Ferhengi Newekan li VejinLex hate zêde kirin

2022/04/26 1564 Dîtin

«فەرهەنگی کوردی-ئینگلیزی» بەرهەمی «تۆفیق وەهبی (١٨٩١-١٩٨٤)» و «ئەدمۆندز (١٨٨٩-١٩٧٩، Cecil J. Edmonds)» یەکەم فەرهەنگی کوردیی ناوەندی بۆ ئینگلیزییە کە هەموو ستانداردەکانی فەرهەنگنووسیی نوێی لەبەرچاو گرتووە. ئەم فەرهەنگە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٦ لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیادا چاپ کراوە.

تایبەتمەندییەکانی فەرهەنگی وەهبی و ئەدمۆندز:

دیجیتاڵکردنی فەرهەنگی وەهبی و ئەدمۆندز

ئاسۆ مەحموودی، 2022/04/26

«فەرهەنگی وەهبی و ئەدمۆندز» شاکارێکی مەزن و مێژوویییە کە بەرهەمی دەیان ساڵ توێژینەوەی ئەو دوو زمانناسە گەورەیەیە. ئەگەرچی یەکێک لە باشترین فەرهەنگە کوردییەکانە بەڵام بەداخەوە کەم کەس دەیناسن و بە کاری دەهێنن.

کاری دیجیتاڵکردنی ئەم فەرهەنگەم لە ساڵی 2019ەوە دەست پێ کرد بەڵام بە هۆی قورسبوونی کارەکە و کێشەی جۆربەجۆری ژیانی خۆم نەمتوانی بەردەوام کاری لەسەر بکەم. ئێستا فەرهەنگەکەم (بەبێ دەستکاری لە ناوەڕۆکدا) بە شێوازێکی مۆدێرن ئامادە کردووە کە بۆ خوێندنەوە و بەکارهێنان ئاسانە و هەموو کەسێک دەتوانێت لەسەر پرۆژەی ڤەژینلێکسدا کەڵکی لێ وەربگرێت. لەم سەردەمەدا کە ئینگلیزی بووە بە زمانی نێونەتەوەیی و خواستی زۆرتری لەسەرە، هیوادارم وەشانی دیجیتاڵی ئەم فەرهەنگە بۆ کوردەکان بەسوودتر بێت و خزمەتێکی زۆرتر بە پێشکەوتنی کوردەکان و زمانی کوردی بکات.

ئەم وەشانە دیجیتاڵە پێشکەش دەکەم بە مامۆستا تۆفیق وەهبی! ئەگەرچی نەتەوەی کورد هێشتا پەیکەری زێڕینیان بۆی دروست نەکردووە بەڵام نرخی بەرهەمەکانی دەزانن و کەڵکیان لێ وەردەگرن!

هەنگاوەکانی کارەکە:

  1. سکەن و دەرهێنانی دەق
  2. سەرەتا فەرهەنگەکەم لە کتێبخانەی زانکۆ تاران وەرگرت و لاپەڕەکانیم سکەن کرد. پاشان بە بەرنامەی FineReader وێنەکانم کردەوە بە تێکست. بەداخەوە، لە زۆرێک لە وشە کوردییەکاندا کارەکتەرەکانی بە هەڵە ناسیبووەوە و ناچار بە هەموو وشەکاندا چوومەوە.
  3. جیاوازکردنی شێوەی نیشاندانی زانیارییەکان
  4. دەقی فەرهەنگەکە بەبێ ڕەنگ و بە یەک قەبارە چاپ کرابوو و تەنیا بە بۆڵد و ئیتالیک زانیارییەکان جیا کرابوونەوە. ئەگەرچی بەرنامەی FineReader تا ڕادەیەکی باش بۆڵد و ئیتالیکی ناسیبووەوە، بەڵام ئاکامەکەی هەڵەی زۆریشی تێدا بوو. دەقەکەم بردە ناو بەرنامەی Word و بۆ هەر جۆرێکی زانیاری (مانای ئینگلیزی، شرۆڤەی ئینگلیزی، ژێروشەی کوردی، نموونەی کوردی، part of speech، etymology و...) ستایڵ (style) ی تایبەتم دروست کرد. بە Find and Replace و دەستنیشان کردنی Format/style و هەروەها دانانی shortcut بۆ ستایڵەکان، کارەکەم خێراتر کردەوە. هەر کام لە ژێروشەکان و مانا جیاوازەکانی سەروشەکانیشم خستە هێڵێکی نوێ بۆ ئەوەی دۆزینەوە و خوێندنەوەیان ئاسانتر ببێتەوە.
  5. جێگۆڕکردنی کورتکراوەکان
  6. نووسەرانی فەرهەنگەکە، بۆ ئەوەی قەبارەی کتێبەکە کەمتر دەربچێت، سەدان کورتکراوەیان بە کار هێنابوو. لە هەندێک وشەشدا، مانای سەرەکیی ئینگلیزی لە ژێروشەکاندا بە کورتکراوی هێنرابوو. ئەمانە بووبوونە هۆی سەرلێشێوان و ئەستەمبوونی بەکارهێنان. بە یارمەتیی کۆدەکانی regular expression لە گەڕاندا، دانە بە دانە کورتکراوەکانم دۆزییەوە و لەگەڵ وشە تەواوەکاندا جێگۆڕم کردن. هەروەها لە ژێروشەکانیشدا لە جێی دووپاتکردنەوەی سەروشەکە، هێمای ~ دانرابوو، کە بۆ ئاسانکاریی خوێنەران کردمنەوە بە سەروشەکە و بە ڕەنگێکی جیاواز دیاریم کردن.
  7. ئەلفوبێی تایبەت و کێشەی گەڕان
  8. وشە کوردییەکانی ئەم فەرهەنگە بە ئەلفوبێیەکی تایبەتی لاتینی نووسراون کە جیاوازە لە ئەلفوبێی هاوار. نووسەران تەنانەت چەند فۆنیمی تایبەتی شێوەی سلێمانیشیان پاراستووە (ḍ ṭ ö ü). لە لایەکەوە بۆ گەڕان و بەراوردکردنی لەگەڵ فەرهەنگەکانی دیکەی پرۆژەی ڤەژینلێکس پێویست بوو کە ئەلفوبێکەی نوێ بکرێتەوە، لە لایەکی تریشەوە بە هیچ شێوەیەک نەمدەویست دەستکاریی ئەسڵی فەرهەنگەکە بکەم. ناچار لە داتابەیسەکەدا fieldێکی نوێم کردەوە بۆ سەروشەکە بە ئەلفوبێی ئێستای کوردیی ناوەندی. ئیتر لە کاتی گەڕان بە ئەلفوبێی عەرەبیدا وشەکان دەدۆزرێنەوە و لە دەرکەوتندا هەر وەک چاپکراوی فەرهەنگەکە دەمێننەوە.