پێشەکی

از کتاب:
فەرهەنگی تەکنۆلۆژیای زانیاری
اثر:
ئاراس نوری و دیاکۆ هاشمی
 2 دقیقه  772 مشاهده

«زانستپەروەرانی کورد» گرووپێکی پێکهاتوو لە کوردانی دانیشتووی وڵاتە جۆربەجۆرەکانە کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە، بە هەرەوەزی و تاک، کارەکانیان بەشێوەی «سەرهێڵ online» لەسەر «www.zkurd.org» پێشکەش دەکەن. هەر پڕۆژەیەک دەستەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەم وشەنامەیە کە نزیکەی ١٧٠٠ زاراوە لەخۆ دەگرێت، بەرهەمی «دەستەی پڕۆژەی فەرهەنگی ئای‌تی»یە، کە ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئینتەرنێت ئامادە کراوە و، ئێستاش وەشانی یەکەمی بەشێوەی پەڕتووکێ لە بەردەستی ئێوەی هێژادایە.

بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی زمانە جۆربەجۆرەکان، بەتایبەت زمانە ئەورووپییەکان و، هەروەها بە ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێسای زاراوەسازیی کوردی، کۆمەڵێ زاراوە و چەمکی نوێ داهێنراون کە بوونەتە هۆی دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان. هەندێ لە زاراوەکان بە پێناسە و ڕاڤە، زیاتر ڕوونکردنەوەیان بۆ کراوە.

وەشانی یەکەم، لە کۆتاییی مانگی ٨/٢٠١٠ لەچاپ درا، لەو کاتەوە چ لە مەکۆی زانستپەروەرانی کورد (zkurd.org/meko) و چ لەڕێگەی پرسیار و وەڵام و پەیوەندییەوە گفتوگۆ لەسەر چەندین زاراوەی نوێدا کراوە و بەردەوام بووە، کە هەندێکیان لەم وەشانەدا دەبینیتەوە، ئاواتی ئێمە ئەوەیە کە لە وەشانەکانی داهاتوودا بگەینە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا کە خاوەنی هەزاران زاراوەی تەکنۆلۆژیای زانیارین، بۆ ئەو مەبەستەش کارکردنمان بەردەوام دەبێت و گفت ئەدەین بە خوێنەران کە وەشانی داهاتوو دەوڵەمەندتر بکەین، بێگومان ئەم جۆرە کارانەش پشتیوانی و هاوکاریی هەموو تاکە کەسێکی دەوێت، نەک بە تەنها زمانزان و زانستخوازان، بەڵکوو هەموو دەبێ پەرۆش بین بۆ زمانەکەمان.

بۆ هەر پێشنیار و لێدوانێکیش سەبارەت بەم فەرهەنگە، دەتوانن لە ڕێگەی پۆستی ئەلیکترۆنییەوە ڕەوانەی بکەن بۆ:

info@zkurd.org

خۆشحاڵ دەبین بە هەموو پەیامێک.

ئاراس نوری و دیاکۆ هاشمی