پێشکەش بێت

از کتاب:
فەرهەنگی وشەنامە
اثر:
جمال حبیب الله فرج «بێدار»
 2 دقیقه  1677 مشاهده
  • بە گیانی باوکم، ئەو باوکەی کە هەڵۆی مەرگ زۆر زوو فڕاندی لێم و، هەر بە منداڵی منی لە نازی بێ بەش کرد و، نەیهێشت تاسەمان لە یەکتر بشکێت. نەیهێشت سیمای لە چاڵ و چۆڵەکانی مێشکمدا جێگیر بێت.
  • بە گیانی دایکی خوالێخۆشبووم (عدلە محمد خوداداد)، ئەو دایکەی کە جێگای باوکیشی گرتەوە بۆم. بەو نەخوێندەوارییەی خۆی چڵەپۆپەی دڵسۆزی بۆم نواند، پاکترین پەروەردەی کردم، سەرەتاکانی ئاخاوتن هەر لەوەوە فێر بووم، چەندان ساڵ بە بێوەژنی و هەتیوباری، بە دیارمانەوە مۆم ئاسا خۆی ئەتواندەوە و ڕێگەی پێگەیاندن و پەروەردەی بۆ ئێمە ڕۆشن ئەکردەوە، تا دوا هەناسەی ژیانی سۆز و میهرەبانی خۆی لێ نەگرتینەوە.
  • بە هاوسەری هێمن و ئارام و بەوەفام «ئەختەر»ی مەلا کەریمی دەگاشێخانەیی، کە لە دانانی ئەم فەرهەنگەدا ئەو پەڕی یارمەتی دام. هەر پرسیار و هەر داوایەکم لێ کردبێت، هیچ کامیانی بێ وەڵام نەهێشتووەتەوە. بەڵێ، بەو خوێندەوارییە زۆر کەمەیەوە، لە مەیدانی شێوەزاری هۆرامیدا، تەواو لێزان و وریا و زیرەکە، ئەتوانم بڵێم: گرنگترین سەرچاوە بوو بۆم لە بەشە هۆرامییەکەی فەرهەنگەکەدا و، ئەوپەڕی سوودی پێ گەیاندم.
  • بە گیانی پاکی ماندووی بێ باکی شادمانی هەموو هۆرامییەکی ڕەنجدەر. ڕەنجبەر، کۆڵێش، کۆڵبەر، کۆکەن، باخدار، ڕەزدار، جووتیار، سنعەتکار، دەڵوەتدار، هەربەنە، زەحمەتکێش، مافخوراو، ستەمدیدە، خوێندەوار و نەخوێندەوار، هەژار و دەوڵەمەند، دەنگ خۆش و بەهرەمەند، گەورە و بچووک، بەویقار و ڕۆح سووک، قسە خۆش و زمان شیرین، لە هەر کوێدا هەن و دەژین.
  • بە هاوڕیێ سەردەمی قوتابێتی و سەربازی و مامۆستایەتیم «م. عبدالله عبدالعزیز» ئێناخی، کە لە وەڵامی هیچ پرسیارێکمدا درێغی نەکرد.
  • بە یەکە یەکەی ڕۆڵە دڵسۆز و پاکەکانی نەتەوەی کوردی پارچە پارچە کراوی ماف زەوت کراو. بە تایبەتی ئەوانەی هەستی پاکی نەتەوایەتیان هیچ گەردێک نایگرێت و، شەیدا و ئەوینداری گوڵزاری زمانن و، لەرەی ئاوازە و ناسکیی وشە، خونچەی ئارەزووی دڵی پاکیان دەپشوێنێ.

جمال حبیب الله فرج «بێدار»

٢٠٠٣/٠٩/٢٧ - هەڵەبجەی شەهید