وتەیەک لە خالد محەممەد خاڵ

Li pirtûka:
Ferhengî Xall
Berhema:
خالد محەممەد خاڵ
 2 Xulek  1217 Dîtin

خوالێخۆشبووی باوکم وەک ڕۆشنبیرێکی دڵسۆز بە نەتەوەکەی لە زۆر زووەوە هەستی کردووە بە گرینگیی دانانی فەرهەنگێک کە زۆربەی وشەی کوردی بە هەموو لەهجەکانی کوردستانی گەورە بگرێتە خۆی بۆ پاراستنی زمانەکەمان لە فەوتان. بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە میللەتی کورد فەرهەنگێکی ئەوتۆی نەبوو کە ئەم کەلێنە گرینگە پڕ بکاتەوە. شێخی خاڵ لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا (١٩٣٥) چووە ژێر ئەم بارە قورسە گرینگە پڕ سەروەرییەوە. بێ ئەوەی کەرەستەیەکی ئەوتۆی لەبەردەمدا بێ کە یارمەتیی بدا و ئەرکی سەرشانی تۆزێک سووک بکات. بەڵام هیمەتی پۆڵایین و شەوقێکی بێ سنوور و خۆشەویستییەکی زۆر بۆ گەل و نیشتمانیی پاڵی پێوەنا کە ئەم ئەرکە گەورەیە بخاتە ئەستۆی خۆی. لە ماوەی ٤١ ساڵی بەردەوامدا، واتە لە ساڵی ١٩٧٦دا توانی ئەم پڕۆژە گەورەیە تەواو بکات بەشێوەیەک کە ڕەزامەندیی نەتەوەی کوردی لەسەر بێ و، لەلایەن پسپۆڕانی زمانی کوردییەوە بە کورد و بێگانەکان دەستخۆشکەریی لێ کرا و، بەفەرهەنگێکی نۆبەرە لە قەڵەم درا و، بە سێ بەرگ کەوتە بازاڕەوە.

زۆر جار باوکم لە مەجلیسەکانیدا دەیفەرموو خۆزگە بمتوانیایە ئەم سێ بەرگەم بکردایە بەیەک بەرگ و، وەک «المنجد»ی عەرەبی بەوێنەوە لە چاپم بدایە. بەڵام ڕووی نەبوونی ڕەش بێت. شێخ محەمەدی خاڵ،

بەداخەوە، تا ئەم جیهانەی بەجێ هێشت لە ساڵی ١٩٨٩دا نەیتوانی ئەم ئاواتەی بەجێ بێنێ.

ئێستاش وا بەهیمەت و کۆششی دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس، ئەم ئاواتەی باوکم و هەموو خوێنەرانی کورد هاتەدی. سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای ناوبراو، بە بەڕێوەبەر و هەموو کارمەندانی کە بەشێوەیەکی

ڕەنگین ئەم ئەرکە گەورەیەیان ئەنجام دا. لە یەزدانی گەورەم داوایە کە دەزگای ناوبراو هەر لە گەشە و پێشکەوتندا بێ لە خزمەتی وێژە و هەموو بوارە جیاجیاکانی ڕۆشنبیری کوردیدا و، هەر فاکتەرێکی گەورە بێت لە خەباتی پڕ شانازی و سەروەریی نەتەوە نەبەزەکەماندا.