پەیدابوونی وتە و زمان

از کتاب:
فەرهەنگی خاڵ
اثر:
شێخ محەممەد خاڵ
 3 دقیقه  2666 مشاهده

وتە وشەیەکە کە بۆمەبەستێک دانرابێ. وتار گوفتارێکە کە هەموو کەسێک مەبەستی دڵی خۆی پێ بەجێ دێنێ. پەیدابوونی وتە و زمان بەهۆی کۆمەڵایەتیی ئادەمییەوە بووە، ئەگەر کۆمەڵایەتی نەبوایە پێویست نەدەبوون بەتێگەیاندنی یەکتری لەو مەبەستانەی کە بەدڵیاندا هاتوچۆی کردووە و، ئەگەر پێویستیش بە تێگەیاندن نەبوونایە قسەکردن نەدەبوو و، ئەگەر قسەکردنیش نەبوایە ئیمڕۆ وتە و زمان نەدەبوو کە وابوو هەرچی وتەی ئادەمی هەیە هەمووی زادەی کۆمەڵایەتییە.

زۆر لە زانایانی زمان بەلایانەوە وایە کە وتە یەکەمجار لە دەنگەوە {نشأة اللغة عند الانسان والطفل} وەرگیراوە، واتە لە دەنگی گیاندار و با و باران و ئەوشتانەی کە لە کردەوەیەکی ئادەمیزادەوە پەیدا دەبێ وەک دەنگی لێدان و کوتان و شکاندن و گەلێ شتی تر. ئینجا مەبەستیان لە گێڕانەوەی یەکێک لەو دەنگانە باسی ئەو شتە بووە کە دەنگەکەی لێوە هاتووە یا باسی شتێک بووە کە بەخاوەنی دەنگەکەوە بووە و، لەگەڵ گێڕانەوەی ئەو دەنگانەدا جوولانەوەی سەر و دەست و چاو و ئەندامیشیان بەکار هێناوە بۆ پیشاندانی درێژی و پانی و ئەستووری و قەبارە و چۆنێتیی ئەو شتەی کە قسەیان لێ کردووە، لەپاشا بەرە بەرە بەپێی پێشکەوتن و بەرزبوونەوەی ئادەمی و زۆربوونی پێویستانی و بەهۆی سەرکەوتنی بە پلەی شارستانێتیدا وتەیان زۆر بووە و جوان بووە.

یەکێک ئەگەر باش وردبێتەوە لە وتەی «باڕە» و «باعە»ی مەڕ و بزن و«بۆڕە»ی گا و«تەقە»ی تفەنگ و «جروکە» و «جریوە»ی چۆلەکە و «جووکە» و «جیکەی» جووجەڵە و «جیڕە»ی دەرگا و «چرکە»ی بنمیچ و «حەپە»ی سەگ و «حیلە»ی ئەسپ و «خرتە»ی مشک و «خرچە»ی شووتی لە کاتی لەتکردنی و «خڕە»ی گوێز و «خرمە»ی ترۆزی لەکاتی خواردنیدا و «خشە»ی بارە قامیش و «خوڕە»ی ئاو و «خوشە»ی شیر لە کاتی دۆشینیدا و «خیزە»ی سنگ و «زڕە»ی پارە و «زرمە»ی پێی وڵاخ و «زرنگە»ی پاوانە و «زیڕە»ی پڵنگ و «زیکە»ی مشک و «شڵپە»ی ئاو و «شڵقە»ی مەشکە و «شەقە»ی شووشە لەکاتی شکانیدا و «شریخە»ی هەورە تریشقە و «فیشکە»ی مار و «فیکە»ی لێو و «فڕە» و «ڤنگە»ی بەردی قۆچەقانی و «قاسپە»ی کەو و «قرتە»ی مریشک و «قرچە»ی دار لەکاتی شکانیدا و «قڵپە»ی گۆزە و «قڕە»ی بۆق و «قرمە»ی داری ئەستوور لەکاتی شکانیدا و «قۆرە»ی مانگا و «قووقە»ی کەڵەشێر و «قوڵپە»ی شتی شل لەسەر ئاگر و «کڕە»ی بەرداش و «کزە»ی مەنجەڵ لەسەر ئاگر و «کسپە»ی شیشی سوورەوەبوو لە کاتێکدا کە بکرێ بە ئاوی سارددا و «گارە»ی مریشکە بەکڕ و «گرمە»ی هەور و «گژە» و «گڤە»ی ڕەشەبا و «گیزە»ی مێشوولە و «لوورە»ی گورگ و «مڕە»ی سەگ و «مشە» و «منگە»ی لووت و «میاوە»ی پشیلە و «ویزە»ی ویزویزە و «هاڕە»ی تاڤگە و «هاژە»ی بارەگەڵا، ئینجا ئەگەر یەکێک لەم وتانە وردبێتەوە باوەڕ دەکا بەقسەکەی پێشوو کە وتمان سەرچاوەی وتان دەنگ بووە، نەخوازەڵا کە گوێ بگرین لە مناڵی ساوا لە کاتی زمان گرتنیدا و لێی وردبینەوە دەبینین کە زۆر شت ناو دەبا بەناوی ئەو دەنگەی کە لێوەی دێ وەک «بەعە» بۆ مەڕ و بزن چونکە دەباعێنێ و «جزە» بۆ گۆشت چونکە لە کاتی سوورکردنەوە و برژاندنیدا چز و هووڕی لێوەدێ و «حەبە» و «هەچە» بۆ گوێدرێژ چونکە بەم وتانە لێی دەخوڕن.