4- مۆسیقا. بەڵام بە داخەوە ئێستا هیچ لەو بابەتانە لە گەڕۆسدا نین.
جا ئەوەی کە ئەم شێوەزارە تا ئێستا خۆی کێشاوە و هاتووە وێ دەچێ مۆجزە بێت یان هانایە کی ئاسمانی، بەڵام لە ئێستە بە دواوە ئەگەر هەوڵ و تەقالایەکی بێ وچانی لە گەڵدا نەدرێت، خوا دەیزانێ ئەوڕۆ یان سبەی پردی تەسکی شێوە زاری گەڕۆسی ببێ بە پارووی لافاوی کام زمان.
● ئاستەنگی بواری نووسینی زاراوەی گەڕۆسی و هەروەها فەیلی، کەڵوری، جافی، گورانی،... و ناوچەگەلێ کە زاراوەی ئەردەڵانیان هەیە و بەشێکی گەورەی کوردەوارین، سێ دەنگن کە لە ڕێنووسی ئێستای زمانی کوردیدا نیشانەی نووسینیان نییە. مەبەستمان دەنگگەلی «ğ ،ŋ و ü»ە. ئەو دەنگانە سێ دەنگی زۆر کۆنی ئێرانین کە بڵاوەی دەکارهێنانیان لە زمانە هندوئێرانییەکاندا لە پاشەکشەدایە و کوردوستان تاکە جێگایەکە هێشتا باوەشی ئاوەڵای ئەو دەنگانەیە، بە تایبەت ئەو ناوچانە وا باسمان کردن. بەڵام بە داخەوە ئەو دەنگانە بە هۆی نەبوونی نیشانەی نووسین لە زیندانی سینەدا ماونەتەوە.
بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەی دواییدا لەو بارەیەوە کارگەلێک لە ئیلام و کرماشان و ئەو ناوچانە کراوە و نیشانەگەلێک بۆ ئەو دەنگانە دانراوە کە کەم یان زۆر کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ، بەڵام ئەوەندە تەواو نین و هێشتا مشتومڕی زۆریشیان لە سەرە.
کە وا بوو دەتوانین بڵێین هەندێ لەو دەنگانە نیشانەیەکیان هەبوو کە تا ڕادەیەک قابیلی قوبووڵ بێت و هەندێکێش ئێمە بۆ خۆمان نیشانەمان بۆ داناون.
● پێمان وایە بۆ دانانی یەک نیشانە دەبێ چەند خاڵ لە بەر چاو بگرین کە بریتین لەمانە:
1- هەر دەنگە و نیشانەیەکی هەبێ؛ 2- لە گەڵ ئەلفوبێی ئێستا یەک بگرێتەوە؛ 3- بۆ کوردزمانێ کە ئەم نیشانانەی وە بەر چاو نەکەوتووە یان لە زمانیدا نییە تا ڕادەیەک فام بکرێت؛ 4- بۆ نیشان دانی یەک دەنگ لە پێکەوەنانی دوو نیشانە کەڵک وەرنەگیردرێ.
یەکەم دەنگ دەنگێکە بە فونەتێکی /ŋ/ کە هاوتای لە سۆرانیا زۆرتر دوو دەنگی /n/ و /g/ە کەبە دوای یەکدا دێن وەک: /raŋ/ واتا «رەنگ» و /daŋ/ واتا «دەنگ».
بە لە بەر چاوگرتنی ئەو خاڵانە بۆ دانانی یەک نیشانە، پێم وایە پێشنیاری نیشانەی «ݩ»، شیاو بێت. کەواتە ئەو وشانە لە گەڕۆسیدا ئاوا دەنووسرێن: : «رەݩ» کە لە سۆرانیدا دەبێتە «رەنگ» و دەݩ کە لە سۆرانیدا ئاوایە: «دەنگ».
دووهەم دەنگ، دەنگێکە بە فونەتێکی /ğ/ کە لە وشەگەلێک وەکوو /rağ/ واتا «رەگ» و /gorğ/ واتا «گورگ) دێت. لەم دەنگێشەدا بە چاوخشانێک لە سەر ئەو چوار بابەتە رەنگە پێشنیاری نیشانەی «ڴ» خراپ نەبێت. بەوپێیە لەگەڕۆسیدا ئەو وشانە ئاوا دەنووسرێن: «رەڴ» و «گورڴ» کە لە سۆرانیدا دەبنە رەگ و گورگ.
دەنگی سێهەم، دەنگێکە بە فونەتێکی /ü/ کە بۆ وێنە لەم وشانەدا دێ: /rü/ واتا «رێوی» و /dü/ واتا «دووکەڵ» و /xün/ واتا «خوێن». لەم بارەشەوە لەوانەیە پێشنیاری نیشانەی «ۊ» تەک ئەو چوار خاڵە وا باسم کردن بگونجێت. کەوابوو شێوەی نووسینی ئەو وشانە لە گەڕۆسیدا ئاوایە: ڕۊ، دۊ و خۊن.
● بێگومان سەرەکی ترین و سروشتی ترین مافی هەر مرۆڤێک کە لە سەدەی بیست و یەکەم دا دەژێت نووسین بە زمانی زگماکییە. کەوا بوو پێمان وایە ڕێنووسی زمانی کوردی و نیشانەکانی نووسین لەو ڕێنووسەدا دەبێ پێداویستی هەموو ئەو کەسانە دابین بکات وا لە هەر ئاست و هەر لق و ژیر لقێکدا کەڵک لەو زمانە وەردەگرن. ڕێنووسەکە دەبێ هێندە بەربڵاو بیت کە بتوانێت هەلی پێوەندی خەڵکێکی بەربڵاو بە پانتایی کوردستان پێک بێنی. جا ئەگەر ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە ئێستاکە چاخی ئینتەرنێت و پێوەندی جیهانی و لێشاوی زانستییە، پێویستی ئەو دیاردەیەمان بۆ ڕوونتر دەردەکەوێت.
ئیشەکە زۆر هاسانە. تەنیا بە زیادکردنەوەی سێ پیت لە ڕیزی پیتەکانی ئەلفوبێی کوردی، ناوچەیەکی هەرە گەورەی کوردوستان دەرفەتی پێوەندی لەگەڵ ناوچەکانی تری بۆ دەڕەخسێت. دەنا ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، ئەمنێک پێویستیم بە نووسین بێ کە مانێکی ڕەوا و سروشتی ئەمنی مرۆڤە، بۆ خۆم ڕێگایە کی هەر بۆ دەدۆزمەوە. کەسێکی تریش هەر بەو شێوە و ئەوی تریش هەروەها. بەڵام ئەگەر هەر کەسە و سازی خۆی لێ بدا بێگومان کەس گوێ لە کۆنسێرتە کەمان ناگرێ و ئەمە دەبیتە هۆی دووبەرەکی و جیاوازی و دابڕانی پتر.
کەچی بە داخەوە قسە لە زیادکردنی چەند پیت دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و شڵەژاوی هەندێ کەس. لە کاتێکدا کەم یان زۆر بوونی پیت نە بایەخە بۆ زمان و نە شتێکی لێ کەم دەکا. بۆ وێنە زمانی هاوایی ١٣ و زمانێک لە زمانەکانی قەفقاز ٨٩ پیتی هەیە و نێوەنجی ژمارەی بیت لە زمانە جۆراوجۆرە کاندا ٥ پیتە.
● کوڵ و کورت، ڕاستیی فرە چەشنی زاراوە کانی کوردی شتێکی هاشاهەڵنەگرە و زۆر وشەی کوردیمان هەیە هەلی نووسینیان بەم ئەلفوبێیە نییە و هەر بۆیەش بە داخەوە وشەی زۆرمان هەیە کە جێگایان لەو هەموو فەرهەنگانەدا خاڵییە و خەریکن لە ناو دەچن. کەچی ئەگەر هەوڵی نووسینی ئەو وشانەش درابێت، هەلەی زۆری تێدا بووە چونکە هەر وا کە باسمان کرد ئەم ڕێنووسە توانای ئەو کارەی نییە. لەو بارەیەوە پێویستە لە توێژینەوە و شی کردنە وەی زانستی کەڵک وەربگیردرێت و کە ٤ کۆڕی ئەو ڕێنووسە بنەبڕ بکرێت و ڕێنووسێکی یەکپارچە بخرێتە بەر دەستی ئێمەی کورد بە چەشنێک دەرفەتی پێوەندی بە هەموو کوردێک لە هەر کوێی دنیا بدات و هەر وشەیەک لە کوردی قابیلی نووسین بێ.
● بێگومان نووسینی وشەنامەیێ کە بە راستی هەڵگری وشەکانی هەموو زاراوە کانی کوردی بێت کارێکی زۆر گەورە و دژوارە و بە کەسێک و دوانەوە جێبەجێ نابێت و دەبێ لە لایەن دەسەڵات و بنکە کولتوورییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێت. کە وا بوو لەم حاڵەدا بە رای ئێمە ئەوانەی هۆگری کاری وشەنامەن دەبێ هەر کەسە و لە ناوچە و زێدی خۆی وشە کانی ئەو ناوچەیە کۆ کاتەوە تا لە داهاتوودا لە کۆگەیەکی (مجموعه) گەورە و گشتی تۆمار بکرێت.
● پێمان وایە ئەمە یەکەم جار بێت کە دوو زاراوەی زمانی کوردی بە ڕاشکاوی پێکەوە بەراورد دەکرێن. هەر وا کە دیارە وشەنامەکە کوردی گەڕۆسی، کوردی سۆرانی-فارسی)ە. کەواتە دوای نووسینی وشە گەڕۆسیەکە، لە بەردا هاوتای سۆرانییەکەی دێت و پاشان مانای فارسییەکەی. بۆ وێنە: «چەو/ چاو: چشم»، «ئاژاژگ/ باوێشک: خمیازە»، «چەرمڴ/ سپی: سفید» یان «سەوز/ شین: سبز».
چاکەی ئەو کارە لەوەدایە خوێنەری توێژینەر دەتوانی هاوتای وشە گەڕۆسیەکان لە زاراوەی سۆرانی کە ئەوڕۆ کە زمانی ئەدەبی و زانستی باوی سەردەمە لە کوردەواری، بدۆزێتەوە و ئەم دوو زاراوەیە پێکەوە بەراورد بکا و لە رادەی یەکگرتوویی یان جیاوازییان بگات، یان دووری و نزیکی هەر کام لەو دوو زاراوەیە لە زمانی فارسی تاقی بکاتەوە.
● دەبێ ئەوەش بڵێن کە جارێکی تر هەوڵی کۆکردنەوەی وشەگەلی زاراوەی گەڕۆسی دراوە، بەڵام بە هۆی هەندێ بابەتەوە زۆربە دڵمان نەبوو کە یەکێک لە و کێشانە کەڵک وەر نەگرتن لە رێنووسی کوردی بوو. بەلام لەم کارە جگە لەوەی کە رێنووسی کوردی بە کار براوە. لەو نیشانانە وا باسمان کردن بە زۆری کەڵک وەرگیراوە.
● بە داخەوە دەبێ ئەوەشە بڵێن کە لە کۆ کردنەوەی وشەکانی ئەم بەرهەمە هیچ سەرچاوەی نووسراوێک وەکوو دیوانی شێعر و کتێبی کۆن و تەنانەت گۆرانی و مۆسیقای تۆمار کراویش بەو زاراوەیە لە بەردەستدا نەبووە و هەموو لە زاری خەڵکی کووچە و کۆڵانا وەرگیراوە. بەو پێیە پێمان وایە نووسینی وشەنامەیەکی تەواو خولیایەکی دوور و درێژ بێت. بەلام لانی کەم هیوادارین خوێنەری بەئینساف لۆمەی زۆرمان نەکات و ئەم کارە بە هەنگاوێکی بچووک دابنێت کە کەسانی تر شوێنی بگرن و زۆرتر پەرەی پێ بدەن.
جافر سریشابادی - ڕەزا سوهرابی
بیجاڕ
سەرماوەزی ٨٨