پێشەکی

Li pirtûka:
Andeek Dictionary
Berhema:
Hesen Hemed Endeki
 4 Xulek  718 Dîtin

نکۆڵی ناکرێت لە بە ترۆپک گەیشتن و بەرز هەڵکشانی گێتی لەهەنبەر شارستانیەت و ژیارییدا، کە هەمیشە هاوتەریب لە گەڵ بەرەو پێشڤەچوون و نوێبوونەوە و مۆدێرینەی رۆشنبیری و زانستیدا لە رەورەوەیەکی کراوەو سەردەمی دا مرۆڤ ژیان دەگوزەرێنێ.

بۆیەش کرداری تەکاندان، هەنگاونان، پێشکەوتن، کردارێکی خۆڕسک نییە و ئاسایی نییە، بەڵکو ووزە و گوڕو تینی مرۆڤایەتی و کارلێکردنی رۆشنبیری و سەرەتایی گەلانی گێتی ئەم گەردوونەیە.

هەربۆیەش تا شەپۆڵەکانی زانست لە بەرزبوونەوە دابێت، مرۆڤ لە راستیدا زیاتر پێویستی بە کەرەستەی دەربڕینە کە ئەویش زمانە، هەربۆیە مرۆڤ پێویستە زمانی دایک بە پاک ورەوانی بزانێت و لەپاڵ ئەمەش دا زمانەکانی تر هەوڵی بۆ بدات و شارەزاییان لێ وەربگرێت و فێرببێت تاکو کەسێکی چاوکراوەو بەتواناو شیاوی لێ دەربچێت.

بۆیە تاکی خودان زانست و رۆشەنبیر بۆ مەرامی بە ئاگابوون و زانیین فەرهەنگ ودک ئامرازێکی بەهێز و زیندوو بۆ فێربوون دەکارێنن. هەربۆیەش دانان ونووسینی فەرهەنگ لە بەرایی مێژوو دا دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەژدەمدا لە ئاکامی کاری چل فەلسەفە کار و لێکۆڵەرەوەی فەرەنسی بوو بە ئینسکلۆپیدیایکی ‎٢٨‏ بەرگی کە بە (ئینسکلۆپیدیای دیدێدرۆ) بەم هەنگاوەشەوە فەرەنسا توانی خێرا خۆی لە ئاکامە ئیجابیەکانی مۆدێرنیتە خاوەن بەش بکات. بەلام دیرۆکی فەرهەنگ نووسین لە ناو کوردا دەگەرێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی ‎٧‏ هەم و (فەرهەنگانوو بەهاری ئەمەدی خانی).

لە راستیدا کاری نووسین بە گشتی و تایبەتیش لە بواری دانانی فەرهەنگ کارێکی بەرز و پیرۆز و گرانە ، کاتێکی زۆر، ماندووبونێکی بێ شومار، بەدواداگەڕانێکی یەکجار زۆر و پرس و رای دەوێت. هەر بۆیەش کەسانی زانست خواز و رۆشەنبیری گەلەکەمان لە بوارە جیاجیاکان (بایلۆجی، کیمیا، ئەدەب، گفتوگۆ، جۆراوجۆر،... هتد) فەرهەنگیان ئامادەکردوە کە ئەمیش کەم یان زۆر کەسانی فەرهەنگخواز سوودیان لێ وەرگرتووە، بەلام ئەوەی بەرچاو دەکەوێت

فەرهەنگێکی تایبەت لە بواری (کشتوکاڵ - گیانەوەران) بەزمانی ئینگلیزی - کوردی نەبوو، بۆیە بەڵێنم دا کە کار بۆدانانی فەرهەنگێکی کشتوکاڵی بکەم سوپاس بۆ یەزدانی مەزن دوای ماندووبوون و کۆکردنەوەی سەرچاوەی جیا جیا توانیم ئەم فەرهەنگە ئامادە بکەم و بیکەم بە دیاری بۆ کتێبخانە گەورەکەی کوردستان تاکو لاوانی کورد تیایدا سوود مەن بن.

بیرۆکەی ئەم فەرهەنگە کاتێک دروست بوو کە دەبینرێت کوردستان بە گشتی دەڤەرێکی شاخاوی و دەشت و دەرێکی بەر فراوان و بە پیتی هەیە بۆ کشتوکاڵە جیاجیاکان لە گەڵ هەبوونی چەندین ئامادەیی پیشەیی کشتوکاڵ و کۆلیژی کشتوکاڵ بۆیە پێویستیەتی و گەرەکیەتی فەرهەنگێ لەم بوارە خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات.

بۆیە لە چوارچیوەی ئەم فەرهەنگەدا و هەولم داوە ئەو ووشانە بکارێنم کە پەیوەندیان بەژیانی گوندو کشتوکاڵیەوە هەیە و بیخەمە ناو ئەم فەرهەنگە، لەگەڵ ناساندنی باڵندە جیاجیاکانی کوردستان و دەرەوی کوردستان لەگەڵ ئەو پەیڤ و ووشەو ئامرازانەی کە لەژیانی جوتیاری دا بە کار دێت هەروەها ئاماژە بە چەندین نەخۆشی ئاژەڵ و زیندەوەرەکان کراوە واتە ووشەکان زیاتر تایبەتن لە بواری (کشتوکاڵ، باڵندە، گیانلەبەران) ئەو شتانەی کە پەیوەستن بە ژیانی کشتوکاڵی و بەخێوکردن و ژیانی ئاژەڵداری.

لە دوماهی دا هەرچەندە مرۆڤ زیرەک و بەتوانا بێت خەڵکی بە تواناتر و زیرەکتر هەیە، ئەوەی هەڵەش نەکات تەنها خودای گەورەیە. هەربۆیەش بەرێز و سوپاسەوە، سوپاسی ئەو خوێنەرە بەرێزانە دەکەم لە کاتی خوێندنەوەیان هەر هەڵەیەکیان بەرچاو کەوت بەو ناونیشانە ئاگادارمان بکەنەوە بە ئامانجی چاکردنەوەی لە چاپی دووەمدا، بەهیوای سوودمەندی بۆ هەموو لایەک.

حەسەن حەمەد عەبدوڵڵا ئەندێکی

هەولێر

2009

E-mail:hassanandeke@yahoo.com

Mobil: (0750)448446