پێشەکیی لیژنەی فەرهەنگ

لە کتێبی:
فەرهەنگی وشەنامە
بەرهەمی:
لێژنەی فەرهەنگ
 2 خولەک  2374 بینین

هۆرامی، یاخود هەورامی کە وشەیەکی زیاتر باوە لەسەر زاری خەڵکی کوردستان، یەکێکە لە شێوەزارە سەرەکییەکانی زمانی کوردی. جا ئەگەر چی هۆرامی (وەک دانەر خۆشی باسی لێ دەکات) شێوەزمانێکی کۆن و دێرینە، بەڵام تا ئەمڕۆ فەرهەنگێک وەک سەرچاوەیەکی دیار بەم شێوەزارە لای خەڵک، بوونی نییە.

لێژنەی فەرهەنگ لە ئەکادیمیای کوردی لەڕووی ئەوەی کە ناساندنی هەموو شێوەزارەکانی زمانی کوردی بە ئەرکی خۆی و کارێکی پێویست دادەنێت، ئەم بەرهەمەی مامۆستا بێدار دەخاتە بەردەست. ئەم کارە نەک هەر کەلێنێکی دیار لە فەرهەنگسازی کوردیدا پڕ دەکاتەوە، بەڵکوو کاریگەر دەبێت لە نزیککردنەوەی شێوەزارەکان لە یەکتری کە دەشێت ئەرکێکی سەرەکیی فەرهەنگسازیی کوردی بێت.

ئەو شارەزایانەی ڕەشنووسی ئەم وشەنامەیەیان بینیوە و هەڵیان سەنگاندووە، ئەم بەرهەمە نەک هەر بۆ خودی زمانی کوردی بەسوود دەبینن، بەڵکوو وا مەزەندە دەکەن کە «بۆ ئاستی خوێندنی بەرایی لە زانکۆ و خوێندنی باڵا دەتوانرێ پشتی پێ ببەسترێت... و ئەو وشە و زاراوە و دەستەواژانەی شی کراونەتەوە بە سامانێکی بەنرخ» دەزانن.

ئەوەی لە بایەخی ئەم وشەنامەیەش زیاد دەکات ئەو وردەکارییەیە کە دانەر لە هەندێک لایەنی زمانەوانی و فەرهەنگسازیی ئەم وشەنامەیەدا کردوویەتی. دەنگ و شێوە دەنگەکانی خودی زاری هۆرامی ڕوون کراونەتەوە و لە دانانی ئەم وشەنامەیەدا چوار شێوە پیت لەڕووی پێویستییەوە و زیاد لە پیتەکانی ئەلفوبیێ ستانداردی زمانی کوردی بە کار هاتووە و پێویستیی بەکارهێنانیان ڕوون کراوەتەوە، بەڵام ئەم چوار شێوە پیتە تەنها تایبەتن بە شێوازی هۆرامی، واتا نابن بە بەشێک لەو ئەلفوبیێەی کە سەلمێنراوە و بەگشتی زمانی کوردیی پێ دەنووسرێت.

ئێمە لێژنەی فەرهەنگ لە ئەکادیمیای کوردی لەو بڕوایەداین کە چاپکردنی ئەم وشەنامەیە دەوڵەمەندکردنی بوواری زاراوە و فەرهەنگسازی زمانی کوردی دەگەیەنێت.

لێژنەی فەرهەنگ